مانگی رابردو خوێناویترین مانگ بوە بۆ ژنان لە توركیا
میترۆ، سبەی
رێكخراوێكی بەرگریكار لە مافی ژنان رایدەگەیەنێت، مانگی ئەیلولی رابردو خوێناویترین مانگ بو بۆ ژنان لە توركیا و تیایدا (53) ژن كوژراون.
رێكخراوی (كوشتنی ژنان رادەگرین) رێكخراوێكی مرۆییە و چاودێری روداوی توندوتیژی دژ بە ژنان دەكات و لە راپۆرتێكدا كە لە رۆژنامەی (حوڕیەت) بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە مانگی رابردو (17) ژن بە دەستی هاوسەرەكانیان كوژراون و شەش ژنی دیكەش لەلایەن خزم و كەسوكاریانەوە كوژراون، پێنج ژنی تریش لەلایەن هاوڕێكانیان و هەروەها سیانی دیكەش لەلایەن كوڕەكانیانەوە كوژراون و دوانی تریش لەلایەن خوشكەكانیان و دوانی دیكەش لەلایەن هاوسەری پێشویانەوە كوژراون، ژنێكی دیكەش لەلایەن كەسێكەوە كوژراوە كە ناسنامەكەی دیاری نەكراوە، (17)ی دیكەش نازانرێت لەلایەن كێوە كوژراون.
هەر لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە كە لەسەرەتای ساڵی (2019)وە تا كۆتایی مانگی ئەیلولی رابردو (347) ژن لە توركیا كوژراون.
چاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی لە توركیا حكومەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان تۆمەتبار دەكەن بەوەی هەوڵی تەواوی نەداوە بۆ رێگری لە توندوتیژی دژی ژنان كە ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبونی داواكاریی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان لەدژی ئەوانەی تێوەگلاون لە تاوانی كوشتن.
لەگەڵ ئەو توندوتیژییانەی دژبە ژنان ئەنجام دەدرێت، راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەهۆی ئەو بارە نائاساییەی لەدوای كودەتا شكستخواردوەكەی ساڵی (2016)وە سەپێنراوە، مارەی ژنە دەستگیركراوەكانی ناو گرتوخانەكان گەیشتوەتە (17) هەزار ژن.
PM:12:21:06/10/2019
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه