سەنتەری میترۆ: شەهیان تەحسین شایستەی خەڵاتەكەیە
PM:12:07:14/11/2019


میترۆ، رووداو
شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری بەناوبانگی رووداو لە لاسڤێگاسی ئەمریکا خەڵاتی رێزلێنانی بەهۆی بەرنامەی بەرپرسیارەوە پێبەخشرا، سەنتەری میترۆش سەرەڕای پیرۆزبایی لە شەهیان تەحسین و رووداو رایدەگەیێنێت، شەهیان شایستەی خەڵاتەكەیە.
 
لە راگەیێندراوێکدا سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان نووسیویەتی "سەنتەری میترۆ پیرۆزبایی لە شەهیان تەحسین پێشكێشكاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو دەكات بەبۆنەی خەڵاتكردنی لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان ( FIPP) لە ئەمریكا. خۆشحاڵین كە خەڵاتە نێودەوڵتییەكە لەپای كاریگەری (بەرنامەی بەرپرسیار)ـەوە بەخشرایە ئەو رۆژنامەڤانە هەڵكەوتووە کە (FIPP) كار و بەرنامەكەی بە مەزن، كاریگەر و داهێنەرانە وەسفكردووە".
 
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، رەخساندنی بواری یەكسان بۆ كچان و ژنانی رۆژنامەڤان لە دامەزراوەكانی میدیا لە كوردستاندا، زامنی دەرخستنی تواناكانیانە، "هیوادارین ئەو دەرفەتانە فراوانتربكرێن تاوەکو داهێنان و توانا مەزنەكانی میدیاكاری ژن دەربكەون". 
 
ئەمڕۆ کاژێر 19:30 خولەک بەکاتی ئەمریکا و 6:30 خولەک بەکاتی هەولێر، شەهیان تەحسین پێشکێشکاری بەنێوبانگی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی بەرنامەی بەرپرسیار و کاریگەرییەکانی لە چارەسەرکردنی دەیان کێشە لە کۆمەڵگەی کوردستان، لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP لە ئەمریکا خەڵاتکرا.
 
لەکاتی بەخشینی خەڵات بە شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو، سەرۆکی فیدراسیۆنی جیهانیی میدیایی رایگەیاند، ئەمساڵ خەڵاتی رێزلێنان دەدەینە چەند میدیاکارێک، یەکێکیان کارێکی زۆر مەزنی کردووە و کاریگەریی هەیە ئەویش شەهیان تەحسین ـە لە کوردستان.