یاسای ڕۆژنامەگەری هەرێم پەراوێز دەخرێت
میترۆ، NRT
سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئێستادا دادگاکانی هەرێم زیاتر کار بە یاسا عێراقییەکان دەکەن و خەریکە یاسای ڕۆژنامەگەری هەرێم پەراوێز دەخرێت.
لە ڕوونکردنەوەیەکیدا، لیژنەی داکۆکی لە ئازادی و مافی ڕۆژنامەنوسان – سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، هۆشداریدا لەوەی کار بە یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی ڕۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان، ناکرێت.
ئەو لیژنەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، "یاسای ژمارە ٣٥ دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک کەیس و سکاڵا بۆ لیژنەکەمان هاتووە کە دادگاکان مامەڵە بە یاسای ژمارە ٣٥ ناکەن و پەنا بۆ یاساکانی تری هەرێم، یاخود عێراق دەبەن".
زیاتریان وتووە، "لەو کەیسانەدا پەنابراوە بۆ یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و یاساکانی سزادانی عێراقی، و ئەمەش، ترسی ئەوەمان لا درووست دەکات کە ببێتە دیاردە و مەترسی بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنوسان".
ئەمەش لەکاتێکدایە، پسپۆڕانی یاسای ڕۆژنامەگەریی پێیانوایە کە یاسای ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی ڕۆژنامەگەری هەرێم، تا ئاستێکی زۆر باش مافەکانی ڕۆژنامەنوسانی تێدا ڕەچاوکراوە و پێویستە دادگاکانی هەرێم کاری پێبکەن، بەڵام بەم دواییانە و لە چەند حاڵەتێکدا، سکاڵا لەسەر ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس تۆمارکراوە بەپێی یاسا عێراقییەکان و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە یاسای کۆنن و وەکو ئەوەی هەرێم ئازادیی بە ڕۆژنامەنوسان نادەن.
AM:11:39:05/11/2019
ئهم بابهته 1076
جار خوێنراوهتهوه