دادوەرانی مانگرتوو لە گەرمیان ڕاگەیەنراوێکی پێنج خاڵییان ڕاگەیاند.. “بێدەنگ بوون ستەم و نادادیە”
میترۆ، ناس کورد
دوای یەک هەفتە لە مانگرتن، دادوەران و داواکارانی گشتیی مانگرتوو لە گەرمیان ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و داواکارییەکانیان لە پێنج خاڵدا کۆکردووەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2019، دەریانکردووە دەڵێن، “هۆکاری مانگرتنمان ڕوونە و کۆمەڵێک گرفتمان لەگەڵ سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان هەیە و هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردن بە بنبەست گەیشتوون.”
دەشڵێن، “بۆیە بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو ستەم و نادادیە بە جۆرێک لە ناڕەوایەتیی دەزانیین و لەگەڵ پیشەی دادوەرێتیمان یەک ناگرێتەوە، هەر بۆیە لەبەر بێ ئومێدیمان لە ئەنجومەنی دادوەری داوامان ئاڕاستەی پەرلەمان و حکومەت و دادگای پێداچوونەوەکرد بە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ لێکۆلینەوە لەڕەوشی دادوەری ئەم سنوورە.”
ئەوان داواکارییەکانیان لە پێنج خاڵدا کۆکردووەتەوە کە ئەمانەن:
یەکەم: ئەکتیڤکردنی ڕۆڵی داواکاری گشتی لە چاودێری و دژایەتیکردنی گەندەڵیی و پاراستنی ماڵ وسامانی گشتی، وە هەموارکردنەوەی یاسای داواکاری گشتی کە بە زەروورەتێکی هەنووکەیی دەزانیین و جێگەی دڵخۆشیە ئێستا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کردووە و پەلەبکرێت لە هەموارکردنەوەی یاساکە لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا.
دووەم: هەموارکردنەوەی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (23)ی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان.
سێیەم: دەرکردنی یاسای دەستەی سەرپەرشتیارانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان کە تائێستا بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری یاسای بۆ دەرنەکراوە کە کەلێنێکی یاسایی گەورەیە لە نەبوونی چاودێریکرنی کاری دادوەری لە هەرێمی کوردستان.
چوارەم: چاکسازیکردن و بە دامەزراوەکردنی سیتسمی دادوەری و دوورخستنەوەی دەستی حیزب و سەربەخۆیی دادگاکان.
پێنجەم: هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی بڕیاری سزادانمان کەلەلایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە دەرکراون بەگواستنەوەی دادوەرانیشەوە، چونکە بەنایاساییان دەزانیین و پشتی بە ڕاپۆرتی لیژنە نەبەستووە کە بڕیاڕبووە دروست بکرێت، تەنها کەسێک ڕاپۆرتەکەی نووسیوە و بێلایەنی نەپاراستووە و لە بەرژەوەندی سەرۆکی دادگای گەرمیان نووسیویەتی و تۆمەتی نابەجێ و ناهەقی داوەتە پاڵمان.
ههروهها ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهینانی دەسەڵات و دووبارەسزادانی نایاسایی دادوەران و داواکارانی گشتی له ژێرناوی بەرژەوەندی گشتییدا لهسهر ههڵوێستهكانیان.
لە کۆتاییدا دەڵێن، “لەم پرۆسەیەدا ئومێد دەکەین توانیبێتمان بەم مانگرتنەمان کە جۆریکە لە خەباتی شارستانی و مەدەنی پەیامێک بدەین بەڕای گشتی و جەماوەر کە چاکسازی لە بواری دادوەری کەمتر نییە لە بوارەکانی تر بەڵکو لە هەموو بوارەکانی تر گرنگترە، بەبێ سەروەر بوونی یاساو کاراکردنی ڕۆڵی داواکاری گشتی وە ڕێکخستنی سیستمی دادوەری، مەحاڵە و ناتوانیین هەنگاو بنێین بۆ چاکسازی لە بوارەکانی تر.”
PM:01:37:12/11/2019
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه