دەرهێنەر و سینەماکاری کورد بەهمەنی قوبادی، رایدەگەیەنێت، مرۆڤ زەوی نەخۆشخستووە، لەبەرئەوەی تەنیا گرنگی بە پاکوخوێنی ماڵ و خۆمان داوە نەک زەوی، لە ئێستادا زەوی نەخۆشە و پێویستە ئاگادارییبین.
ژیان_ سلێمانی: دەرهێنەر و سینەماکاری کورد، بەهمەنی قوبادی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت" کۆرۆنا دیوارێکە ئێمە دەتوانین تێیپەڕێنین، تەنیا پێبکەنن و ساڵانی دواتر باشترین ساڵەکانمان دەبێت، بەڵام ئاگامان لە خۆمان و ئاژەڵی بێخاوەن و یەکتر بێت، لە وەرزی بەهاردا کە ئەم نەخۆشییە بڵاوبووەتەوە، پێویستە لەم ماوەدا بەسەر زەویدا نەڕۆین و لە ماڵ نەچینە دەرەوە با دووبارە زەوی بژێتەوە".
دەشڵێت" ئێمە بێ رەحمیمان کردووە بە زەوی، ئێمە نەخۆشییەکەمان داوە بە زەوی و ئەویش داویەتییەوە بە ئێمە، پێویستە ئاگامان لە زەوی بێت گوڵی بدەینێ و هەفتەی جارێک گوڵێک بڕوێنە و پاکوخاوێن رایبگرە".
"دڵگران مەبن و خۆتان بێ تاقەت مەکەن، ئیشق بدەن و پێکەوە کتێب بخوێننەوە و دایک و باوکتان ماچ بکەن، دوای دووبارە گەڕاینەوە زەوی ڕۆڵەی نەکوژین و دارەکانی نەبڕین و پیسی نەکەینەوە بۆ ئەوەی دووبارە خراپتر نەبێتەوە، دایک و مناڵ و زەوی دووبارە خەریکە هەناسەیەک دەدەنەوە" بەهمەنی قوبادی وا دەڵێت.
بەھمەن قوبادی، دەرھێنەرێکی سینەمایی بەناوبانگی کوردە، ساڵی ١٩٦٩ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە،فیلمەکانی لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا نمایشدەکرێت و تا ئێستا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە، دیارترین فیلمەکانی (ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان، نیوەمانگ، کیسەڵەکانیش دەفڕن)، ساڵی رابردوو بە فەرمی بووە ئەندامی بنکەی سینەماکارانی ئەمریکا.