راگەیەندراوی‌ هاوبەش




میترۆ
ئەمرۆ پێنج شەممە 22ی‌ ئابی‌ 2019، لە ئۆفیسی‌ سەرەكی‌ سەنتەری‌ میترۆ لە شاری‌ سلێمانی‌ ئاژانسی‌ رۆژنیوز و سەنتەری‌ میترۆ كۆبوونەوە. 
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە رەوشی‌ هەردوو رۆژنامەنووسی‌ دەستبەسەركراوی‌ رۆژنیوز (زوبێر برادۆستی‌) كەلە 21ی‌ تەموزی‌ مانگی‌ رابردوو دەستبەسەركراوە و (بڕیار محمەد) لە 21ی‌ ئاب لە هەولێر دەستبەسەركرا.

هەردوولا هاوڕابوون كە ئەم بڕیارانە بەشێكن لەو فشارانەی‌ كە دەخرێنەسەر ئاژانسی‌ رۆژنیوز بەمەبەستی‌ بەرتەسكردنەوەی‌ كاروچالاكیەكانیان كە دەرئەنجام پێشێلكاری‌ ئازادی‌ رۆژنامەنووسیە و داوایانكرد هەردوو پەیامنێرەكەی رۆژنیوز دەستبەجێ‌ ئازادبكرێن.

لەكاتی‌ بەڕێوەچوونی‌ كۆبوونەوەكە لە ڕێگەی‌ پەیوەندی‌ تەلەفۆنی‌ رێكخەری سەنتەری میترۆ لەگەڵ بەڕێز وەزیری‌ پێشمەگەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان (شۆڕش ئیسماعیل) ، بارودۆخی‌ دەستبەسەركردنی‌ هەردوو رۆژنامەنووسەكەی‌ بۆ رونكرایەوە كە هەردوكیان بەپاساوی‌ ئەوەی‌ كە"پێشمەرگەن" دەستبەسەركراون و لێپێچینەوەی‌ سەربازیان لەگەڵ دەكرێت.

لە بەشێكی‌ دیكەی‌ پەیوەدییەكە " وەزیری‌ پێشمەرگە بەڵێنی‌ بەسەنتەری‌ میترۆدا كە بەدواداچوون بۆ هەردوو كەیسەكە بكات".

هەروەها سەنتەری میترۆو رۆژنیوز پەیوەندییان بە بەڕێز ئازاد حمەد ئەمین نەقیبی رۆژنامەنوسانمە كرد، بەڵێنی دا بە دواداچوون بۆ دەستبەسەركراوان بكرێت.


PM:01:48:22/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌