سوكایەتی و رێگری بوەستێنن
PM:01:31:07/04/2020

7ی نیسانی 2020: سەنتەری میترۆ داوا لە وەزیری ناوخۆو وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەو پێشمەرگەو هێزانەی ناوخۆ كە لە ئەركدان ئاگادار بكات، رێز لەو میدیاكارانە بگرن كە ئەمڕۆ لە ریزی پێشەوەن بۆ گواستنەوەی زانیاری و هۆشیاری خۆپارێزی.

سەنتەری میترۆ چەندین سكاڵای لە رۆژنامەنوسانی كەناڵەكانی راگەیاندن لە شارەكانی هەرێم پێگەیشتووە كە باس لە مامەڵەی نەشیاوو دور لە رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەكەن، لەكاتی تێپەڕینیان لە بازگەكانی ناو شارو دەرەوە رێگری و سوكایەتییان پێدەكەن.

لەسەرەتای خۆئامادەكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربونەوەی دۆخی نەخوازراو، میدیاكانی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشی "كۆرۆنا" پاڵپشتی ئەو هەڵمەتە نیشتیمانییە بوون كە بۆ بڵاوكردنەوەی رێنمایی وهۆشیاری خۆپارێزی تەندروستی راگەیەندرا.
لەپاڵ ئەم هەڵوێستانە جارێ بەكەم تەماشاكردنی رۆڵی میدیاكاران لە هەندێ بازگە بەدیدەكرێت كە جێگەی نارەزایەتی ئێمەو رۆژنامەنوس و میدیاكارانن.

سەنتەری میترۆ داوا لە وەزیری ناوخۆو وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەو پێشمەرگەو هێزانەی ناوخۆ كە لە ئەركدان، ئاگادار بكات ، رێز لەو میدیاكارانە بگرن كە ئەمڕۆ لە ریزی پێشەوەن بۆ گواستنەوەی زانیاری و هۆشیاری خۆپارێزی.

سەنتەری میترۆ پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو رۆژنامەنوس و میدیاكارو دەزگای راگەیاندنانە دوپاتدەكاتەوە، دەستی ماندووبونیان دەگوشێت و دەستخۆشییان لێدەكات.