رووداو رێگرتن لە كاركردنی ڤیڤیان فەتاح لە رۆژئاوای کوردستان پرۆتێستۆ دەکات
PM:12:28:11/05/2020

ەمڕۆ 10ی ئایاری 2020 نووسینگەی راگەیاندنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بڕیاریدا ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو بۆ ماوەی دوو مانگ لە کاری رۆژنامەوانیی قەدەخە بکات و تۆمەتی "سوکایەتیکردن" بە شەهیدان دەخاتە پاڵ ئەو رۆژنامەنووسە. پەیوەندییە گشتییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتێکدا پرۆتێستۆی ئەو بڕیارە دەکات، ئەو بڕیارە بە ناوزڕاندن و سووکایەتی بە کاری رۆژنامەڤانی لە قەڵەم دەدات.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی پەیوەندییە گشتییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو 
 
رێگرتن لە كاركردنی هاوكارمان ڤیڤیان فەتاح پرۆتێستۆ دەكەین 
 
ئەمڕۆ 10ی ئایاری 2020 (هاوسەرۆكایەتی نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا)، بڕیاریدا كاركردنی هاوكارمان (ڤیڤیان فەتاح) پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ ماوەی دوو مانگ لە ئەنجامدانی هەر جۆرە كارێكی میدیایی قەدەخە بكات. 
 
ئەو بڕیارە پێچەوانەی هەموو تێگەیشتنێكی راستەقینەیە لە كاری میدیایی و دژی بنەماكانی ئازادی كاری رۆژنامەڤانییە. ئەو پاساوانەی لەو بڕیارنامەیەدا هاتوون و تۆمەتباركردنی ڤیڤیان فەتاح بە سووكایەتیكردن بە شەهیدان، هیچ بنەمایەكی دروستیان نییە. هەر كەسێكی شارەزای كاری رۆژنامەڤانی تەماشای ئەو راپۆرتە تەلەڤزیۆنییەی ڤیڤیان فەتاح بكات كە ئەو هاوكارەمان لەسەری تۆمەتباركراوە، دەزانێت ئەوە رستەیەكی رۆژنامەنووسیانەیە لە چوارچێوەیەكی میدیایی دوور لە هەموو مەبەستێكی سیاسی بەكارهاتووە، لەبەرئەوەش ئەو لێكدانەوە سیاسییەی بۆی كراوە تەواو نادروستە. 
 
هاوكارمان ڤیڤیان فەتاح، كە خۆی كچی شەهیدێكی كردەوەیەكی تیرۆریستییە، بە كاری پیشەییانە و ئازایانەی میدیایی لە هەموو بارودۆخە سەختەكاندا، خاوەن خۆشەویستییەكی بەرفراوانی جەماوەرییە لە رۆژئاوای كوردستان و بەشەكانی دیكەی كوردستان. 
 
ئێمە لەكاتێكدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دەكەین، لە هەمانكاتدا ئەو بڕیارنامەیەش بە ناوزڕاندن و سووكایەتیكردن بە كاری هاوكارمان ڤیڤیان فەتاح دادەنێین. 
 
پەیوەندییە گشتییەكانی
تۆڕی میدیایی رووداو 

 

دەقی بڕیارەکەی هاوسەرۆكایەتیی نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا

 

دەقی بڕیارەکەی هاوسەرۆكایەتیی نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا
دەقی بڕیارەکەی هاوسەرۆكایەتیی نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا
 
پشتبەستوو بە یاسا کارپێکراوەکان بۆ رێکخستنی کاری راگەیاندن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هاوکات ئەو بڕگانەی ئاماژە بە پاراستنی شکۆی مرۆڤ و لێکتێگەیشتنی ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بڕیاردرا پەیامنێری تەلەڤزیۆنی رووداو ڤیڤیان فەتاح بۆ ماوەی دوو مانگ لە هەر کارێکی رۆژنامەڤانی قەدەخەبکرێت، ئەویش بەهۆی سووکایەتیکردن بە شەهیدان و خێزانەکانیان. بڕیارەکە لە  رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە جێبەجێدەکرێت. 
 
جێگەی باسکردنە کە بڕیارەکە لە سەر داوای کۆمەڵێک لە خێزانی شەهیدان دراوە و لە پاش ئەوە دێت کە نووسینگەی راگەیاندن و یەکێتیی راگەیێندکارانی ئازادی سەر بە خێزانی شەهیدان داواییان کردبوو ئەو پەیامنێرە لە بووڵتەنی دواتر داوای لێبووردن بکات، ئەویش رەزامەندی دابوو. بەڵام لەجێی داوای لێبووردن، سووربوو لەسەر سووکایەتیکردن و وەلاخستنی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئەو دوو دامەزراوەدا کردبووی، تەنانەت پێشکێشکاری ئەو بووڵتەنە تۆمەتی داوەتە پاڵ ئەو کەسانەی کە ناڕەزایەتییان لەسەر ئەو پەیامنێرە هەبووە و بە کەسانی ئاژاوەگێڕ ناوی بردبوون، بەجۆرێک لەبیری کردووە کە زۆربەی ئەو کەسانە کە پەیامنێرەکە سووکایەتی بەرامبەر کردوون  کەسوکاری شەهیدانن، ئەمەش شتێکی قبووڵکراو نییە، جا چ پەیامنێر ئەو کارە بکات یان پێشکێشکار. 

- Rudaw