پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری رووداوی ئەشکەنجەدانی رۆژنامەنووسەکەی پێنجوێنی دەستگیرکردوە



رێكخراوی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنوسان رایگەیاندوە کە رۆژی ١١ی ٣ ی ٢٠٢٠ لە پێنجوێن ژمارەیەك چەكداری نەناسراو هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی رۆژنامەنوسێك و ئەشكەنجەیاندوە  و لەژێر فشاردا وێنەی هاوسەرەكەیان بەرووتی  گرتوە، پۆلیسی سلێمانیش رایدەگەیەنێت کە دوو کەسیان بە تۆمەتی ئەو رووداوە دەستگیرکردوە.

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، پاش ئەوەی‌ ڕۆژی‌ ١٦ی٣ی٢٠٢٠ هاوڵاتییەك كە پیشەی‌ ڕۆژنامەنوسەو لەبواری‌ مافەكان مرۆڤدا كاردەكات، لەبنكەی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن سكاڵای‌ لەسەر دوو كەسی‌ نەناسراو تۆماركرد، كە هاوسەرەكەیان ڕفاندووەو بەشێوەیەكی‌ نادروست‌و دور لەڕەوشتی‌ مرۆڤایەتی‌ وێنەیان گرتووە، هەروەها لەژێر ئەشكەنجەو لێداندا دەست‌و سەری‌ سكاڵاكاریان شكاندووە، لێكۆڵینەوەكان بۆ  دۆزینەوەی‌ تۆمەتباران دەستیپێكرد  و توانیویانە لەماوەی‌ دوو كاتژمێردا شوێنی‌ هەردو تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی پێنجوێنەوە دەستگیركران‌و لەبەردەم دادوەری‌ لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەكەیاندا.

لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ك،م،س) تەمەن 30 ساڵ دانیشتوی‌ ناحیەی‌ عەربەت‌و (ج،ح،ع) تەمەن 37 ساڵ دانیشتوی‌ قەزای‌ پێنجوێن، بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەرو بەپێی‌ ماددەكانی‌ (421) (405-31) لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ راگیراون‌و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.


 ئەو رۆژنامەنووسە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەو ئێستا لە شاری پێنجوێن نیشتەجێیە و دەڵێت سێ بۆ پێنج چەکداران هێرشیانکردوەتە سەری لە ماڵەکەی خۆیدا  و دەموچاویان هەڵبەستووە، چونەتەسەر ماڵەکەی لە پێنجوێن و لێیانداوە

 رۆژنامەنووسەکە لە ماڵپەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان کار دەکات،  ماڵپەرەکە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاودەکاتەوە.
بەوتەی رۆژنامەنووسەکە هێرشبەرەکان خۆیان بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناساندووەو دەست و قاچەکانی رەشیدییان بەستوەتەوەو بە دار لێیان داوە تاوەکو دەستیان شکاندووە، ئەوان داوای کەلوپەلی ئەلیکترۆنی و سیدی ناوی ئەو کەسانەیان لە رەشیدی کردووە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکوانن.


PM:08:56:27/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌