میترۆ ، ڕووداو
دوای بڵاوکردنەوەی پۆستێک پەیوەست بە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای چەمچەماڵ، پێشەوا شێخ رەئوف کە یەکێکە لە رۆژنامەڤانەکانی ئەو قەزایە دەستگیردەکرێت، پۆلیسیش دەڵێت، هیچ سکاڵایەکی لەسەر تۆمار نەکراوە و سزای سەربازی دراوە.
ئەو رۆژنامەڤانە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەبارەی کۆمێنتی هاونیشتمانییەکی شارەکە کە لە ئێران گەڕاوەتەوە و لایەنە تەندروستییەکان ئامادەنەبوونە پشکنین بۆ هاوژین و منداڵەکانی بکەن نووسیویەتی "تیاح لەو بێباکی و بەدەسەڵاتییەی تەندروستیی چەمچەماڵ".
عەمید محەممەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشەوا شێخ رەئوف سەرەڕای ئەوەی رۆژنامەڤانە، بەڵام کارمەندە لە لیوایەکی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی و فریاکەوتن، لەسەر بڵاوکردنەوەی پۆستێک لەبەرگریی فریاکەوتن سزادراوە و بە فەرمانی دادگا نەگیراوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای چەمچەماڵ گوتیشی "هەرچەندە ئەو رۆژنامەڤانە هیچ سکاڵایەکی لەدژ تۆمارنەکراوە، بەڵام بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لەسەر تەندروستیی شارەکە، لەلایەن بەرپرسەکەیەوە لە بەرگری فریاکەوتن سزای سەربازی دراوە و راگیراوە. دەنگۆی ئەوە هەیە کاژێر 9:00ـی رۆژی سێشەممە 10-3-2020 ئازاد بکرێت".
لە پۆستێکی دیکەیدا ئەو رۆژنامەڤانە نووسیویەتی "هیوادارم ئەوانەی ئێستا کەمتەرخەمن و چەمچەماڵیان کــردووەتە شامی شەریف، دە دوانزە رۆژی دیکە نەیەنە بەردەم کامێرا و بڵێن: ئەمە پەتایەکی جیهانییە و بەری پێناگیرێت".
رووداو پەیوەندی بە تەندروستیی چەمچەماڵەوە کرد لەبارەی کۆمێنتی ئەو هاونیشتمانییە کە لە ئێران گەڕاوەتەوە و نووسیویەتی، لە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو و فریاکەوتن و نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا و لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای کردووە بۆ پشکنینی هاوژین و منداڵەکانی، بەڵام بە بیانووی پشوو کاریان بۆ نەکردووە، بەڵام تەندروستی چەمچەماڵ ئامادەنەبوو هیچ روونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بدات.