میترۆ داوای ئاسانكاری دەكات بۆ گروپی جۆرناڵ




میترۆ
سەنتەری میترۆ رایگەیاند میدیا بە بابەتیبوون و پیشەییبوون، راستگۆیی و زانیاری راست، دەتوانێت وەك دەسەڵاتێكی گرنگی چاودێری رۆڵی گرنگی خۆی بگێڕێت و كاریگەری هەبێت لە پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و سیاسی.


ئێوارەی شەممە رێكەوتی 25 ی كانونی دوهەمی 2020، لە میانەی بەشداری رێكخەری سەنتەری میترۆ لە كۆڕێك بە ناونیشانی ئەر كی میدیا لەم قۆناغەدا كە گروپی جۆرناڵ بە هاوكاری كتێبخانەی هەژار موكریانی لە شاری هەڵەبجە، بۆ رێكخەری میترۆ، رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا، د. هونەر رەسوڵ، رێكخرابوو.


رێكخەری میترۆ لە میانەی قسەكانیدا رایگەیاند میدیاكانی هەرێمی كوردستان یان هەر شوێنێكی تر بە بابەتیبوون و پیشەییبوون، راستگۆیی و زانیاری راست، دەتوانن وەك دەسەڵاتێكی گرنگی چاودێری رۆڵی گرنگی خۆیان بگێڕێن و كاریگەرییان هەبێت لە پرۆسەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و وتی" ئەمەیش پێویستی بە رەخساندنی ژینگەیەكی كراوە هەیە بۆ كاری رۆژنامەنوسی و فراوانكردنی ئازادی رادەربڕین و سەروەری یاسا" جەختیكردەوە " بۆ ئەوەی میدیا متمانەی هەبێت لە هەموو قۆناغێكدا ئەبێت پابەندی رەوشتی پیشەیی بێت"


رێكخەری سەنتەری میترۆ داوایكرد "كۆسپەكانی بەردەم چالاكییەكانی گروپی جۆرناڵ لاببرێت و وەك ئاسانكارییەك مۆڵەتی كاركردنیان وەك گروپێكی رۆژنامەنوسی لە سەندیكای رۆژنامەنوس پێبدرێت، نەك لە ئاسایشی هەڵبجە."
هەروەها ئامادەبووان لە رێگەی دەربڕینی بیرو رای خۆیان و پرسیاركردن بەشدارییان لە گفتوگۆكاندا كرد.


گروپی جۆرناڵ، گروپێكی میدیاییە لە ساڵی 2018 وە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە كار دەكەن بۆ پێگەیاندنی میدیاكارانی ناوچەكە.




فۆتۆ: هۆزان هێرش 


AM:11:11:26/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌