دەسبەسەركردنی رۆژنامەنوس زوبێر برادۆستی سەركۆنە دەكەین







میترۆ
سلێمانی، 27ی تەموزی 2019: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت دەسبەسەركردنی پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەنوسییەو سەركۆنەی دەكەین و داواش لە وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات دەستبەجێ دەخالەت بكات بۆ دیاریكردنی چارەنوسی و ئازادكردنی.

ماوەی هەفتەیەكە سەنتەری میترۆ لەگەڵ سەرنوسەری ئاژانسی رۆژنیوز بە مەبەستی دیاریكردنی چارەنوسی برادۆستی لە پەیوەندیاین، بەڵام تا ئێستا چارنوسی نادیارە.

شنە فایەق سەرنوسەری ئاژانسی رۆژ نیوز بە سەنتەری میترۆی راگەیاند هەفتەیەكە لەلایەن هێزێكی پێشمەرگەی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پەیامنێری دەزگاكەمان زوبێر برادۆستی، لە سنوری برادۆست، دەست بەسەر كراوە و تاكو ئێستاش هیچ هەواڵێك لەبارەیەوە نییە. وتی" پەیوەندیمان بە فەرماندەیی لیوای هەڵگوردەوە كرد پێان راگەیاندین كە لای ئەوان نییە"

لە مانگی ئازاری ئەمساڵیش زوبێر برادۆستی، نزیكەی 24 كاتژمێر بەبێ بڕیاری دادوەر لە گوندی دەشتی هیرتێ دەستگیركرا پاش ئازادكردنیشی رایگەیاند "ئاگاداریان كردوومەتەوە، كە لەو شوێنانەی بارەگاكانی دەوڵەتی توركی تێدایە نابێت بە هیچ شێوەیەك لێدوانی خەڵك وەربگریت و باسی داگیركاریی بكەن، ئەگەر دەتانەوێت لەسەر ئەو بابەتە كار بكەن، ئەوا لە سنووری سلێمانی كاربكەن، نەك لێرە".

بە هۆی تۆپباران و بۆردمانی رۆژانەی سوپا و هێزی ئاسمانی توركیا، ناوچەیەكی فراوانی سنوری كوردستانی عێراق و توركیا بوون بە ناوچەیەكی مەترسیدار بۆ خەڵكی مەدەنی، ناو بە ناو سەنتەرۆی میترۆ سكاڵای لە رۆژنامەنوسانەوە پێدەگات، كە هێزی پێشمەرگە رێگە نادات میدیاكان روماڵ بكەن. یان لە كاتی روماڵكردنی هەواڵی ناوچەكە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت دەسبەسەركردنی پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەنوسییەو سەركۆنەی دەكەین و داواش لە وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات دەستبەجێ دەخالەت بكات بۆ دیاریكردنی چارەنوسی و ئازادكردنی.

هەروەها میترۆ ئەو لێدوانانە رەتدەكاتەوە كە تۆمەتی سیخوڕی دەخاتە پاڵ ئەو رۆژنامەنوسەو یا هەر رۆژنامەنوسێكیتر كە لەو ناوچانە كار دەكەن، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە زانیاری بدات بە خەڵكی مەدەنی و رۆژنامەنوسان سەبارەت بەو ناوچە فراوانەی سنوری كوردستانی عێراق و توركیا، كە كام شوێنە ناوچەی گەرمی شەڕە و ناوچەیەكی مەترسی بۆ خەڵكی مەدەنی و رۆژنامەنوسان.

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.
میترۆ بە پێی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بە پاڵپشتی هەر یەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS) دەنیماركی ، (Internews)ی ئەمریكی، كاریكردوە.
بۆ پەیوەندی:
07701528887 بۆ عەربی
07700004147 بۆ كوردی


PM:12:13:27/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌