گۆڤاریکی تازەی تایبەت بە ژنان بەڕێوەیە




ئاڵا لەتیف: کاتی ئەوە هات میدیای سەربەخۆی ژنان هەبێت.
میترۆ، هێڤی خالید

کۆمەڵێک روژنامەنوسى سەربەخۆى ژن لە کوردستان بەهاوکارى رێکخراوى پاڵپشتى میدیاى نێودەوڵەتى گۆڤارێکى تایبەت بە روماڵکردنى پرسەکانى ژنانى کوردستان دەردەکەن، یەک لە دەستەی نوسەرانیشی دەڵێت "کاتی ئەوە هات بێ پشکی حزب گۆڤارێکی ژنانەى سەربەخۆ هەبێت."

ئەو گۆڤارە بەناوى گۆڤارى ژن دەردەچێت، یەکەمین ژمارەى رۆژى 1/2/2015 لە بازاڕدا دەبێت.
 ئاڵا لەتیف یەکێک لە ئیدیتەرەکانى "گۆڤارى ژن" بە متیرۆى راگەیاند، گۆڤارى ژن گۆڤارێکى مانگانەى سەربەخۆ دەبێت و تایبەت دەبێت بەپرسەکانى ژنان لە هەرێمى کوردستاندا.

ئاڵا، مامۆستایە لە بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی و لە سەرەتای دەرچوونی رۆژنامەی "هاوڵاتی" کاریان لەگەڵ دەکات دەرچونی گۆڤارەکەی بە "هەوڵیک بۆ پاڵپشتیکردنى رۆژنامەگەرى ژن لە کوردستاندا" وەسفکرد.
بە بڕوای ئەو دەردەکردنی گۆڤارێکی لەو شێوەیە، بۆ تێپەڕاندنی "قۆناغی پشکی حزبە لە میدیای ژنانە" وتی "ئەوەندەى ئێمە درکمان پێکردووە کە زۆرینەى میدیاکانی کوردستان  بە بینراو بیسترا و راستەوخۆ یان ناراِستەوخۆ پشکی حزبە سیاسیەکانی تێدایە پشکداریان دەکرێت، لم  نێوەندەدا ژنانیش ئەو پشکەیان بەردەکەوێت."

وتیشى "کاتى ئەوە هاتوە ژنان خاوەنى میدیایەکى سەربەخۆى خۆیان بن کەراستەوخۆ تەعبیر لە پرسەکانى خۆیان بکات."
بەلاى ئەو ئیدیتەرەوە پرسى ژن  لە کۆمەڵگەى کوردیدا یەکێکە لەپرسە پەراویًزخراوەکان و پیاوان ناتوانن خاوەندارێتى ئەو پرسە بکەن، هەربۆیە دەیانەوێت لەرێگەى ئەم گۆڤارەوە هەلى گونجاو بڕەخسێنن بۆ هاتنەپێشەوەى ژنان و رێپیشاندانیان کە دەتوانن بەشدارییەکى پۆزەتیڤیان هەبێت لە ژیانى کۆمەڵایەتى و  سیاسى وبەڕێوەبردندا. وتى "تەنها واقعى تاڵ ێ نەهامەتیەکانى ژیانى ژنان پیشان نادەین، بەپێچەوانەوە لەرێگەى گێڕانەوەى ستۆرى ژنە سەرکەوتوەکانەوە دەمانەوێت ئەو هەستە لە ژناندا دروست بکەین کە هیوا بۆ گۆڕانکارى بە قازانجى ژن دوور نییە لەم کۆمەڵگەیەدا."
ئەو کەسانەى کاردەکەن لەو گۆڤارەدا کۆمەڵێک ژنى رۆژنامەنووسى سەربەخۆن، لەژمارە یەکی ئەم گۆڤارەدا تەنها بابەتی ژنە رۆژنامەنوسەکان بڵاوکراوەتەوە.
 بەڵام ئاڵا وتی "لەژمارەکانى داهاتودا رۆژنامەنووسە پیاوەکانیش تێیدا دەنوسن."

ئاشکراشى کرد، دەمانەوێت جۆرێک لە میدیایەکى تر پیشان بدەین کە میدیایەکى پڕۆفیشناڵ و بەکوالێتیەو کۆپى کردن رەت دەکاتەوە، وتی"ئەم گۆڤارە بەدواى ناونیشانى وروژێنەرەوە نیە، میدیایەکە کە راستەوخۆ دەست دەخاتە سەر برینەکانى ژنان و گەڕان بەدواى دۆزینەوەى چارەسەرى کێشەو گرفتەکانیان ئەمەٍە خاڵى جیاوازى ئێمە لەگەل گۆڤارەکانى دیکەى ئێستاى ناو بازاڕ."

وەک لە لاپەڕەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیسبوکدا هاتوە "گۆڤاری ژن گۆڤارێکى مانگانەیە یەکێکە لە پڕۆژەکانی رێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی IMS  کە تایبەتە بە بەخشینى زانیارى بە ژنان و هەلی گەیشتن بە ویستی خۆیان بە شێوەیەکی تەندروست.

 "ئەم گۆڤارە کاردەکات بۆ ئەوەى ژنان و کچان لە هەڵبژاردەکان ئاگادار بکەنەوە، هەلی پێ ببەخشین و یارمەتی بدەین لە گەشە کردندا تاکو بتوانین پەروەردەیان بکەین و لە مافەکانیان ئاگاداریان بکەینەوە کە ئەمەش بنەمایەک دادەنێت تاکو رۆڵی بەرچاویان هەبێت لە کۆمەڵگایەکدا کە پێویستی بە ژنە خۆى داکۆکی لە مافی خۆی بکات."


PM:11:01:27/01/2015




ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌