له‌ ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ناوەندی چوار کەناڵی تەلەفزیۆنیی لە بەغدا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە




میترۆ، رۆژنیوز 
کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسانی عێراق ئەوەی ئاشکرایکردووە، کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ناوەندی چوار کەناڵی تەلەفزیۆنیی لە بەغدا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، لەناویشیاندا کەناڵی فورات-ی سەر بە ڕەوتی حیکمە مووشەکباران کراوە.


ئەمڕۆ کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسانی عێراق بەیاننامەیەکی لەسەر هێرشکردنە سەر نووسینگە و ناوەندی کەناڵەکانی ئێن ئاڕتی عەرەبی، دیجلە، فورات و عەرەبییە حەدەس بڵاوکردەوە.


بەپێی بەیاننامەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشک هێرشکراوەتەوە سەر ناوەندی کەناڵی فورات لە شەقامی ئەسفەر لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا، کە سەر بە ڕەوتی حیکمەی عەممار حەکیمە، تاوەکو ئێستاش زیانەکانی ئەو هێرشە ڕووننەبوونەتەوە.


کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە شەوی ڕابردوو ژمارەیەک چەکدار کە زیاتر لە ٥٠ ئۆتۆمبێلیان پێبووە، هەڵیانکووتاوەتە سەر ناوەندی کەناڵی دیجلە و دواتر ئاگریان تێبەرداوە.


هەر شەوی ڕابردووش لە بەغدا هێرشکرایە سەر ناوەندی کەناڵی ئێن ئاڕتی عەرەبی و کەناڵی عەرەبییە حەدەس، دواتریش تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕتی ڕایگەیاند، کە چەکدارەکان ئامێر و کەلووپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیان شکاندووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە".


ماوەی پێنج ڕۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەغدای پایتەخت و بەشێک لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتووەتەوە، بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراقیش، تائێستا زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و زیاتر لە ٤ هەزار کەسیش برینداربوون.


PM:12:11:06/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌