ئەمڕۆ لەکاتی ڕوماڵی ڕاستەوخۆدا هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی هێرشیان کردە سەر کامێرامانی دەزگای ناس کورد و لێیان دا.
.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی ئازاری 2020، کاتێک ئاودیر عومەر، کامێرامانی دەزگای ناس کورد ڕوماڵی دانانی بازگە و سەرپێچی هاوڵاتیانی کرد بۆ قەدەغەکردنی هاتوچۆ، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر ناوبراو و پاش ئازاردانێکی زۆر، موبایلەکەیان لێ سەندووە و وێنە و ڤیدیۆکانیان سڕیوەتەوە.
.
دواتر هێزەکانی ئاسایش ئاودێر عومەریان بردووە و بۆ ماوەیەک لە ئۆتۆمبێلی ئاسایشدا ئازاریان داوە و قسەى ناشرینیان پێ وتووە.
.
ئازاردانی کامێرامانەکەى ناس کورد لەکاتێکدایە کە دەزگاکە مۆڵەتی کارکردنی بۆ ستافەکانی دەرکردووە لەڕووی یاساییەوە هیچ کێشەیەکی نییە.
.
دەزگای ناس کورد سەرکۆنەى ئەو هێرشە دەکات کە پێشێلکارییەکی ڕوونە لەدژی ئازادی ڕادەربڕین و ڕوماڵکردنی ڕۆژنامەنوسان.
دەقی ڕونکردنەوەکە:
.
ڕونکردنەوەیەک لە دەزگای میدیایی ناسەوە
ئەمڕۆ 22ی ئازاری 2020، لە کاتی ڕوماڵی ڕاستەوخۆدا لە شاری سلێمانی کامێرامانی سایتەکەمان لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە ڕێگیری لێکراو و ئازار درا، ئازاردانی ئاودێر عومەر لە کاتێکدایە کە ناوبراو هەموو بەڵگەنامەیەکی فەرمیی پێبوو کە ڕێی پێدەدات بە وێنەگرتن و ڕوماڵکردن.
.
دەزگای میدیایی ناس بەداخەوەیە بۆ ئەم رووداوە کە لە ئەنجامی ناسکی بارودۆخەکە و گرژیی دەروونیی تاکەکەسەکانەوە ڕوویداوە، و دووپاتی دەکاتەوە کە بە رێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە ماندووبوون و کۆششی هێزە ئەمنیەکان و، ئەوکات و ئێستا و لە داهاتووشدا پابەند دەبین بە ڕێنماییەکانی دەسەڵاتە ئەمنی و ئیدارییەکانی شارەکەمان و لە چوارچێوەیاندا ئازادییە ڕۆژنامەگەرییەکان پیادەدەکەین لە پێناوی گەیاندنی زانیاری و رووداوەکان بە خەڵکی شارە ئەزیزەکەمان و گشت خوێنەر و بینەرانمان.
.
بەڵام دەزگاکە سەرکۆنەى هەر هەوڵێک دەکات بۆ پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنوسان و ئازادی ڕادەربڕین.
22ی ئازاری 2020
دەزگایی میدیایی ناس کورد