چەند زانیارییەك سەبارەت بە دیدارمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان



میترۆ، سلێمانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، داوای لە سەنتەری میترۆ كرد هەمئاهەنگی تەواو لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن بە ئامانجی باشتركردنی ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی و سەروەربوونی یاسای تایبەت بە زانیاری و رۆژنامەگەری.
• دیدارەكە كورت بوو بە مەبەستی رادەستكردنی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی بۆ ساڵی 2019 بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدرا.
• سەرەتا خۆشحاڵی دەربڕی بە چالاكییەكانی سەنتەری میترۆ وتی" ئێوە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە كار دەكەن، چالاكن، راپۆرتەكانتان جێگە متمانەن با هەموومان هەوڵی جدی بدەین تا ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی باشتر بكەین"
• رێكخەری سەنتەری میترۆ داوای لە سەرۆكی هەرێم كرد هاوكار بێت بۆ ئەوەی ئەمساڵ باسی كوردستان لە ناو راپۆرتە نێوخۆیی و رێكخراوە نێودەوڵتییەكان، باشتر بكرێن، لە بواری باشتركردنی رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەنوسی و بیروڕا، داخوازی رێكخراوەكانی ناوخۆ پشتگوێ نەخرێن، باسمان لەوەشكرد كە پرەنسیپی رەخنە و چاودێریكردنی ئەدای دامەزراوە رەسمییەكان، حوكمڕانی بەهێز دەكەن نەك پێچەوانەكەی.
• سەرۆكی هەرێم لەم بارەیەوە وتی" رەخنەو چاودێركردن وەك هەر مەسەلەیەكی تر دەبێت خزمەت بە حەقیقەت بكات نەك تەشهیر و چەواشەكاری" هەروەها وتی" دەبێت هەمووان مافیان پارێزراو بێت لە پەنابردن بۆ یاسا، جا هاوڵاتیی بێت یان رۆژنامەنوس" جەختیكردەوە " منیش پاڵپشتانم بەڵام كاتێك رۆژنامەنوس سنوری رەوشتی پیشەكەی خۆی دەبەزێنێت، دەبێت هەمووان كۆك بین لەسەر ئەوەی یاسای رۆژنامەگەری ئەو كەیسە چارەسەر بكات"
• هەروەها سەبارەت بە مامەڵەی خراپی هەر لایەك دژ بە رۆژنامەنوس وتی" پەنا بۆ دادگا بەرن ئێمە پشتیوانی بریاری دادگا دەكەین جا بەرامبەر هەر كەسێك بێت و لە هەر پۆستێكدا بێت".
• رێكخەری سەنتەری میترۆ باسی لە كۆبونەوەی جێگری سەرۆكی حكومەت
قوباد تاڵەبانی كرد كە لە 15ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو لە هەولێر بەرێوەچوو چەند رۆژنامەنوسێك و نوێنەرانی ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی و سەنتەری میترۆ و سەندیكای رۆژنامەنوسان ئامادەی بوون كە كاك قوباد پشتیویانی بۆ رۆژنامەنوسان دەربڕی كە لە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە پەنا بۆ یاسای گشتی نەبرێت.
سەرۆكی هەرێم كوردستان لەم بارەیەوە وتی" دیارە لەم راپۆرتەیش بە زەقی باستان لەو دیارەدەیە كردوە دەبێت یاسا سەروەر بێت، هەردوو یاسای رۆژنامەگەری و زانیاری كار بكرێن"
• رێكخەری سەنتەری میترۆ چەند پێشنیازێكی خستە بەردەم سەرۆكی هەرێم كە پەیوەندارن بە باشكردنی بارودۆخی رۆژنامەنوسان و كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لەسزا لە تاوانەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان.


• سەنتەری میترۆ لە هەموو دەرگایەك دەدات، نوێنەرایەتی خۆی و ئامانج و پرنسیپەكانی دەكات، بڕوای بە بایكۆتی دامەزراوە رەسمییەكان نییە، لەگەڵ هەمووان بە ئامانجی بەهێزكردنی مەبدەئی هەمئاهەنگی و لێكتێگەشتن كار دەكات.


PM:07:22:16/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌