خزمەكان هاوسەرگیری پێكەوە ناكەن
ميترۆ ، ئاژانس
لە ماوەی 14 مانگدا زیاتر لە 100 كوڕ و كچی كورد بە شێواز و مەراسیمی زەردەشتی هاوسەرگیرییان كردووە، لە زەردەشتیدا نابێت ئەو كچ و كوڕانەی هاوسەرگیریی دەكەن خاڵۆزا و پوورزا و ئامۆزای یەكتری بن، هەروەها ژنهێنانی دووەمیش مەرجدارە و ڕێگەی پێ نادرێت، بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״، كە لە پیری زەردەشتییان و نوێنەرەكەیان لە وەزارەتی ئەوقاف دەستی كەوتووە، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار كەس پەیڕەوی زەردەشتی دەكەن لە هەرێم.
كیانوسی تەمەن ٣٥ ساڵ، پێنج ساڵە پەیڕەوی ئایینی زەردەشتی دەكات، لە سروت و ڕێوڕەسمی ئایینی زەردەشتیدا، ئاشنای بەنازی تەمەن ٢٨ ساڵ دەبێت، پاش یەكترناسین بڕیار دەدەن ئەڵقەی هاوسەرگیری بگۆڕنەوە، دوو مانگە لە ژیانی نوێدان، كیانوس بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پەیوەندیمان بە یەسناوە كرد و ئەوانیش مەراسیمێكیان بۆ كردین״.
״مەراسیمی هاوسەرگیریمان زەردەشتییانە بوو، بەناز جلوبەرگی سپی پۆشی و لەچكێكی سووری بەسەرەوە بوو، منیش جلوبەرگی شاڵم پۆشی، دواتر پشتوێن سێ گرێیان بۆ بەستم، كە مانای بەستنی پەیمانە، مارەییش گوڵێكم پێشكەش كرد و هاوسەرەكەشم ملوانكەیەكی پێشكەش كردم، سروتی تایبەتی هاوسەرگیرییان خوێند و بەدوایدا وتمانەوە، ئەڵقەی پەیمانمان گۆڕییەوە و دوو نەماممان ڕواند״، كیانوس وا دەڵێت.
مەراسیمی هاوسەرگیریی زەردەشتی حەوت ڕۆژ دەخایەنێت، دۆست و كەسوكاریان كۆ دەبنەوە، خواردن و خواردنەوە ئامادە دەكەن، بەڵام لە ئێستادا گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە سێ ڕۆژە.
״لە ئایینی زەردەشتی مەرج نییە كە كوڕ و كچەكە ئاڵتوون بكڕن، بە پێی پارە و ئەو داراییەی هەیانە بۆ یەكتری دەكڕن، نەیان بێت نایكڕن״، كیانوس وای وت.
شێوە و جۆری مارەكردن و هاوسەرخواستن لە زەردەشتیدا، كوڕان لە تەمەنی ١٦ ساڵی و كچان لە تەمەنی ١٨ ساڵی بە ڕەزامەندیی دایك و باوكیان هاوسەرگیری دەكەن، شوكردنیش پێنج جۆرە.
جۆری یەكەم پادشا ژنی، كە كچ و كوڕ بۆ یەكتری دەبن لەم دونیا و لەو دونیاش، دووەم كولفەت ژنی، بۆ بێوەژنی و بێوەپیاوی، جۆری سێیەم خۆرسە ژنی، بێ ڕەزامەندیی دایك و باوك كچ و كوڕێكی پێگەیشتوو هاوسەرگیری دەكەن لە دەرەوەی پەرستگا لای مۆبێت، كە دادگای تایبەتی زەردەشتییانە بۆی هەیە مارەیان بكات، هەرچی جۆری چوارەم و پێنجەمە هاوسەرگیریی كچ وكوڕی تاقەنەیە كە لابراون بە كۆی دەنگی زانایانی زەردەشتی و پێی دەڵێن سەتەر ژنی و ئەیوگ ژنی.
ئاوات حوسامەدین، نوێنەری پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە زەردەشتیدا ناتوانرێت فرەژنی بكرێت، لە یەك دوو دۆخدا نەبێت، وەكو نەخۆشیی ئیفلیجی و شێتی و شەكرە، حاڵەتی دووەم نەبوونی منداڵخستنەوە كە دەبێت چەند ساڵێك لەگەڵیدا بژی بە پێی پزیشك ئینجا دەتوانێت ژنی تر بخوازێت لە بەندەكانی گاتاكان ئاماژەی پێ دراوە، مەرجیش نییە لەگەڵ كەسی زەردەشتی زەواج بكرێت و ئازادن״.
بە پێی ئاماری ڕێبەری زەردەشتیان كە دەست ״ئاژانس״ كەوتووە، بۆ ساڵی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ زیاتر لە ١٠٠ كوڕ و كچ لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باكوور و باشوور و كوردەكانی ئەورووپا، لەسەر ئایینی زەردەشتی هاوسەرگیرییان كردووە.
پیرلوقمان، ڕێبەری ئایینی زەردەشتی كە پلەی پیرشالیاری هەیە، لە ساڵی ٢٠١٥ ئایینی زەردەشتیی لە كوردستان زیندوو كردووهتەوە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە كوردستان ١٩ شوێن هەیە كە خەڵك دەبێت بە زەردەشتی، منیش وەكو ڕێبەرێك لە وڵاتان بانگەوازی ئایینەكە دەكەم״.
״لە ئایینی زەردەشتیدا لە نێوان نزیكەكاندا، خوشك و برا، باوك و كچ لەگەڵ منداڵی هەڵگیراوە و پوورزا و خاڵۆزا و ئامۆزا، لەگەڵ خەسوو و خەزوور لەگەڵ ژنبرا و دش و زۆری تر هاوسەرگیری قەدەغەیە، خزم لە زەردەشتیدا وەكو خوشك و برا وان، چونكە كاتی خۆی موغەكان پێیان وا بووە هاوسەرگیریی لەگەڵ نزیكەكان دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی منداڵێكی ناتەندروست، گەر لە جەستەدا كامڵ بێت لە مێشكدا كامڵ نابێت و لە زەردەشتدا ڕێگەی پێ نەدراوە״، پیرلوقمان وا دەڵێت.
״هەردوولا كە خزمن بڕیاری پێكەوەژیان بدەن ئێمە مارەیان ناكەین، دەبێت دادگا بڕیار بدات، ئەویش لە ڕێگهی ئەنجوومەنی مەرێ كە چەندین شارەزای ئەو بوارەن بڕیار دەدەن كە هاوسەرگیرییەكە بكەن یاخود نا״، پیر وای وت.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە نوێنەری زەردەشتی لە وەزارەتی ئەوقاف وەری گرتووە، نزیكەی ١٢ هەزار كەس بە ڕەسمی زەردەشتین و فۆڕمیان پڕ كردووەتەوە، نزیكەی ٣٠٠ هەزار كەس گەڕاونەتەوە سەر ئایینی زەردەشتی، ئەمە لە كاتێدایە كە پێش سێ ساڵ بە پێی ڕاپرسییەكی گشتی ڕێژەی زەردەشتییان ٢٠٠ هەزار كەس بووە، بۆ ساڵێك دواتر ڕێژەكە بەرز دەبێتەوە بۆ ٢٥٠ هەزار كەس.
پیرلوقمان دەڵێت: لە زەردەشتیدا كچ و كوڕ بۆیان هەیە یەك جار هاوسەرگیری بكەن، لە ڕووی فەرهەنگ و مێژووییەوەیە و بە گشتی واتە تۆ فكر و ئەندێشە و كەسایەتی و عەشق و خۆشەویستی تایبەتە بە تاك خۆی، گەر دوو شوو یان دوو ژن ناتوانرێت ژیان دابەش بكات لەناو خۆیاندا، خیانەتە لە كۆمەڵگهو مرۆڤبوون بە هەموو جۆرێك ڕەت كراونەتەوە، ئەوەشی وای كردبێت دوور خراونەتەوە و دەركراون لەناو كۆمەڵگە״.
مێژووی ئایینی زەردەشتی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٧٥٣ ساڵ پێش زایینی، ئەم ئایینە مەزداسنایی پێ دەوترێت، لە ئێستاشدا پێی دەوترێت زەردەشت واتە خاوەن ڕووناكیی بەهێز، خاوەنی كتێبێكە بەناوی ئاوێستاوەیە یەسناشی پێ دەوترێت و لە ٧٢ بەش پێك دێت و پەیامبەرەكەی زەردەشتە، ئێستاش تەیاری ئیزەدی و یارسانییان هەیە.