هەڤاڵ ئەبوبەکر داوایەک ئاڕاستەی میدیاکان و هونەرمەندان دەکات



پارێزگاری سلێمانی داوایەک ئاڕاستەی هونەرمەندان و کەناڵە میدیاییەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هیواخوازن بەشداری و دەستپێشخەرییان هەبێت لە گەیاندنی پلانە نیشتمانییەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و هاندانی هاوڵاتیان بۆ پەیڕەوکردنی زۆرتری ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕییەکان.

.

لە داواکارییەکدا هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: “هونەرمەندە بەهرەمەندە بەڕێزەکان، کەناڵە میدیاییە هەمەڕەنگ و هونەریی و تایبەتەکان بەناوی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی سلێمانی و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانەوە، دەخوازین وەک هەمیشە بەشداریی و دەستپێشخەریی و ئامادەییەکی کاراو بەرچاوتان لە پلانە نیشتمانییەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو پاراستنی تەندروستیی گشتیی و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوونی زیاترو پەیڕەوکردنی زۆرتری ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکاندا هەبێت”.

.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە: “دڵنیاین توانستی بەهرەمەندانەو بەخششی داهێنەرانەتان نەخشی دیاری لەسەر بەرنامەی جیهانیی و نیشتمانیی و ناوچەیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەبێت و بەشداریتان، بەشداریکردنە لە پاراستنی مرۆڤایەتیی و ڕەسەنایەتیی و بەها هونەرییە باڵاکان وپاراستنی ژیان و شارستانیەت و گەردوندا”.

.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەشێک لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم دەڵێن، بەشێكی هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نابن و هەر ئەمڕۆش وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا تاوەکو 1ی نیسان ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ درێژبکاتەوە. 



PM:06:49:22/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌