نەوژین تاکە ڕۆژنامەی ژنانە بووە بەهیوای ژنانی گەرمیان



میترۆ، رۆژنیوز 
ڕۆژنامەی نەوژین تاکە ڕۆژنامەی تایبەت بە ژنانە لە گەرمیان و لەلایەن گروپێک ژنی گەنجەوە بەڕێوەدەبرێت، پەیامنێر و کارمەندانی ڕۆژنامەکە بە سەکۆی ئازار و توانا و سەرکەوتنەکانی ژنانی گەرمیانی دەبینن، هەروەها ئاستەنگییەکانی بەردەم کارەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ ئەقڵییەتی پیاوسالاریی.

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ڕۆژنامەیەک بە ناوی نەوژین کە ڕۆژنامەیەکی تایبەتمەندە بە پرسەکانی ژنان لە گەرمیان و مانگانە بە سپۆنسەری ڕادیۆی دەنگ بڵاودەکرێتەوە، لەلایەن ١٦ ژنی گەنجەوە بەڕێوەدەبرێت و یەکەم ژمارەی لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوبووەتەوە و تائێستاش ٣٢ ژمارەی لێ دەرچووە و بەردەوامە.


زریان محەمەد یەکێک لە پەیامنێرانی نەوژین سەبارەت بەکاری ڕۆژنامەکەیان بۆ ڕۆژنیوز، وتی، ڕۆژنامەکەیان لەڕووی بابەتییەوە گرنگی دەدات بە هەموو بوارەکانی ژنان  و ئەو بوارانەی کە ژنان تێیدا جێدەگرن وە بە کێشە و ئازار و توانا و سەرکەوتنەکانی ژنان و منداڵان و و بابەتی جۆراوجۆر، بەلای زریانەوە "نەوژین جوانترین هەنگاو و کارە لە گەرمیان کە ستافێکی ژن بەڕێوەی دەبەن و پێکدێن لە ١٦ کەس و ئەو ژمارەیەش جێگیرنییە، کارکردنی ژنانی ئاسایی کردەوە لەسنوورەکە و کار لەسەر جوانکردن و ئاسایی کردنەوەی دەرکەوتنی ژنانیش دەکات لە ناو کۆمەڵگای گەرمیان".


زریان باس لەوە دەکات، کە نەوژین دەرگایەک بووە بۆ ژنانی گەرمیان کە بتوانن بە خەونەکانیان بگەن، دەشڵێت: لە ڕووی سیستمی کارکردنەوە ئێمە جیاوازین لەهەموو دەزگاکانیتر کە سەرنوسەرێکی دیاریکراومان نییە و پێکەوە پلان و بەرنامەی کار دادەنێین و هەر مانگە و یەکێکمان دەبینە سەرنوسەر ئەمەش لە پێناو هاندان و پێشکەوتنی زیاتر".

هەروەها هاوژین مەهدی پەیامنێرێکی دیکەی ڕۆژنامەکەیە، دەڵێت نەوژین ڕۆژنامەیەکی بێ بەرامبەرە و بەخۆڕایی دەیبەخشن، دوای دەرچوونی لەلایەن ستافەکەی خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە و دەیبەینە کتێبخانە و بەڕێوبەرایەتی و شوێنە گشتی و فەرمییەکان و ئەو جێگایانەی کە خوێنەر و ژنانی زیاتر لێیە، "لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەکی زۆر گەرم و باشمان لێدەکرێت و کاتێک دەیدەین بە کەسێک داوای ژمارەی دواتریشمان لێدەکات".


خۆشبین جەلال ژنێکی دیکەی پەیامنێری نەوژینە، دەربارەی ئاستەنگییەکانی بەردەمیان لە ڕۆژنامەکەدا دەڵێت:"لە کاتی کارکردندا زۆربەی ئەو بابەتانەی کەلەسەر کێشەکانی ژنان دەیکەین ژنان یان ئامادەنین لێدوانمان بۆ بدەن یان نایانەوێت ناویان بهێنین، هەندێک جاریش لایەنە فەرمییەکان بە جدی و بە گەرمییەوە پێشوازیمان لێناکەن بۆ لێدوان، بەهۆی ئەقڵییەتی پیاوسالارییەوەیە، کە بەشێک لە پیاوانی کۆمەڵگا بە چاوێکی هەڵە تەماشامان دەکەن و جاروبار لەسەر سۆشیال میدیا بە خراپەکار و هاندەری ژنان دژ بە پیاوان ناومان دەبەن، کە لە ڕاستیدا وانییە و کاری ئێمە بۆ لابردنی بەربەست و ناکۆکی و جیاوازییە ڕەگەزییەکانە".





AM:11:52:17/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌