سۆران عه‌لی: ئه‌و هه‌واڵه ناڕاستانه‌ی له هزری خه‌ڵكدا جێگیرده‌بن، كات و هه‌وڵێكی زۆریان ده‌وێت تا راستبكرێنه‌وه
له ماوه‌ی رابردوودا و له‌گه‌رمه‌ی خۆكه‌ره‌نتینكردنی خه‌ڵكی كوردستان و خۆپاریزیی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌وه‌ی كه تووشی هه‌ڵه و چه‌وتی ببن، له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا كتێبێكی نوێ بڵاوكرایه‌وه كه رێك تایبه‌ته به هه‌لومه‌رجی دژواری راگه‌یاندنی جیهانی و كوردستان په‌یوه‌ست به درۆ و ده‌له‌سه له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیارییه‌كاندا.
كتێبی (ساخته هه‌واڵ، به‌ڵای نوێی رۆژنامه‌گه‌ری) كه چه‌ند لێكۆڵینه‌وه و بابه‌تێكی جیهانیی تایبه‌ته به‌و دیارده‌یه و له ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی رۆژنامه‌نووس سۆران عه‌لی-یه، بڵاوكرایه‌وه و یه‌كێكه له بڵاوكراوه‌كانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، كه پێشتریش به پاشكۆیه‌كی تایبه‌تی رۆژنامه‌كه بڵاوكرابۆوه و ساڵۆنی كوردستانی نوێ كۆڕێكی تایبه‌تی له‌و باره‌وه رێكخستبوو.
له‌م كتێبه‌دا هاوكارمان سۆران عه‌لی بابه‌ته‌كانی نێو پاشكۆكه و ده‌قی كۆڕه‌كه‌ی ساڵۆنی كوردستانی نوێشی تێدا كۆكردووه‌ته‌وه و له چوارچێوه‌ی بڵاوكراوه‌كانی كوردستانی نوێ-دا وه‌كو كتێبێك بڵاوبۆته‌وه، كه هیوادارین دوای تێپه‌ڕبوونی قۆناغی كه‌ره‌نتینه هه‌لومه‌رجێك بێته پێشه‌وه و بتوانین باشتر بیناسێنین و بكه‌وێته به‌رده‌ستی خوێنه‌ران.
ئه‌گه‌رچی ده‌رفه‌ت نه‌بووه خوێنه‌ران كتێبه‌كه بخوێننه‌وه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌تا جیهانییه و هه‌روه‌ها شێوازی مامه‌ڵه‌ی سۆشیال میدیا له‌گه‌ڵ رووداو و هه‌واڵه‌كانی تایبه‌ت به نه‌خۆشی كۆرۆنا، ده‌ریخست كه ئه‌م كتێبه له‌شوێنی خۆیدایه و ده‌هێنێت كه تیشكی زیاتری بخه‌ینه‌سه‌ر.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ هاوكارمان سۆران عه‌لی سازكرد:
*وه‌ك ده‌زانین تۆ ئه‌زموونێكت هه‌یه له بواری رۆژنامه‌نووسیدا و به‌ده‌ست ناپرۆفیشناڵیی هه‌لومه‌رجی راگه‌یاندنی كوردستانییه‌وه ره‌نگه وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی سه‌نگین بناڵێنیت، هه‌روه‌كو رۆژنامه‌نووسه‌كانی دیكه‌ش هه‌یانه. زوو زوو رووبه‌ڕووی هه‌ندێك له‌م جۆره كێشانه ده‌بیته‌وه كه هه‌ندێك میدیا درۆ‌و ده‌له‌سه و فاكوفیك دروست ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی كه ئێستا هه‌ر ته‌نیا كه‌ناڵه ته‌قلیدییه‌كانی راگه‌یاندن نییه، به‌ڵكو سۆشیال میدیا و شێوازه‌كانی دیكه‌ی گه‌شه‌كردنی میدیاشی هاتۆته سه‌ر كه به‌داخه‌وه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ببنه مایه‌ی فراوانبوونی كاری میدیایی و فراوانبوونی گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیاری به خه‌ڵك، كه‌چی بوونه‌ته مایه‌ی دژواری و كه‌مبوونه‌وه‌ی میسداقیه‌تی هه‌واڵ، ئه‌گه‌ر لێره‌دا به‌شێك له بابه‌تی كتێبه‌كه‌تمان بۆ باس بكه‌یت سوپاست ده‌كه‌ین؟
–
زۆر سوپاس بۆ كوردستانی نوێ كه ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی ره‌خساند بۆئه‌وه‌ی باس له دیارده‌یه‌ك بكه‌ین كه هیچی له مه‌سه‌له هه‌نووكه‌یی و هه‌ستیاره‌كانی كوردستان كه‌متر نییه، ئه‌گه‌ر بایه‌خی زیاتریش نه‌بێت، له‌ڕاستیدا دیارده‌ی ساخته هه‌واڵ دیارده‌یه‌كی نوێ نییه و له‌وه‌ته‌ی كاریگه‌ریی میدیا له‌سه‌ر رای گشتی دروست بووه، ئه‌م دیارده‌یه‌ش هه‌بووه و له‌كاردا بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌دا شتێكی نوێیه، خێرایی و به‌رفراوانیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌یه، كه هۆكاری ئه‌مه‌ش پشتبه‌ستنێتی به ته‌كنۆلۆژیا و ئینته‌رنێت و تۆڕه به‌رفراوانه‌كانی سۆشیال میدیا كه خاسیه‌تێكیان پێ به‌خشیووه، به‌زوویی بڵاوبێته‌وه‌و رێژه‌یه‌كی فراوان له خوێنه‌ر و به‌كارهێنه‌ران بیبینن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
هه‌رچه‌نده ئه‌م دیارده‌یه مۆركێكی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تیی وه‌رگرتووه و سه‌رانسه‌ری دنیای گرتۆته‌وه، به‌ڵام كوردستانیش له كاریگه‌رییه‌كانی بێبه‌ش نه‌بووه و به‌ریه‌ككه‌وتنی راسته‌وخۆشی له‌گه‌ڵدا هه‌بووه و چه‌ندین نموونه‌ش له‌و باره‌یه‌وه له‌به‌رده‌ستدایه، ئه‌م كتێبه‌ش هه‌وڵێكی بچووكه بۆ ناساندنی ئه‌م دیارده‌یه و خستنه‌ڕووی مه‌ترسی و لێكه‌وته‌كانی له‌كایه‌ی رۆژنامه‌گه‌رییدا به گشتی.
كتێبه‌كه ناوی “ساخته هه‌واڵ، به‌ڵای نوێی رۆژنامه‌گه‌ری”یه و له دووتوێی نزیكه‌ی 250 لاپه‌ڕه‌ی مامناوه‌ندا، زیاتر له 30 لێكۆڵینه‌وه و بابه‌تی جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێت كه له‌لایه‌ن نووسه‌ره هه‌ره دیاره‌كانی ئه‌و بواره و دامه‌زراوه ناوداره رۆژنامه‌گه‌ریی‌و میدیاییه‌كانه‌وه ئاماده‌كراون، وه‌ك سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان و رۆیته‌رز و په‌یامنێرانی بێ‌سنوور و پۆینته‌ر‌و چه‌ندانی دیكه. زۆربه‌شیان له تۆڕی رۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵی IJNet بڵاوكراونه‌ته‌وه.
به‌گشتیش بابه‌ته‌كان ته‌ركیزییان خستووه‌ته سه‌ر چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی دیارده‌كه و هۆكاره‌كانی گه‌شه‌كردن و ته‌شه‌نه‌كردنی له‌گه‌ڵ گرنگترین پرۆژه و ته‌كنیك و هه‌نگاو و رێوشوێن و میكانیزمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی و سنوورداركردنی لێكه‌وته‌كانی له كایه‌ی میدیاییدا.
هیوادارین كتێبه‌كه هه‌وڵێكی بچووك بێت بۆ خزمه‌ت گه‌یاندن و به‌شداریكردن له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی گه‌وره‌ی میدیایی زیانبه‌خش كه بووه‌ته گرفتی هه‌ره‌گه‌وره‌ی به‌رده‌م متمانه و راستگۆیی و پیشه‌ییبوونی رۆژنامه‌گه‌ریی به‌گشتی له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، به‌تایبه‌تیش ئێستا كه هه‌موو جیهان له ته‌نگژه‌یه‌كی مرۆیی گه‌وره‌دایه و قه‌یرانێكی ته‌ندروستی زۆر گه‌وره رووی له مرۆڤایه‌تی كردووه و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كات.
جێی خوشێتی لێره‌دا سوپاسگوزاری بۆ كوردستانی نوێ ده‌رببڕین كه پێشتر هه‌م وه‌كو پاشكۆیه‌كی تایبه‌ت بابه‌ته‌كانی ئه‌م كتێبه‌ی بڵاوكرده‌وه و ئه‌ركی رێكخستنی كۆڕی ناساندنیشی گرته ئه‌ستۆ و هه‌روه‌ها چاكه‌كه‌ی ته‌واو كرد و وه‌كو كتێبێك به‌چاپی گه‌یاند كه ئه‌وه‌ش مایه‌ی ده‌ستخۆشی و پێزانینه.
*وه‌ك ده‌زانین ئێستا فاكوفیك له مه‌سه‌له سیاسییه‌كان و له هه‌واڵ و گه‌یاندنی زانیارییه سیاسییه‌كاندا ره‌نگه پاساوێكی هه‌بێت كه ململانێ سیاسییه‌كان و بۆچوونی سیاسیی جیاواز له‌لایه‌ن هه‌ندێك له هێزه سیاسییه‌كان و سیستمه سیاسییه‌كانه‌وه له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ته‌نانه‌ت له ئاستی ناوخۆشدا رۆڵیان هه‌یه له‌وه‌ی شێوازی فاكوفیك به‌كاربهێنرێت له هه‌واڵ و گه‌یاندنی زانیارییه‌كان و چه‌واشه‌كاریی بكرێت، به‌ڵام له بابه‌ته سروشتییه‌كان یاخود ئه‌وانه‌ی ره‌هه‌ندێكی سیاسی‌یان نییه، وه‌كو په‌تای كۆرۆنا و لافاو و كاره‌ساته سروشتییه‌كان، بۆچی ده‌بێت ئه‌وانه ببنه مایه‌ی فاكوفیك و مایه‌ی ئازاری زیاتر له ته‌نگژه‌كاندا؟
– له‌ڕاستیدا نه ئێستا و نه له هیچ دۆخێكی ئاسایی و نائاساییدا، په‌نابردن بۆ چه‌واشه‌كاریی و په‌خشكردنی هه‌واڵ و زانیاریی هه‌ڵبه‌ستراو و ناڕاست پاساوی نییه و به‌هه‌موو پێودانگ و پێوه‌رێكی پیشه‌یی و ئه‌خلاقیش ره‌تكراوه‌یه‌وه، كه‌واته ئه‌وه‌ی به‌ناوی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه ده‌كرێت و مه‌به‌ست لێی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و هه‌واڵی ناڕاست و دروستكراوه، ته‌نیا ئامانجی دروستكردنی كێشه و گرفت و به‌دیهێنانی مه‌رامی تایبه‌ته و هیچ فڕی به‌سه‌ر كاری رۆژنامه‌نووسیی راسته‌قینه‌وه نییه و بگره ده‌چێته چوارچێوه‌ی تاوانی بڵاوكردنه‌وه‌شه‌وه، كه پێویسته سزای كه‌س و لایه‌نی به‌رپرسیار له‌وه بدرێت.
له‌زۆر شوێن و بۆنه‌ی جیادا ئاماژه‌مان به‌وه داوه كه ژینگه‌ی له‌باری گه‌شه‌كردنی ساخته هه‌واڵ و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی ناڕاست، روودانی قه‌یرانی جۆراوجۆر و هاتنه‌ئارای گرژیی و ئاڵۆزیی سیاسی و هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ناسه‌قامگیریی ئه‌منی و كاره‌ساتی مرۆیی و سروشتی گه‌وره و مه‌ترسیداری وه‌كو بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنایه، چونكه له‌و كاتانه‌دا هه‌موو خه‌ڵك به چین و توێژی جیاجیاوه سه‌رده‌كه‌نه سه‌ر هه‌واڵه‌كان بۆ ئاگاداربوون له هه‌ر شتێك كه په‌یوه‌ندیی به بارودۆخ و رووداوه‌كانی رۆژه‌وه هه‌بێت، ئا له‌و كاتانه‌دا ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی له‌پشت بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌واشه‌كاریی‌و هه‌واڵی ناڕاسته‌وه‌ن، ده‌كه‌ونه خۆیان و هه‌وڵی ته‌واوی خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆ و هه‌واڵه هه‌ڵبه‌ستراوه‌كانیان، چونكه ده‌زانن به‌ئاسانی له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی تامه‌زرۆی زانیاریی و هه‌واڵی رۆژانه‌یه ته‌شه‌نه ده‌كه‌ن و ده‌ستاوده‌ستیان پێ ده‌كرێت. بۆیه ده‌بێت خه‌ڵك چ رۆژنامه‌نووس و رۆشنبیران چ خه‌ڵكی ئاساییش له‌كاتی قه‌یران و ته‌نگژه‌كاندا زیاتر به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌واڵ و زانیارییه‌كدا بكه‌ن كه پێیان ده‌گات و تا به‌ته‌واوی و له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوه‌وه پشتڕاست نه‌كرابێته‌وه وه‌كو راستییه‌كی سه‌لمێندرا و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كه‌ن و وه‌رینه‌گرن و نه‌شبنه هۆكاری گواستنه‌وه‌ی بۆ كه‌سانی دیكه‌ی چوارده‌وریان، هه‌روه‌ك لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ده‌بێت له‌و هه‌لومه‌رجه دژوارانه‌دا هه‌وڵی زیاتر بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ چاودێریكرنی وردی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت هۆكاره‌كانی سۆشیال میدیاش، بۆئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌واڵ و زانیارییه‌كی ناڕاست بكه‌ن كه كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئاڵۆزكردنی زیاتری بارودۆخ و ناسه‌قامگیریی ده‌روونی خه‌ڵك هه‌بێت و به‌شێواز و رێكاری تایبه‌ت لێپێچینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ن.
*بۆچی له كوردستان مانای سیاسیی ناجۆر ده‌به‌خشن به شێوازی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا، كه ئه‌مه ده‌كرێت وه‌كدرێژكراوه‌ی پرسیاری پێشوو تێی بڕوانین، ئایا بڵاوكردنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ له‌نێو خه‌ڵك و هه‌ندێك جار جیاوازیی له‌نێوان شاره جیاجیاكان و هه‌ندێك جاریش نیشاندانی ئه‌وه‌ی شارێك له شارێكی دیكه كه‌متر خزمه‌تگوزاریی به‌ره‌نگاریی كۆرۆنای هه‌یه، ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
-له كوردستان هیچ كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن یاخود ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پێیان خۆشه به ئه‌هلی ناوببرێن نییه، به‌م پێیه‌ش هه‌ر كه‌ناڵێك ده‌گریت ئه‌جێندا و به‌رنامه‌یه‌كی له‌پشته كه ده‌یجوڵێنێت و ته‌مویلی ده‌كات، هه‌ربۆیه سه‌یر نییه كه په‌خشكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌واڵ و زانیارییه‌ك له‌و كه‌ناڵانه‌وه مه‌به‌ست و ئامانجێكی له پشته‌وه بێت كه خزمه‌ت به لایه‌نی ده‌ستگیرۆییكاری ده‌كات، لێره‌شدا ته‌نیا قسه له‌سه‌ر هه‌واڵی ساخته و ناڕاست نییه، چونكه هه‌ندێك جار ئه‌و كه‌ناڵانه ده‌یانه‌وێت زۆر لێهاتووانه مه‌به‌سته‌كه‌یان بپێكن ، به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌ست به كه‌موكوڕیی هه‌واڵ یان زانیارییه‌كه‌یان نه‌كرێت، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ره‌نگه كه‌ناڵی وا هه‌بن بیانه‌وێت له رێی تره‌وه مه‌به‌سته‌كه‌یان بهێننه‌دی و هه‌واڵ و زانیارییه‌كانیان هه‌مان ئه‌وانه بن كه له هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی دیكه ده‌یانبینین و به‌رچاومان ده‌كه‌ون، به‌ڵام به گۆڕینی وشه‌یه‌ك یاخود به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌یه‌ك یان هیچ نه‌بێت ته‌ركیز خستنه‌سه‌ر سپۆتێكی دیاریكراو و فه‌رامۆشكردنی چه‌ندینی دیكه، یان هه‌وڵدان بۆ گه‌وره پیشاندان و شكۆبه‌خشین به كه‌س و لایه‌نێكی دیاریكراو یان بچووك پیشاندان و به‌كه‌م سه‌یركردنی كه‌س و لایه‌نی دیكه، مه‌رامه‌كانی خۆیان له چه‌واشه‌كارییدا بپێكن. به‌ڵام بێ ئاگا له‌وه‌ی په‌یڕه‌كردنی ئه‌و شێوازه‌یان جگه له راوكردن له ئاوی لێڵ و یاریكردن به متمانه و راستگۆیی پیشه‌ییان زیاتر هیچ شتێكی باشی لێ سه‌وز نابێت، دووریش نییه نه‌بێته هۆی نانه‌وه‌ی ئاژاوه و فیتنه‌ی گه‌وره و ماڵوێرانی و نه‌هامه‌تی، ئه‌وه‌ی جه‌نابیشت باسی ده‌كه‌یت له‌و چوارچێوه‌یه تێناپه‌ڕێت.
*له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه هه‌ندێك میدیا به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی خۆیان به پرۆفیشناڵ ده‌زانن، به‌تایبه‌تی ده‌مه‌وێت لێره‌دا ناوی رووداو و كوردستان 24 و هه‌ندێك كه‌ناڵی سێبه‌ری پارتی بهێنم وه‌كو باس‌نیوز، بۆچی ره‌هه‌ندێكی سیاسی ده‌ده‌ن به شێوازی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌خۆشییه؟ ئایا پێتوایه خوێنه‌رو بینه‌ری كورد ئه‌م جۆره كڵاوانه‌یان ده‌چێته‌سه‌ر؟
-ره‌نگه له وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به‌شێك له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌شمان دابێته‌وه، به‌ڵام ده‌توانین زیاتر له‌وه‌ش بڵێین یه‌كێك له‌و نیشانه سه‌ره‌كییانه‌ی چه‌واشه‌كاریی و هه‌واڵی ناڕاست و زانیاریی هه‌ڵبه‌ستراوی پێ ده‌ناسرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه له ناوه‌ڕۆكدا یه‌ك مه‌به‌ست و ئامانجیان هه‌یه، ئه‌ویش سه‌رلێشێواندن و یاریكردنه به مێشكی خوێنه‌ر. هه‌روه‌ها پێشكه‌شكردنی زانیاریی هه‌ڵه و ناڕاسته وه‌كو راستییه‌كی سه‌لمێندراو، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی یان سیاسی یان هه‌ر ئامانج و مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی ناڕه‌وا‌و ده‌ستكه‌وتی ماددی. وه‌كو وتمان هه‌ندێك كه‌ناڵ زۆرجار ناچێت به‌شێوه‌یه‌كی بێ په‌رده و ئاشكرا ساخته‌هه‌واڵ بڵاوبكاته‌وه یان چه‌واشه‌كاریی بكات، به‌ڵكو په‌نا بۆ شێوازی دیكه ده‌بات كه ئه‌وانیش ده‌چنه خانه‌ی چه‌واشه‌كارییه‌وه، له نموونه‌ی به‌سیاسیكردنی مه‌سه‌له كۆمه‌ڵاتییه‌كان، یاخود پرسه گشتیی و خزمه‌تگوزارییه‌كان یان له بارودۆخه سروشتی و ناهه‌مواره‌كاندا په‌یامی میدیاییان له ساڕێژكردنی برین و ئازاره‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه ده‌گوازنه‌وه بۆ ئاڕاسته‌كردنی تۆمه‌ت و تانه‌وته‌شه‌ر و ئۆباڵ خستنه ئه‌ستۆی نه‌یارانیان.
له‌ڕاستیشدا هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه چه‌نده تۆكمه و به‌هێزیش بن، ناتوانن به‌ته‌واوی ئه‌م دیارده‌یه كۆنترۆڵ بكه‌ن و خه‌ڵكی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه و له‌ریشه‌وه بنه‌بڕی بكه‌ن، هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه ئه‌م دیارده‌یه پشت به میدیای نوێ ده‌به‌ستێت كه خه‌ڵكانێكی زۆر له ئاسته جیاوازه‌كاندا به‌كاری ده‌هێنن كه هۆشیارییه‌كی میدیایی ئه‌وتۆیان نییه تا له مه‌رام و مه‌به‌ستی پشت بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌واڵ و زانیارییه‌ك تێبگه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌وه‌یه‌كی هۆشیارو وریا پێگه‌یشتووه كه به‌ئاسانی هیچ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌یه‌كی میدیایی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕنابێت و ده‌توانێت ئاماژه‌كانی پشت هه‌ر زانیاری و هه‌واڵێك بخوێنێته‌وه كه به‌ده‌ستی ده‌گات و وه‌كو حه‌قیقه‌تێكی ره‌ها لێی ناڕوانێت و به‌خێرایی بڕیار له راستی و دروستییه‌كه‌ی نادات تا نه‌چێته بنج و باوانی و به‌ته‌واوی نه‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی زانیارییه‌كه دروست و بێ زیاد و كه‌مه.
*ره‌نگه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی فاكوفیك له هه‌لومه‌رجی ئاسایی‌دا هه‌ندێك پێداویستی بووێت، به‌ڵام ئێستا به‌جۆرێك له جۆره‌كان ژیانی گشتی په‌كی كه‌وتووه به‌هۆی خۆكه‌رنتینه‌كردنی خه‌ڵكه‌وه، به‌ڕای تۆ چۆن بتوانرێت رووبه‌ڕووی ئه‌م جۆره چه‌واشه‌كارییه ببینه‌وه له بواری میدیا و فاكوفیكی راگه‌یاندندا كه ئێستا له كوردستان زۆر به‌چڕی هه‌ستی پێده‌كرێت؟ بۆیه پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر بڵێن رێگا نییه میدیاكان به‌رپه‌رچ بده‌نه‌وه، ئه‌ی بۆچی ئه‌و میدیایه‌ی چه‌واشه‌كاریی ده‌كات رێگه و ئیمكانیاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه چه‌واشه‌كاریی بكات، له‌به‌رامبه‌ردا میدیای راستگۆ و میدیاكانی دیكه ناتوانن به‌ره‌نگاریی ئه‌و ببنه‌وه؟
-له قۆناغه جیاجیاكانی په‌یدابوونی ئه‌م دیارده‌یه له‌كۆنه‌وه تا ئێستا، هه‌وڵه‌كانی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌یدا، گۆڕانی زۆر و جیاجیایان به‌سه‌ردا هاتووه، له‌م رووه‌وه ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌گه‌ریی ته‌قلیدی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌نگاو‌و رێكاری تایبه‌تی خۆی بۆ دژایه‌تیكردنی به‌كارهێنابێت، ئه‌وا رۆژنامه‌گه‌ریی سه‌ده‌ی بیست‌ویه‌ك پێویستی به میكانیزم و بڕیار‌و كاری ته‌واو جیاوازه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، هۆكاره‌كه‌شی به ساده‌یی ئه‌و گۆڕانكارییه مه‌زنه‌یه كه به‌سه‌ر میدیا و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیدا هاتووه كه بزوێنه‌ره‌كه‌ی ته‌كنۆلۆجیا و پێشكه‌وتنی دیجیتاڵییه.
هه‌ربۆیه پشت به‌ستن به به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی میدیایی له‌لای خه‌ڵكی ئاسایی كه زۆرینه‌ی به‌كارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت و سۆشیال میدیا پێكده‌هێنن، له پێشه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه گرنگانه‌دا دێت كه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌واشه‌كاریی و ساخته هه‌واڵ ده‌گیرێنه‌به‌ر، دوای ئه‌ویش ده‌بێت رۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانی خاوه‌ن راستگۆیی و متمانه لای خوێنه‌ران هه‌روه‌ها ناوه‌نده میدیاییه سه‌نگین و جێباوه‌ڕه‌كان له‌م باره‌یه‌وه رۆڵی خۆیان بگێڕن و هه‌وڵ بده‌ن تا ده‌توانن هه‌ر زانیاری و هه‌واڵێكی ناڕاست بڵاوده‌بێته‌وه، به‌شێوازێكی پڕۆفیشناڵانه و پیشه‌ییانه راستییه‌كه‌ی بڵاوبكه‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده كاتێك هه‌واڵی چه‌واشه و ساخته بڵاوده‌بێته‌وه به‌خێرایی به‌نێو خه‌ڵكدا ته‌شه‌نه ده‌كات، هه‌وڵی راستكردنه‌وه و خستنه‌ڕووی زانیارییه دروسته‌كانیش ئه‌و باوه‌ڕه چه‌سپیووه چه‌وته‌ی خه‌ڵك به‌دره‌نگ ده‌سڕێته‌وه و ماوه‌یه‌كی زۆر و به‌رده‌وامبوونی پێویسته، هه‌روه‌ك سروشتی مرۆڤ وایه كه‌یفی به شته نه‌رێنی و خراپه‌كان زیاتر دێت نه‌ك ئه‌رێنییه‌كان.
ئه‌گه‌رچی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ساخته هه‌واڵ و چه‌واشه‌كاریی پێویستی به كاری ده‌سته‌جه‌معی و فره‌لایه‌ن هه‌یه، له نێو میدیای كوردیدا زۆر كه‌ناڵ و پێگه‌ی میدیایی سه‌نگین و پیشه‌یی و كه‌سانی خاوه‌ن ویژدان و به‌سه‌لیقه و شاره‌زا هه‌ن كه ده‌توانن ئه‌و ئه‌ركه بگرنه ئه‌ستۆ و به به‌رده‌وامی به‌دواداچوونی زانستی و پیشه‌یی بۆ هه‌ر بابه‌تێك بكه‌ن كه هه‌ندێك كه‌ناڵ و میدیا هه‌وڵی چه‌واشه‌كاریی تێدا ده‌كه‌ن.
ئه‌مه جگه له بایه‌خی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی به‌رفراوان و به‌رده‌وام له‌لایه‌ن دامه‌زراوه و وێبسایتی ئه‌لیكترۆنی هاوسه‌نگ بۆ هۆشیاركردنه‌وه و به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵك له راستی و دروستی ئه‌و زانیاریی و هه‌واڵه جێ بایه‌خانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ر ناڕاستی و چه‌واشه‌كاریی و ساخته‌كارییه‌ك تێیاندا.
هه‌روه‌ها دروستكردنی سایت بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی به ئه‌نقه‌ست یاخود نه‌زانانه به‌سه‌ر میدیادا تێپه‌ڕده‌بن، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر پێشتر رێی لێ بگیرێت زۆر باشتره، چونكه راستكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌ڵه زۆر زه‌حمه‌ته به‌روونكردنه‌وه‌یه‌ك قه‌ره‌بووی بكرێته‌وه، چونكه ئه‌و هه‌واڵه ناڕاستانه‌ی له هزری خه‌ڵكدا جێگیرده‌بن، كات و هه‌وڵێكی زۆریان ده‌وێت تا راستبكرێنه‌وه.
له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا پرسی بایه‌خدان به لێكۆڵینه‌وه له‌م دیارده‌یه و دانانی پلان و به‌رنامه‌ی تۆكمه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر جیاوازبووه، بۆ نموونه ئه‌و پڕۆژه‌و رێكارانه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا جێبه‌جێیان كردوون، زۆر له‌و رێوشوێنانه زیاتر بوون كه وڵاتێكی ئه‌فریقایی یان ئاسیایی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست په‌یڕه‌ویان كردووه، ته‌نانه‌ت شاره‌زایان وای بۆده‌چن كه به‌شێك له هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌كه بوونه‌ته دارده‌ستی هه‌ندێك رژێمی سیاسی بۆ سه‌پاندنی سانسۆری زیاتر به‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان و دامه‌زراوه میدیاییه‌كان و سنوورداركردنی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی به‌بیانووی دژایه‌تیكردنی چه‌واشه‌كاری.
ره‌نگه له كوردستان سه‌رچاوه‌ی زۆر سه‌باره‌ت به‌م دیارده كۆن و نوێیه به‌رده‌ست نه‌بێت، بۆیه پشتبه‌ستن به‌و بابه‌تانه‌ی به‌زمانی دیكه‌و له‌لایه‌ن شاره‌زایان و پسپۆڕانی بیانیه‌وه نووسراون، تاكه رێگه‌چاره‌یه، به‌لانی كه‌م له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا، لێره‌وه بیرۆكه‌ی كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی بابه‌ته‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌مان له‌لا گه‌ڵاڵه بوو.
*ئایا پێتانوایه رۆڵی ده‌زگاكانی دیكه‌ی دادوه‌ریی وه‌كو داواكاری گشتی و حكومه‌ت و یاساكان، له‌م حاڵه‌تانه‌دا كه چه‌واشه‌كاریی ته‌نانه‌ت مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكیش هه‌یه و هه‌ر ئه‌وه نییه بڵێین درۆ‌و ده‌له‌سه‌یه‌كه له‌دژی هێزێكی سیاسی، ئه‌م جۆره چه‌واشه‌كارییانه تا چه‌ند زیان به ئه‌منییه‌ت و ژیانی كۆمه‌لّگه ده‌گه‌یه‌نن له هه‌لومه‌رجێكی وادا كه ده‌روونی خه‌ڵك هیلاكه و ترس و دڵه‌ڕاوكێ بڵاوده‌كرێته‌وه، چۆن به‌ره‌نگاری ئه‌م جۆره چه‌واشه‌كاریی و فاكوفیكه له راگه‌یاندن ببینه‌وه؟ واتا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فاكوفیك له‌سه‌ره‌ده‌می كۆرۆنادا چۆن ده‌بێت؟
-به‌ڕاستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ساخته هه‌واڵ له‌م سه‌رده‌می كۆرۆنایه‌دا له بارودۆخی ئاسایی زیاتر به‌پێویست ده‌زانرێت، چونكه وه‌كو باسمان كرد له‌و بارودۆخانه‌دا كه‌س و لایه‌نه‌كانی پشت ساخته هه‌واڵ و چه‌واشه‌كاریی ده‌كه‌ونه خۆیان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ست و مه‌رامه‌كانیان، به‌گشتیش پێویسته له‌دوو به‌ره‌وه كار بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بكرێت، ئه‌وانیش بریتین له به‌ره‌ی مرۆیی و به‌ره‌ی ته‌كنیكی.
به‌ره‌ی مرۆیی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌گرێته‌وه بۆ ناساندنی ئه‌و دیارده‌یه له كۆڕ‌و سیمینار‌و كۆنفرانس و بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنمایی بۆ هاندانی رۆژنامه‌نووسان بۆ پابه‌ندبوون به پره‌نسیپه پیشه‌ییه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی میدیایی و گه‌یاندنی به‌زۆرترین ژماره‌ی خوێنه‌ری ئاسایی.
به‌ره‌ی ته‌كنیكیش واته هه‌ر هه‌وڵێكی ئه‌لیكترۆنی له دروستكردنی سایت و پێگه‌ی ته‌كنۆلۆژیی بۆ پشكنین و چێككردنی هه‌واڵ و ڤیدیۆ و فۆتۆ و زانیاری و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی راستی و دروستیان به‌تایبه‌تیش ڤیدیۆ و فۆتۆ كه چه‌واشه‌كاران به‌زۆریی په‌نایان بۆ ده‌به‌ن و سوپای ئه‌لیكترۆنی هه‌ن بۆ دزه‌پێكردنی هه‌واڵ و زانیاریی هه‌ڵبه‌ستراو و ناڕاست، بۆیه هه‌رچه‌نده بنه‌بڕكردنی ئه‌م دیارده‌یه قورسه، به‌ڵام كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی و سنوورداركردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی تاڕاده‌یه‌ك له توانادایه.
له‌م نێوه‌نده‌شدا ئه‌ركێكی زۆر گه‌وره و گرنگ ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌زگا دادوه‌رییه‌كان و به‌تایبه‌تیش داواكاری گشتی كه ده‌بێت زۆر كاراتر بێنه مه‌یدانه‌كه و ته‌نیا پشت به‌و داوا و سكاڵایانه نه‌به‌ستن كه له‌لایه‌ن خه‌ڵك و ناوه‌ندی جیاجیاوه سه‌باره‌ت به هه‌واڵی ساخته و ناڕاست پێشكه‌شیان ده‌كرێت، به‌ڵكو بۆ هه‌ر چه‌واشه‌كاریی و بڵاوكردنه‌وه‌یه‌كی نادروست و ناڕاست به‌دواداچوونی خۆیان هه‌بێت و به‌پاڵپشتی بنه‌مای یاسایی پاراستنی مافی گشتی لێپێچینه‌وه له‌و میدیا و كه‌سانه بكه‌ن كه چ له كه‌ناڵه‌كانیان یان له ئه‌كاونت و په‌یجی تایبه‌تیان له سۆشیال میدیا زانیاری ناڕاست و چه‌واشه‌كاریی یاخود هاندانی دووبه‌ره‌كی یان بره‌ودان به ناوچه‌گه‌رێتی و حسابنه‌كردن بۆ باری ده‌روونی خه‌ڵك بڵاوده‌كه‌نه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.
بۆیه رۆڵی یاسا له‌م پرسه‌دا زۆر گرنگه و ده‌توانێت تا ئاستێكی باش چه‌واشه‌كاریی كه‌م بكاته‌وه، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌دانیم بتوانێت بنه‌بڕی بكات، به‌تایبه‌تی كه كه‌س و لایه‌نی به‌رپرس له چه‌واشه‌كاریی و ساخته هه‌واڵ، چه‌ندین رێگا و شێوازی فێڵاوی و په‌ره‌پێدراو بۆ كاره‌كه‌یان ده‌گرنه‌به‌ر و سوود له پێشكه‌وتووترین ته‌كنیك ده‌بینن.
*زۆر سوپاستان ده‌كه‌ین و هیواداراین كه ئه‌م دیداره رێگرنه‌بێت له‌وه‌ی كه دوای ئاساییبوونه‌وه‌ی هه‌لومه‌رج و بارودۆخی كوردستان، له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ئاهه‌نگێكی جوان بۆ ناساندنی ئه‌م كتێبه ساز بكه‌ین.