ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد
PM:12:16:06/10/2019


میترۆ، سبه‌ی‌ 
وەک هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران، ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەک بڕیاری دەرکردو سەرۆک وەزیرانیش جەخت دەکاتەوە، رێنماییەکانی مەرجەعیەت جێبەجێ دەکات و گوێ لە خۆپیشاندەران دەگرن.


شەوی رابردو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامداو بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە کۆبونەوەکەداو وەک قۆناغی یەکەم (17) بڕیار دەرکرا، لەوانە؛ دابەشکردنی‌ زەوی‌ نیشتەجێبون بۆ ئەو کەسانەی‌ داهاتێکی‌ دیاریکراو و کەمیان هەیە لە بەغدا و پارێزگاکانی‌ دیکەی‌ عێراق، هەروەها تەواوکردنی‌ رێکارەکانی‌ دابەشکردنی‌ (17000) پارچە زەوی‌ بۆ ئەو کەسانەی‌ کە داهاتیان دیاریکراوە لە پارێزگای‌ بەسڕە لە ماوەی‌ کەمتر لە چوار هەفتەدا. دانان و جێبەجێکردنی‌ بەرنامەی‌ (100.000) یەکەی‌ نیشتەجێبون  لە تەواوی‌ پارێزگاکاندا و ئەو پارێزگایانەی‌ کە هەژارترینن پێشەنگ بن و ئەم بڕیارە زیاتر پارێزگا هەژارنشینەکان دەگرێتەوە.


بەپێی بڕیارەکە، هەمو پارێزگارەکان دەست دەکەن بە جیاکردنەوەی‌ ناوی‌ خێزانە هەژارنشینەکان لە پارێزگاکانیاندا لەپێناو هاوکاریکردنیان لەلایەن تۆڕی‌ چاودێری‌ خێزانی‌ و دابەشکردنی‌ زەوی‌ بەسەر ئەو خێزانە هەژارانەدا و ناوەکانیان لە ماوەی‌ دو هەفتەدا دەبێت بگاتە ئەنجومەنی‌ وەزیران، هەروەها (150.000) کەس کە توانای‌ کارکردنیان نییە یا لە کارەکانیان دورخراونەتەوە، مانگانە (175.000)هەزار دیناریان پێدەدرێت بۆ ماوەی‌ سێ مانگ کە بڕی‌ تەرخانکراو (78.500.000.000) ملیار دینارە. لەگەڵ پێدانی‌ هاوکاری چاودێری‌ کۆمەڵایەتی‌ بۆ ئەو خێزانانەی سودمەند نەبون بە بڕی‌ (600000) هەزار دینار بۆ هەر خێزانێک.


هاوکات وەزارەتی‌ بەرگری‌ عێراق لە رۆژی‌ (15/10/2019) دەرگای خۆبەخشی وەرگرتنی‌ گەنجانی‌ تەمەن (18 بۆ 25) ساڵ دەکاتەوە  لەرێی‌ ئەلکترۆنی‌ و شێوازی‌ راستەوخۆوە، لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی‌ پەروەردە رێوشوێنی‌ پێویست دەگرێتە بەر بۆ دامەزراندنی وانەبێژە خۆبەخشەکان لە پڕۆژە یاسای‌ بودجەی‌ ساڵی‌ (2020)دا.


بەشێکی تری بڕیارەکان تایبەتە بە وەزارەتی‌ کشتوکاڵ و تیایدا هاتوە؛ رێوشوێنی‌ پێویست دەگیرێتەبەر بۆ لێخۆشبون لەو باج و کرێیانەی‌ کە دەکەوێتە ئـەستۆی‌ جوتیاران و ئەم بڕیارەش تا (31/12/2019) دەبێت.


سەبارەت قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەش، بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئەو کەسانەی‌ لە خۆپیشاندانەکاندا شەهید بون هەمو جۆرە هاوکارییەک دەیانگرێتەوە و موچەو دەرماڵەی شەهید دەدرێت بە وارسەکانیان، ئەو کەسانەی‌ کە بریندار بون هەمو خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی‌ بێ بەرامبەر هاوکاری‌ دەکرێن.


لای خۆشیەوە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە؛ رێنماییەکانی مەرجەعییەت جێبەجێدەکەن و هێزە ئەمنییەکانیش پابەند دەکەن بە پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتییان و نابێت تەقە لە خۆپیشاندەران بکرێت.


هەروەک ئاماژەی بەوەکردوە، دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ خۆپیشاندەران کردوەتەوە و لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرن.