سه‌نته‌ری میترۆ: بكوژی ڕۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێم به‌شێكیان بە ئازادنە لەناوماندان و دەستی یاسا نایانگاتێ
PM:03:34:05/05/2020
شارپرێس
بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، قسەكردن لەسەر دەربازنەبوونی بكوژانی رۆژنامەنوسان پەیوەستە بە بوونی دادگایەكی بەهێزو دادوەرو پاك هەر ئەو دادگا سەربەخۆیە دەتوانێت ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕێتەوە.

ئەمرۆ (5)ی ئایار لە یادەوەری رۆژنامەنوسان و میدیا و رێكخراوەكانی داكۆكیكار یادی تاوانی رفاندن تیرۆركردنی رۆژنامەنوس سەدەشت عوسمانە، دیاری محمد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بە شار پرێسی راگەیاند، "تێپەڕبوونی (10) ساڵ بەسەر ئەو تاوانە ئەگەر زیاتر لە مانایەكی هەبێت ئەوە یەكێك لەماناكانی نەبوونی سەروەری یاسایە لەم هەرێمەدا ووتی" ناتوانین ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕینەوە ئەگەر دامەزراوەیەكی دادوەری بەهێزو دادوەرو پاكمان نەبێت".

دیاری محمد باسی لەوەكرد "هەرێمی كوردستان و عێراق  ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبونی بكوژان لەو تاوانانەی بەرامبەر بە میدیا و میدیاكاران ئەنجام دەدرێن، بكەرانی تاوانەكان یا نەناسراون، یان ناسراون و بە ئازادنە لەناوماندان و دەستی یاسا نایانگاتێ،  جەختیكردەوە " دەربازبوون لە سزا بەشێكە لە بازنەی توندوتیژی، ناو بەناو بە شێوازی نوێ دەگەڕێتەوە".

به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری میترۆ ده‌شپرسێت "ئایا لە هەرێمی كوردستان ئیرادەیەكی سیاسی هەیە كە بیەوێت دژی بوەستێتەوە؟ وەڵامەكە  تا ئێستا نەخێرە".

دیاری داوایكرد خەباتی مەدەنی و ئازادیخوازانەی كۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە جۆشتر بن بۆ ئاشكراكردنی بكەرانی ئەو تاوانانە".

تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەكان لە كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركرا، سۆرانی مامە حەمە،  دكتۆر عبدالستار تاهیر شەریف، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، داخراون.

بەرێوەبەری سەنتەری باسی لەوەكرد، ئەگەر كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو لەوانەش كەیسی سەردەشت عوسمان لە دامەزراوەی دادوەری هەرێمی كوردستان داخرابن ئەوە مانای ئەوە نییە هەتاهەتایە بە داخراوەیی دەمێنێتەوە ووتی "ئەو  كەیسانە نمونەی زەقی دەربازبوونی بكوژانە لە تاوان، لای ئێمە دانەخراوە، ئەو كاتە هەر دێت كە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە" .

وتیشی "دەربازبوون لە سزا مانای یاسای دارستانە نەك یاسای دەوڵەتی مەدەنی بۆ ماوەیەكی زۆر خەڵك لەسەریان رانایەت هەر دەبێت بگۆڕدرێت".