پرۆژەیەكی نوێ بۆ رۆژنامەنووسانی كەمینەی ئاینی و نەتەوەیی
PM:01:28:28/10/2019

میترۆ


رێكخراوی گەشپێدانی مەدەنییەت CDO و سەنتەری میترۆ METRO، بە پاڵپشتی حكومەتی ویلایه‌تە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، پرۆژەیەكی نوێ لەبارەی میدیای كەمینە ئاینی و نەتەوەییەكان لە چوار پارێزگا رادەگەیەنێت.


ئەمڕۆ دووشەممە (28ی تشرینی یەكەم 2019) لە ئۆفیسی سەرەكی رێكخراوی CDO هەردوو رێكخراو رێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەو پرۆژەیەی لە لایەن حكومەتی ئەمریكا رەزامەندی لەسەر دراوە.


لەو خولانەدا وانەی تایبەت سەبارەت بە شوناسی پێكهاتە ئاینییەكان و شێوازی ئامادەكردنی هەواڵ و راپۆرت و چیرۆك لەسەر ئاین و نەتەوەكانیان پێشكەشدەكرێت، بە ئامانجی ئامادەكردنی رۆژنامەنوسی تایبەتمەند لەناو پێكهاتەكان خۆیان و ئامادەكردنیان بۆ كار كردن لەناو دامەزراوەكانی میدیای لە هەرێمی كوردستان.


بۆ ئەم مەبەستە هەردوو رێكخراو بە پاڵپشتی حكومەت یویلایه‌تە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پێنج خول بۆ 100 رۆژنامەنوسی پێكهاتانەكانی ئاینی و نەوەتەیی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و موصل و دهۆك و كەركوك رێكدەخات، تا هاندەر بێت بۆ رۆژنامەنوسانی پێكهاتەكان كوزارشت لە تایبەتمەندی خۆیان بكەن و گەشە بە كلتور و زمان و داب و نەریتی خۆیان و كەلەپوری میللیان بدەن.


پرۆژەكە لە ماوەی ساڵێكدا جێبەجێدەكرێت، هەر خولێك بۆ ماوەی (3) رۆژ دەبێت و (20) رۆژنامەنوسی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەیی ئەو ناوچانە بەشدار دەبن، پاشان لەناو میدیاكانی ناوچەكانی خۆیان بۆ ماوەی مانگێك كاری پراكتیكی دەكەن. بۆ ئەمە مەبەستە هەردوو رێكخراو لەگەڵ هەندێ دەزگای میدیا لێتگەیشتنیان هەیە.


ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر پێشخستنی لایەنی پیشەیی رۆژنامەنوس و كردنەوەی دەرگای زیاتر بۆ تێگەیشتن لە فرەیی نەتەوەیی و ئاینی كۆمەڵگەی عێراقی و كوردستانی و قوڵكردنەوەی پێگەوە ژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی.


هەروەها پرۆژەكە وێستگەیەكیش دەبێت بۆ پتەوكردنەی پەیوەندی نێوان بەشداربوانی ئەو خولانە كە لە ناوچە جیاجیا كە گوزارشت لە فرە رەنگی كۆمەڵگای عێراقی و كوردستانی دەكەن، هەردوو رێكخراو تۆڕێكی پەیوەندی دروستدەكەن بۆ بەردەوامی پردی پەیوەندی نێوانیان.


لە كۆتایی پرۆژەكە هەردوو رێكخراو كۆنفرانسێك بە ئامادەبوونی دەیان نوێنەری دامەزراوەی میدیاو بەشداربوانی خولەكە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان رێكدەخون ، ئەم چالاكییە بۆنەیەك دەبێت بۆ قسەكردن لەسەر پرۆژەكەو ناساندنی بەشداربوان و بەرهەمەكانیان.


رێكخراوی گەشپێدانی مەدەنییەت CDO و سەنتەری میترۆ METRO ، لە رێگەی رێكخراوە نێودەوڵتییەكان كە شەریكی هەردوو رێكخراون وانەبێژی نێودەوڵەتی بۆ ئەم خولانە ئامادە دەكات، بە ئامانجی دەرخستنی ئەزمونی گەلان لە مامەڵكردنیان لەگەڵ مافە سیاسی و مەدەنی و كلتوری و كۆمەڵایەتی و ئابوریەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و شوێنكەوتوانی ئاینەكان.


رێكخراوی گەشپێدانی مەدەنییەت CDO، رێكخراوێكی ناحكومی قازانج نەویستە ساڵی 1999 لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە، لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتحادی تۆمار كراوە، كار دەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاك و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بە پرنسیپەكانی دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ و ئاشتی ئازادی رۆژنامەنوسی، بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەشداری ژنان لە بواری سیاسی، پێشكەشكردنی یارمەتی یاسایی و چاودێری هەڵبژاردن.


سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
میترۆ لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، رێكخراوی (Internews) ی ئەمریكی، پاڵپشتی كردوە.