میترۆ و CDO مه‌راسیمێكیان رێكخست
PM:05:13:02/11/2019

میترۆ


به‌مه‌به‌ستی‌ رۆژی جیهانی كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكان دژ بە رۆژنامەنووسان، ده‌كرێت و وه‌ك ده‌رفه‌تێكیش بۆ پشتیوانی لە رۆژنامەنوسانی عێراق و ئازادی خۆپیشاندان دژ بە توندوتیژی هێزە ئەمنییەكان، به‌یانی‌ ئه‌مرۆ له‌ شاری‌ سلێمانی‌، سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسان و به‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ مه‌ده‌نیه‌ت CDO مه‌راسیمێكیان رێكخست. 




ده‌قی‌ وتاره‌كه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ و رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ مه‌ده‌نیه‌ت CDO 


ئامادەبووانی بەڕێز


ئەمرۆ رێكخراوی یۆنسكۆ و دامەزراوەكانی میدیا و رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە هەموو جیهان یادی ئەو كەسانە دەكەنەوە كە تەنها لەسەر پیشەكانیان كە كاری رۆژنامەنوسییە تیرۆركراون، یا لەبەرەكانی جەنگدا بە هۆی كارەكەیانەوە شەهید كراون و بكوژانیان دیار نین، یا بكوژەكان دیارن و دەستی یاسا نایانگاتی، ئەمرۆ هەموو جیهان لەگەڵً ئیوەدە نەفرەت لە بكوژو مافیاكانی تاوان دەكەن.


هەرێمی كوردستان و عێراق ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبونی بكوژان لەو تاوانانەی بەرامبەر بە میدیا و میدیاكاران ئەنجام دەدەرێن، بكەرانی تاوانەكان یا نەناسراون ، یان ناسراون و بە ئازادنە لەناوماندان و دەسەڵاتی یاسا لەبەردەمیان لاوازە. كەیسەكانی رۆژنامەنوسانی تیرۆركرا، سۆرانی مامە حەمە، دكتۆر عبدالستار تاهیر شەریف، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، ویدات حسێن نمونەی زەقی دەبازبوونی بكوژانە لە تاوان.


دەربازبوون لە سزا بەشێكە لە بازنەی توندوتیژی، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لە هەرێمی كوردستان ئیرادەیەكی سیاسی هەیە كە بیەوێت دژی بوەستێتەوە، وەڵامەكە: تا ئێستا نەخێر. بۆیە دەبێت خەباتی مەدەنی كۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە جۆشتر بن بۆ ئاشكراكردنی بكەرانی ئەو تاوانانە ، بە ئامانجی كۆتایهێنان بە كەلتوری دەربازبوون لەسزا و پەلكێشكردنی ئەنجام دەرانی بۆ بەردەم یاسا.


ئامادەبووانی بەڕێز


ماوەیەكە كۆمەڵێك داوای یاسایی بەرامبەر كۆمەڵێك رۆژنامەنوس لە شارەكانی هەولێرو كەلار تۆمار كراون، ئێمە لە سەنتەری میترۆ هەڵوێستی خۆمان، بە دەركردنی بەیاننامەو لێدوان بۆ میدیاكان خستە روو، كە پەنابردن بۆ یاسیەكی تر جگە لە یاسای رۆژنامەگەری لە كەیسەكانی رۆژنامەنوسان شێوازێكی تری فشارە بۆ سەر رۆژنامەنوسان و داوامان كرد هەموو ئەو كەیسانە لە چوارچێوەی یاسای كاری رۆژنامەنوسی بەڕێوەبچن، یاساكان نەكەنە ئامرازی تۆڵەسەندنەوە لە رۆژنامەنوسان. لێرەوە تاكید دەكەینەوە


• پێویستە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوە نەمێنێت.


• لەكاتی لادان و تاوان و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن كارمەندی بواری گشتی یاسا رێگەی داوە ئەو كارانەیان بۆ رای گشتی ئاشكرابكرێت، بۆیە باشترە لەبری سانسۆر و رێوشوێنە یاساییەكان ئەو كەسانە رێگەی وەڵامدانەوە هەڵبژێرن، خۆ ئەگەر رێگەی یاسایش دەگرن ئەوا با یاسای تایبەت بێت بە كارەكەمان ، یاسای كاری رۆژنامەگەری نەك یاساییەكی تر.


لەكاتێكدا مەراسیمی ئەمساڵ رێكدەخەین كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و میلیشیای نەناسراو، توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان ئەنجامدەدەن، سەنتەری میترۆو CDO بە توندی ئەو هێرشانە ئیدانە دەكات كە هێزە ئەمنییەكان و میلیشیا قەناص بەدەستەكان بەرامبەر بە خۆپیشادنەران و رۆژنامەنوسان ئەنجامییان داوە
دەبێت حكومەتی عێراقی بزانن، هێرشكردنە سەر میدیای ئازاد واتای هێرشكردنە بۆ سەر دیموكراتییەت . داوادەكەین حكومەتەكەی عادل عبدالمهدی دەسبەجێ ئەو هێرشانە رابگرێت، بكەرانیان رادەستی دادگا بكەن.


سڵاو لە شەهیدانی رۆژنامەنوسی كوردستان و عێراق
نەفرەت و ریسوابێت بكوژی رۆژنامەنوسان
هەر بژین
3-11-2019