وتاری سەنتەری میترۆ لە مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتی كاوە گەرمیانی بۆ ئازادی رۆژنامەنوسی




میترۆ
لە درێژەی چالاکییەکانی ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانیدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ڕۆشنبیران، لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە قه‌زای‌ کەلار مەراسیمی‌  بەخشینی شەشەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەڕێوەچوو.


له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا سەرەتا وتاری مەراسیم لەلایەن دڵشاد ئەنوەر ڕۆژنامەنوس، هاوڕێ و هاوپیشەی کاوە گەرمیانی خوێنرایەوە، پاشان وتاری سەنتەری میترۆ و پارێزەرەکەی کاوە گەرمیانی و خانەوادەی کاوە گەرمیانی و چەندین وتار و پەیامی دیکە پێشکەشکران لەلایەن ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانەوە. 






ده‌قی‌ وتاره‌كه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ : 


بەڕێزان
خانەوادەی شەهیدی رۆژنامەنوسی كاوە گەرمیانی
رێكخەرانی ئەم مەراسیمە شكۆدارە
ئامادەبووانی بەڕێز
ئەمرۆ یادی رۆژنامەنوسێك دەكەینەوە، كە تەنها لەبەر لایەنگری حەقیقەت و ئاشكرا كردنی گەندەڵی هەندێك لە بەرپرسانی ئەم ناوچەیە مافی ژیانیان لێ سەندەوەو تیرۆریان كرد.


خۆ ئەگەر خەبات و فشاری بەردەوامی چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەنوسان نەبوایە، هەندێ لە حەقیقەتی ئەو تاوانە ئاشكرا نەدەبوو، وەك تاوانەكانی تری دەرهەق بە رۆژنامەنوسان دەشاردرایەوەو دەستی یاسا نەدەگەیشتە بكەری تاوانەكە.


بەڵام ئایا گەیشتن بە بكەری تاوان و ئاشكرا نەبوونی هاندەری تاوانەكە گەیشتنە بە عەدالەتی تەواو؟ وەڵامەكە نەخێرە، بۆیە ئەوە شەش ساڵە ئێمەو ئێوە و داكۆكیكارانی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەنوسی داوای ئاشكراكردنی ئەو تاوانبارە دەكەین كە شەریكی راستەقینەی بكوژە.


سەنتەری میترۆ لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا كە چاودێری رەوشی ئازادی میدیا دەكات بەو ئەنجامە گەیشتووە كە جیبەجێنەكردنی یاسا و بارودۆخی سزانەدانی تاوانباران وایانكردووە ژینگەی كاری رۆژنامەنوسان مەترسیدار بێت بەردەوام زەمینەیەكی لەبار هەبن تا تۆمەتبارانی توندوتیژی و بكوژانی رۆژنامەنوسان دەربازیان بێت لە سزا، رۆژنامەنوس كاوە گەرمیانی یەكێكە لە كەیسە دیارەكانی ئەم دیاردەیە.


ئێمە لە كاتێكدا یادی كاوەی هاوڕێ و هاوكارمان، چەند مەسەلەیەك بەرۆكی ئازادی رۆژنامەنوسی گرتووە، لەوانەش دادگاییكردنی رۆژنامەنوسان بەیاسای گشتی و فەرامۆشكردنی یاسای رۆژنامەگەری كە ئەم ساڵ سەنتەری میترۆ زیاتر لە 10 كەیسی لەو شێوەی چاودێری دەكات.


میترۆ لە هەڵوێستەكانیدا، هەروەها لە دوا دیداریدا لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری رامانگەیاندوە : كە هەموو پابەندین بە یاسای گشتی ، بەڵام كە یاسای تایبەت هەبوو بۆ توێژێكی دیاریكراو ئەو كات دادگاكان پەنا بۆ یاسا تایبەتەكە دەبەن بۆیە وتراوە " الخاص یقید العام".


حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەو راستییە بزانێت كە كەڵەكەبونی غەدرو پێشێلكاری و ناعەدالەتی رێزنەگرتن لە یاسا، ئەم بارودۆخە وەك خۆی ناهێڵێتەوە بەمەش خۆیان بە دەستی خۆیان، ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكدەدەن، دەرگا بە رووی دەیان ئەگەر دەخەنە سەر پشت.


دەبێت رێگا خۆش بكرێت تا رۆژنامەنووسان بتوانن بێ ترسی تۆڵەلێكردنەوە كارەكانیان ئەنجامبدەن، تەنانەت ئەگەر بێتوو لێكۆڵینەوە لەگەندەڵی و مەسەلە هەستیارەكانی تریش بكەن.


مەسەلەیەكی تر كە جیگای مشتو مرە ئەو ویستەیە كە دەیەوێت بە ناوی " ئەنجومەنی باڵای میدیا" ئەوەنەی تر یاسای رۆژنامەگەری و مافی زانیاری فەرامۆش بكرێت، ئێمە نامانەوێت بگەڕێنەوە دواوە، گومانمان لەو هەوڵانە هەیە، داوامان وایە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی میدیا پشتیوانی ئەو هەوڵانە نە بن و رەتیبكەنەوەو داوای سەروەربونی یاسا و جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری بكەن.


میترۆ لەم یادەدا سەرلەنوێ داوای لێكۆڵینەوە لە كەیسی رۆژنامەنوسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی‌و سەرجەم رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو دەكاتەوە، ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.


هەروەها داوای هاوپەیمانێتییەكی فراوانی رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان دەكەین، بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزاو باشتركردنی یاساكان و ئەو میكانزیمانەی كە كاریان گەرەنتیكردنی سەلامەتی رۆژنامەنووسان و ئازادی راگەیاندن و مافی دەسكەوتنی زانیارییە.


سەرشۆڕی بۆ مافیاكانی تاوان
سڵاو لە شەهیدانی رۆژنامەنوس، كاوە گەرمیانی و هاوڕێكانی.
سەبوری بۆ خانەوادەكانیان
سەنتەری میترۆ
5ی كانونی یەكەمی 2019


PM:08:33:05/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌