نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەک ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات
میترۆ، ئاوێنه
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای كرد كە بەپەلە گفتوگۆ لە نێوان حكوومەتی عێراق و خۆپیشاندەراندا ساز بكرێت و جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئازادی رادەبڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە مافێكی سەرەكییە، هەموو كەسێكە و دەبێت رێزی لێ بگیرێت.
لە راگەیەندراوێکدا ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و تیادا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیكەوە چاودێری پێشهاتەكان دەكات لە عێراق، هەروەها هەست بە نیگەرانی قوڵ دەكات لەهەمبەر ئەو ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو لە عێراق بوونەتە قوربانی.
هاوکات بەپێی راگەیەندراوەكە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە لایەنەكانی عێراق كردووە كە دان بەخۆدا بگرن و رێگری بكەن لە توندوتیژی.لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس بە ئامانجی هێوركردنەوەی رەوشەكە، داوای كردووە كە بە پەلە گفتوگۆ لە نێوان حكوومەتی عێراق و خۆپیشاندەراندا ساز بكرێت و، جەختیش كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئازادی رادەبڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە مافێكی سەرەكیی هەموو كەسێكە و دەبێت رێزی لێ بگیرێت.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراقی گرتەوە و لە میاندا پێكداهەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی قوربانیان ئەو خۆپیشاندانانەی كە شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراقی گرتۆتەوە، گەیشتۆتە ١٠٠ كەس.
AM:11:17:05/10/2019
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه