سلێمانی: ئەمساڵ ٢٣ فیلمی کورت و درێژ بەرهەمهاتووە




میترۆ، رۆژنیوز 
سینەما وەک پایەیەکی سەرەکی فەرهەنگ و کلتوری هەر نەتەوەیەک دادەنرێت، کە دەتوانێت ژێرخانی هونەریی وڵات پتەو بکات، لە هەرێمی کوردستان وێڕای کەموکورتییەکانی حکومەت و کەمی دەرفەت بۆ هونەرمەندان، لە ئەمساڵدا ٣ فلیمی درێژ و زیاتر لە ٢٠ کورتە فیلم لە پارێزگای سلێمانی بەرهەمهاتووە، سینەماکارانیش داوا دەکەن بایکۆتی زنجیرە فیلم و سینەمای تورکیی بکرێت، لە پێناو پێشخستنی بواری سینەما و هونەری کوردی.






بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٩دا، سێ فیلمی درێژ و زیاتر لە ٢٠ کورتە فیلمی سینەمایی بەرهەم هاتوون، جگە لەوەش ژمارەیەک دۆکیۆمێنتاری لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعشدا تۆمار کراون.


لەو ژمارە فیلم و دۆکیۆمێنتاریانەی کە لە ئەمساڵدا بەرهەم هێنراون، هەندێکیان لە چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ فیلم نمایشکراون، هەندێکیشیان لە قۆناغی بەرهەمهێناندان.


ئازاد پێنجوێنی، بەڕێوبەری بەشی سینەما لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بەوە دەکات: کاتی ئەوە هاتووە بکەوینەوە سەرپێی خۆمان و بتوانین ئەو ڕووداو و کارەساتانەی بەسەر کورد-دا هاتووە بیکەینە فلیم و دێکۆمێنتاریی و بینەر لەگەڵ سینەمای کوردی ئاشت بکەینەوە، ساڵانە چەند جارێک فێستیڤاڵ ئەنجام بدرێت بۆ نمایشکردنی ئەو فیلمانە.




پێنجوێنی ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری دەگرێت، کە "بە هیچ شێوەیەک هاوکاری سینەمای کوردی نین" و دەشڵێت: چەندین بابەتی مێژوویی و نەتەوەیی وەک هەڵەبجە، ئەنفال و ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین کەسایەتی شایستە و خەباتکاری وەک (سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبدوڵا ئۆجالان)مان هەیە، کە پێویستە لە ڕێگای سینەماوە بە جیهانیان بناسێنین کە هەریەکەیان دەتوانین زیاتر لە پەنجا فیلمیان لەسەر دروست بکرێت، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە چاوەکان بکرێنەوە و دڵەکان فراوان بکرێن بۆ ئەوەی سینەمای کوردی بگەیەنینە ئاستێک، کە هەرگیز وڵاتانی داگیرکەر بوێری نەکەن کلتوری ئێمە لەکەدار بکەن.


بەڕێوبەری بەشی سینەمای سلێمانی داواش لە هونەرمەدان و سینەماکاران دەکات، هونەری بێگانە و بەتایبەت هونەر و سینەمای تورکی بایکۆت بکەن، "چونکە دوورە لە کلتور و فەرهەنگ و هونەری کوردییەوە، چونکە ئەوە بە سینەماکاران و دەرهێنەران دەکرێت کە ڕێگربن لەو قازانجە زۆرەی تورکیا لە ڕێگای ئێمەوە دەستی دەکەوێت و بەهرە و هونەرەکانمان دەدزێت".


شاری سلێمانی کە بە پایتەختی ڕۆشنبیری ناسراوە و هەر لە کۆنەوە ژمارەیەکی زۆر ئارەزوومەند و بینەری سینەمای هەبووە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی ١٩١٠ بۆ یەکەمین جار سینەما ھێنرایە سلێمانی، کە ئەوکات سینەماکە بە پیل "پاتری" ئیشی دەکرد و لە خانەی شێخ ئەحمەد-دا لە گەڕەکی سابونکەران خەڵک بە شەو ڕوویان لێدە کردووە.


دواتر لە ساڵی ١٩٤٢دا سینەمای سەلاحەدین لە سلێمانی لەسەر دەستی دوو برا بە ناوەکانی  (ڕەمزی قەزاز و عومەر قەزاز) کرایەوە، کە دەکەوتە تەنیشت سینەما سیروانی ئێستا، دواتر سینەمای گۆیژە لە ساڵی ١٩٤٩ دروستکراو لە ساڵی ١٩٥٠ کرایەوە و پاشانیش سینەماکانی ڕەشید، سیروان و دڵشاد دروستکران.


لە ئێستاشدا دوو سینەما لە شاری سلیمانی نمایشی فیلم دەکەن ئەوانیش بریتین لە سینەما سالم و سیتی سینەما.


PM:12:01:30/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌