سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی لەبارەی مووچە بڵاوكردەوە
PM:03:39:23/03/2020
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ دابەشكردنی مووچەی ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا وەرنەگرتووە.

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئاواری 2020، راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە "ئێستا هەرێمی كوردستان و عێراق و تەواوی جیهان لە قۆناخێكی چارەنوسساز و سەختدایە لە بەرەنگاربوونەوەی یەكێك لە ڤایرۆسە كوشندەكانی سەدە، داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەم، پێكەوە رووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە ببینەوە، داهاتووی هەموومان بەستراوەتەوە بە كاری پێكەوەییمان".
 
دەشڵێت "میكانیزمێكی خێراتر بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و كارمەندانی ئەو وەزارەت و دامەزراوانە بدۆزنەوە كە هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە بە شێوەیەك كار نەكاتە سەر تەندروستی گشتیی، هەروەها دەخوازین چاودێریی لەسەر خاڵە سنوورییەكان و رێكارەكانی هاتووچۆ لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق تووندتر بكەن".
 
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەشی خستۆتەڕوو "هەواڵی تراژیدیای وڵاتە پێشكەوتووەكان، هەرچەندە سیستمێكی باشی تەندروستییان هەیە، هەموومان نیگەران دەكەن. گەورەترین وانە لێیانەوە فێربین ئەوەیە كە دەبێت پابەندبین بە ڕێنماییەكان و وەك خۆیان جێبەجێیان بكەین، چونكە پشتگوێ خستنی ڕێنماییەكان تووشی كارەساتی گەورەمان دەكەن". 
لە راگەیەندراوەكەدا رێواز فایەق، ئاماژەی بەوەشداوە "كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە ئاستی خواست و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدی گەورە و تاقەت پڕوكێندا نییە، بەڵام لە گیانی لە خۆبردوویی و دڵسۆزیی و كارامەیی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیی دڵنیاین و خاوەنی گەلێكی بە ئیرادەین و پێكەوە پابەندی رێنماییەكان دەبین تا بە كەمترین زیان ئەم قۆناخە سەختە تێپەڕێنین".
 
باسی لەوەشكردووە "كارمەندانی تەندروستیی و پزیشكە ماندوونەناسەكان، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، كارمەندانی خاڵە سنوورییەكان و خزمەتگوزارییە گشتییەكان، رۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی كە لە پێشەوەی سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا كوشندەیەن دەكات". 
 
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستات سوپاسی هەوڵەكانی پارێزگارەكان و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی كردووە لە راگەیەنراوەكەیی دەڵێت "ئەوان بەبێ ماندووبون و لێبڕاوانە سەرۆكایەتی تیمەكانیان دەكەن لە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە و مامەڵەكردن لەگەڵ ئاكامەكانی".
 
جەختیشی كردۆتەوە "لە پێناو پاراستنی خۆمان و خێزان و ئازیزانمان و هەرێمەكەمان، رێنماییەكان جێبەجێ دەكەین، لە ماڵەوە دەمێنینەوە و ناهێڵین داهاتوومان بكەوێتە مەترسییەوە".