یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن
میترۆ
رۆژی چوارشەممە 30ی تشرینی یەكەمی 2019 لە كۆبونەوەی هاوبەشیاندا كە لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی «چمك» و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان METRO لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێككەوتن، بەئامانجی كاركردنی رێكخراوەیی و پرۆژەی هاوبەش:
1. بەرفراوانكردنی سنورەكانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەری، لە رێی پێداگریی لەسەر چەسپاندنی یاسای ژمارە (35) ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە(11) ی ساڵی 2013، مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان.
2. كاری هاوبەش بۆ چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ و كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان ئەنجام دەدەرێن.
3. هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی كاری پیشەیی میدیا و میدیاكاران لەهەرێمی كوردستاندا، لەرێی راپرسی، توێژینەوە و كۆنفرانسی ساڵانەوە.
4. هاندانی میدیا و میدیاكاران بۆ واژۆكردنی گرێبەستی كاركردنی پیشەیی نێوانیان و پابەندبوونیان بە ناوەڕۆكی ئەو بڕگانەی لەسەری رێككدەكەون. هاوكات بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵایانەی كە لە ناوەڕۆكی گرێبەستە واژۆكراوەكانیان پێشێل دەكەن.
5. كاراكردنی نوێنەرایەتی هاوبەشی هەردوولا لەو كۆڕ و كۆبوونەوە و گفتوگۆ گشتیانەی لەبارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەرییەوە دەكرێن.
6. رێكخستنی مەشق و راهێنانی بەردەوام بۆ رۆژنامەوانان، بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاریی لەبارەی یاسا و رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن.
شوان ئادەم ئەیڤەس رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی «چمك»
دیاری محمد قادر سەنتەری میترۆ METRO
PM:12:58:30/10/2019
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه