یادی ویداد حسێن لەلەندەن بەرز ڕاگیرا
PM:04:55:19/08/2019
میترۆ
لە سێهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس ویداد حسێن بە ناونیشانی باردۆخی ڕۆژنامەنووسان و ڕەوشی میدیای ئازاد لە هەرێمی کوردستان،  رۆژی شەممە 17ی ئاب، لە لەندەن پایتەختی بەڕیتانی سمینارێک بۆ بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دیاری ئەحمەد و ڕۆژنامەنووس ژاڵە محەمەد لەلایەن فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق ئەنجامدرا.

سمینارەکە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ تیرۆری ویداد حسێن و سەرجەم قوربانیانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد و دواتر دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و بە وتەیەکی سەردەشت عوسمان سمینارەکەی دەست پێکرد و جەختی لەوەشکردەوە کە ئەم زنجیرە تیرۆرانەی  لەژێر سایەی ئەحزابی دەسەڵاتدارێتی خۆماڵیدا کراوە هەموویان تیرۆری سیاسین و دەسەڵاتداران لێی بەرپرسیارن و ڕاشیگەیاند هەوڵەکانیان  بەردەوام دەبێت شانبەشانی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و بەسزاگەیاندنیان لە دادگایەکی جەماوەری.

لەدەستپێکی سمینارەکەدا ژاڵە محەمەد ڕۆژنامەنووس باسی لە گرفتەکانی بەردەم رۆژنامەنووسان و یاسای تایبەت بە کاری رۆژنامەنووسی و ئازادی بیروڕاو دەربڕین و هەروەها ژینگەی کاری میدیایی و نەبوونی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کرد  کرد و هەروەها باسی لە ڕێگرییەکانی بەردەم کاری رۆژنامەنووسان کرد و ئەو مەترسییانەش کە لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد هەیە و بەردەوام ڕووبەڕووی دەبنەوە و داواشی لە ئامادەبووان کرد کە پاڵپشتیان بن و دەنگی ئەوان بگەیەنن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دەرەوەی کوردستان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

لای خۆشیەوە دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ باسی لە کار و ئامانجەکانی سەنتەرەکەیان وەکوو سەنتەری داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان کرد و ئامادەبووانی لە مەترسییەکان و داتا و ئامارەکان و رێگرییەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان ئاگادار کردەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە ئامارەکانی تیرۆر و هەڕەشە و ترس و تۆقانی ڕۆژنامەنووسان لەکوردستان جێگای نیگەرانیە و بەردەوامیشە. وتیشی ناوەندە نێودەوڵەتیەکانیش ئاگاداری ئەو باردۆخەن و جەختی لەوەش کردەوە کە گرنگیدان بەو بابەتە و کارکردن لەسەری لەلایەن ئەو کەسانەی لەدەرەوەی وڵاتن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لای ئەوان جێگای بایەخ و گرنگی پێدانە.

لە بەشی دووهەمی سمینارەکەدا کە تایبەت بوو بە پرسیار و وەڵامدانەوە، ئامادەبووان پرسیاریان لە سەر رەوشی ڕۆژنامەنووسی و میدیای ئازاد لە کوردستان و باردۆخی سیاسی هەرێم و هەروەها دۆسیەی چەند ڕۆژنامەنووسێک کە لە ئێستادا لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە  ژیانیان لە مەترسیدایە و لە ژێر هەڕەشە و فشاردان کرد، لەلایەن ژاڵە محەمەد و دیاری محەمەد وەڵامی پرسیارەکان درایەوە و دیاری محەمەد وەکوو بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ سەبارەت بەو دۆسیانە وەڵامی ئامادەبووانی دایەوە و ئاگاداری خۆیان لە بابەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانە ڕاگەیاند و وتیشی بەرپرسانی ئەمنیان لەو بابەتانە ئاگادار کردۆتەوە و پێشیان ڕاگەیاندوون کە پاراستنی ژیانی ئەو کەسانە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە.

لە کۆتایی سمینارەکەدا تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان ئیدانە کراو جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەموو ئەو تیرۆرانە لە فکر و هزری خەڵکی کوردستان بە زیندوویی دەمێنێتەوە تا تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەن.