پیاوە پیرەکە و رەفە بەتاڵەکانى بەریتانیا .. وێنەیەک “دڵی بەریتانیای شكاند”



بڵاوبونەوەی وێنەی پیاوێكی بەتەمەن لەناو یەكێك لەمۆڵەكانی بەریتانیادا لەبەردەم ڕەفەیەكی بەتاڵ لەكەلوپەل و كەرەستە و خۆراك، خەم و نیگەرانی لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا لەو وڵاتەدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و سەرکۆنەى ئەوانەش دەكرێت كە بەهۆی سەرهەڵدانی كۆرۆناوە بازاڕ قۆرخ دەكەن و گرانی دروستدەكەن.

.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانى وێنەی ئەو پیاوە بەتەمەنەی كە لەسەرووی هەشتا ساڵانەوە دەبێت بڵاو كردووەتەوە و لەبەردەم ڕەفەیەكی یەكێك لەماركێتەكاندا وەستاوە و لیستی ئەو خۆراكانەی كە ئامادەی كردووە بیانكڕێت لەدەستدەكەوێت و بەخەمێكەوە سەیری ڕەفەی بەتاڵی ماركێتەکە دەكات كاتێك كە دەبینێت هیچ خۆراك و شتومەكێكی تیادا نەماوە.

.

وێنەکە دواى ئەوەیە کە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیی بەریتانیی ڕووی كردە بازاڕ و مۆڵەكان بۆ كڕینی خۆراك و شتومەك و پاشەكەوت كردنی دوای ئەوەی ترسان حكومەت كەرەنتینەیان بەسەردا بسەپێنێت و هاتوچۆ قەدەغە بكات بۆ ڕێگری كردن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

.

لەسەر وێنەی ئەو پیرە پیاوە هاوڵاتیان هاتونەتە دەنگ و لەكۆمێنتەكانیاندا ئەو حاڵەتەیان بە خودپەرستی بەركاربەران(خەڵكی ) وەسف كردووە، كە دەستیان كردووەتە شتكڕین و هیچیان لەو ماركێتەدا بۆ ئەو پیاوە بەتەمەنە نەهێشتووەتەوە بیكڕێت.

.

هاوڵاتیەكی بەریتانیی لەتوێتێكی دا لەسەر وێنەكە نوسیوویەتی ” ئای كە چ وێنەیەكی بەئازارە”.

.

یەكێكی تر نوسیویەتی ” دڵدەتەزێنێت، من ئامادەم هەموو كلێنسەكانی خۆمی بدەمێ”.

.

ژنێكی تر نوسیویەتی”  دوێنێ بازاڕێكم كرد، خۆراك زۆر كەم بووەتەوە، لەناو ئەو قەرەباڵغیەی بازاڕدا كەسە بەتەمەنەكان دۆشدامابوون، نەیاندەزانی چ بكەن،ئەوەش دیمەنێكی خەمناك بوو”.

.

بەگوێرەی دەیلی مەیل كڕیارەكان بێزاربوون لەو قەرەباڵغیە و بەو هۆیەشەوە لەزۆربەی ماركێتەكاندا شەڕ و دەمەقاڵێ ڕویانداوە و ئەوەش ناچاركراوە كڕینی شیر و دایبی مناڵ و هەندێك كەلوپەلی پاككەرەوە سنوردار بكرێن و بەپێی پێویست بفرۆشرێنە كڕیاران.

.

هەندێك لەبازرگانەكانیش ناچاربوون ماڵپەڕ و دیلیڤەرییەكانیان ڕابگرن بەهۆی ئەو داواكارییە زۆرانەی كە لەسەریان هەبووە و باسیان لەوەش كردووە خۆراك و شتومەكیان بۆ ماوەیەكی كەم لەبەردەستتدایە.



PM:04:27:19/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌