راگەیاندراوێك لە دامه‌زراوه‌ی کوردستان24ـه‌وه‌




میترۆ، K24

بەڕێوەبەرایەتی دامەزراوەی کوردستان24 له‌ باره‌ی داخستنی نووسینگه‌كانی له‌ رۆژئاوای كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: رێگریکردن لە کاری ئێمە لەلایەن ئیدارەی باکووری سووریاوە، جگە لەوەی دژی ئازادی رۆژنامەوانی و پرەنسیپەکانی دیموکراتییە، ئاماژەیەکی خراپ و ترسناکیشە بۆ شێوازی ئیدارەکردن و ئازادییەکانی تاك و کاری میدیایی و سیاسی، کە لەو رووەوە بەردەوام رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئیدارەی باکووری سووریا دەگیرێ و ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەکی دیکە.


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌


بەڕێزان/


سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان


سەندیکای رۆژنامەڤانانی کوردستان- سووریا


فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان


رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور


وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا


وەزارەتی دەرەوەی رووسیا


وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا


وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا


وەزارەتی دەرەوەی شانشینی یەکگرتوو


ئەنجوومەنی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا


رێکخراوی فریدەم هاوس (Freedom House)


رێکخراو و دامەزراوەکانی داکۆکیکار لە ئازادی رۆژنامەوانی


دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 بۆ توێژینه‌وه‌ و راگه‌یاندن، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکە له‌ رۆژئاوای كوردستان "باكووری سووریا" به‌ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی له‌ ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌، له‌ كاری رۆژنامه‌وانی به‌ ره‌چاوكردنی بنه‌ما پیشه‌ییه‌كان، به‌رده‌وامه‌. جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ته‌واوی به‌ڵێننامه‌ و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، جه‌خت له‌ ئازادی رۆژنامه‌وانی و ئازادی راده‌بڕین ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ زۆربه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ و ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچەیە، تیمه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانمان گیانی خۆیان خستووه‌ته‌ مه‌ترسی و  بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی میدیا و ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، کەچی ئەوەی مایەی نیگەرانییە مانگێك زیاترە به‌ بڕیاری چه‌ند كه‌سێكی ناو ئیداره‌ی رۆژئاوای كوردستان و به‌بێ هیچ هۆكارێكی واقیعی، كاركردنی دامه‌زراوه‌كه‌مان له‌ رۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا) راگیراوه‌ و مۆڵه‌ته‌كه‌شیان هه‌ڵپه‌ساردووین. لەو ماوەیەش ھەوڵ و دانووستانمان لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوا  بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانمان، بێ ئەنجام بووە، بۆیە بە ھەموو لایەکی رادەگەیەنین، بڕیارماندا چیتر چاوەڕوان نەبین و بە ناچاری نووسینگەکەمان لەو وڵاتە، دابخەین و پشت بە سەرچاوەی دیکەی زانیاری میدیایی لە شار و شارۆچکە و ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان ببەستین، کە رەنگە ئەمەش بەپێی خواست و ویستی ئێمە نەبێت.


رێگریکردن لە کاری ئێمە لەلایەن ئیدارەی باکووری سووریاوە، جگە لەوەی دژی ئازادی رۆژنامەوانی و پرەنسیپەکانی دیموکراتییە، ئاماژەیەکی خراپ و ترسناکیشە بۆ شێوازی ئیدارەکردن و ئازادییەکانی تاك و کاری میدیایی و سیاسی، کە لەو رووەوە بەردەوام رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئیدارەی باکووری سووریا دەگیرێ و ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەکی دیکە.


کاری پەیامنێرەکانمان لە کاتی داگیرکردنی عەفرین، رزگارکردنی منبج، رەقە، دێرزوور و ناوچەکانی دیکەی سووریا، گەواهیدەری بێلایەنی و پیشەیی بوونی ئێمەن، چاوی کامێراکانمان تاکە سەرچاوەی میدیاییەکانی جیهان بوون لە منبج و عەفرین، گەیاندنی هەڕەشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، لە رێگەی پرسیاری پەیامنێرانمان لە پرێس کۆنفرانس و لووتکە و کۆنگرە و گردبوونەوە جیهانییەکان، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن کە کوردستان24 هیچ کات دژی بەرژەوەندی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان نەبووە، بەڵکوو هەمیشە لە بەرژه‌وه‌ندی خەڵك و خواستەکانیان کاری کردوە و باشترین خزمەتگوزاریی میدیایی پێشکەشکردووە، هەموو لایەکیش پرسیاری پەیامنێرەکانمان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رووسیا، کۆشکی کرملین و ئیلیزێ، بروکسل و چەندین پایتەختی دیکە، دەبینن کە چ جۆرە بابەتێك دەوروژێنن.


لە قۆناخی داهاتووی کارەکەماندا لە رۆژئاوای کوردستان، هەر وەکو پێشووتر ئێمە پابەندی بنەما پیشەیی و پرەنسیپەکانی کاری میدیایی دەبین و بەوپەڕی ھاوسەنگی و بابەتییبوونەوە، مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان دەکەین و بۆچوونی تەواوی لایەنەکان لەبارەی تەواوی پرسەکان لەناو کارەکانمان جێدەکەینەوە، بایەخدان بە پرسەکانی هاووڵاتییانی رۆژئاوای کوردستان و کێشەکانی رۆژانەیان کاری لە پێشینەمان دەبێ.


ئەگەرچی بە بڕیارێکی سیاسییانە، دوور خرابینەوە، بەڵام نزیکتر دەبین لە بینەر، بیسەر و خوێنەرانمان و هەوڵ دەدەین وەك پێشوو، رووداو و پێشهاتەکان بە زووترین کات و باشترین شێوە بگەینین و رای گشتی  و جیھانی لە کێشە و ئاڵۆزی و خەمی ھاووڵاتیان ئاگادار بکەینەوە.


بۆ هەماهەنگی زیاتریش، چەندین کەناڵی پەیوەندی بۆ پەیام و ناردنی هەواڵ و داواکاری و کێشەکانی خەڵك لە ماوەی داهاتوو دەکەینەوە و  دەتوانن بە شێوازێکی جیاواز لەگەڵمان بەردەوام بن.


بەڕێوەبەرایەتی دامەزراوەی کوردستان24


2/9/2019


PM:01:12:02/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌