لەتیف شێخ مستەفا: پیشاندانی وێنەی تۆمەتبار لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا دژی مافەکانی مرۆڤە





میترۆ، NRT
دادوەرێک رایدەگەیەنێت، پیشاندانی دانپێدانانی تۆمەتباران بە ڕەنگ و دەنگ لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا دژ مافی مرۆڤە و روونیشیکردەوە، تۆمەتبار تا ئەو رۆژەی دادگا تاوانەی دەسەلمێنێت بێتاوانە.

حاکم شێخ لەتیف داوەر لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە فەیسبووک باسی لەوەشکردووە، ھەرچەندە کەیسەکە گرنگ بێت و تاوانەکەش گەورەبێت "بیانوو نیە بۆ پیشاندانی تۆمەتباران لە قۆناغی لێکۆڵینەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تۆمەتبار بێ تاوانە و دەبێ ھەرواش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت تا ئەو ڕۆژەی لەلایەن دادگایەکی عادل تاوانەکەی بەسەردا ساخ دەبێتەوەو حوکم دەدرێت".

حاکم شێخ لەتیف دەشڵێت، "تەنانەت دوای حوکمدانیش نابێ سوکایەتی بە کەرامەتیان بکرێت و بەڕەزامەندی خۆیان نەبێت نابێ وێنەو دەنگ و ڕەنگیان بڵاو بکرێتەوە، ئەگەر ئەم تۆمەتبارانە ھەندێکیان یان ھەمویان لە کاتی دادگایی کردندا بێ تاوان دەرچون چی قەرەبووی خۆیان و کەس و کاریان دەکاتەوە؟!"

ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لەو کەسانەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە سەرپەرشتیکردن و دەستهەبوون لە رووداوێکدا تۆمەتبار دەکرێن، ڤیدیۆی دانپێدانانەکانیان بێ شاردنەوەی روخساریان بڵاودەکرێتەوە، لەکاتێکدا هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دابوون و دادگا تۆمەتەکەی بەسەردا ساغنەکردوونەتەوە.




PM:12:09:27/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌