رێگریكردن لە ڤیڤیان رێگرییە لە ئازادی و ئازایی ژن
PM:03:31:13/05/2020


سەنتەری میترۆ و گۆڤاری ژن ئیدانەی قەدەخەكردنی كاری رۆژنامەوانی كچە میدیاكار ڤیڤیان فەتاح لە رۆژئاوا دەكات، رای وایە قەدەخەكردن و رێگریكردن لەو كچە رۆژنامەوانە، رێگریكردنە لە هەواڵ و زانیاری نوێ و توانا و بوێری رۆژنامەنووسێكی ژن.لەكاتێكدا زۆربەی رێكخراوە نێودەوڵەتی و ئاژانسەكان جەخت لەسەر فراوانكردنی مەودای ئازای بیروڕادەربڕین دەكەنەوە و هانی هاتنەپێشەوەی ژنانی رۆژنامەنووس دەدەن، بۆ ئەوەی لەو ناوچە و وشوێنانەی كە جەنگ و ناكۆكی و ململانێی نێی تێدایە میدیا ببێتە دەنگێكی كاریگەر بۆ دروستكردنی رای گشتی و گەیاندنی كێشەو گرفتەكان، بەڵام ئەوەی جێگەی نێگەرانییە” نووسینگەی راگەیاندنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە رۆژی 10ـئایار” بڕیاریداوە ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو بۆ ماوەی دوو مانگ لە کاری رۆژنامەوانیی قەدەخە بکات و تۆمەتی “سوکایەتیکردن” بە شەهیدان دەخاتە پاڵ ئەو رۆژنامەنووسە، لەكاتێكدا گوتەكانی لە چوارچێوەی كاری میدیایی بووە، گواستنەوەی زانیاری بووە.ڤیڤیان فەتاح، لە نیسانی 2018 دەستی بە كاركردووە لە تۆڕی میدیایی رووداو. رووماڵەكانی بۆ شەڕی داعش زۆر دەنگیاندایەوە لە كوردستان، زۆر لە بەرهەمەكانی لەو ئاژانس و تەلەڤزیۆنانە بڵاوكرانەوە كە رێككەوتنی هاوكارییان هەیە لەگەڵ رووداو. ڤیڤیان فەتاح، لە 3ی ئابی 2018 ڤیتییەكی ئامادەكرد لەسەر ژیانی ژنانی كوردی ئێزدی لە رەققە لەژێر دەستی داعشدا، لەو ڤیتییەدا كە ڤیڤیان جلی ژنانی داعشی پۆشیبوون، بە وردی لەو شوێنانەی ئەو ژنانەی لێ ژیاوە ، باسی شێوەی ژیانی ئەوانی كرد ، ئەو بەرهەمەی زۆر بڵاوبووەوە و دەنگیدایەوە. ڤیڤیان رووماڵی شەڕی داعشی كرد لە رەققە، دێرزوور و هەروەها رووماڵێكی تەواوی كرد بۆ شەڕی هێزەكانی سووریای دیموكرات بە پشتیوانی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە باغۆزی سووریا، كە بە دوایین ناوچەی خەلافەتی داعش دادەنرا. بەشدارییە راستەوخۆییەكانی ڤیڤیان لە بوولتەنەكانی رووداو دا، ڤیتییەكانی سەبارەت شەڕی باغۆز زۆر بینەر و بیسەریان هەبوو. ڤیڤیان فەتاح تاوەكو دوایین خاڵی نێوان سووریا و عێراق رووماڵی شەڕی داعشی كرد.هەروەها هەڤپەیڤینەكەی لە مانگی حوزەیرانی 2019 لەگەڵ ستیڤ دوورات، چەكداری داعشیی خەڵكی لۆكسمبۆرگ كە ئێستا لە زیندانەكانی هێزەكانی سووریای دیموكراتدایە، زۆر بە فراوانی بڵاوبووەوەو، بووە رۆژەڤی میدیا و حكومەتی لۆكسمبۆرگ. ڤیڤیان فەتاح، ساڵی 1992 لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە. بڕوانامەی لە بواری دەرووناسیدا لە زانكۆی حومسی سووریا وەرگرتووە. لە ساڵی 2015 لە دەزگاكانی راگەیاندن دا دەستی بە كار كردووە. لە رۆژی 12ی ئاداری 2004 لەكاتی ئاڵۆزییەكانی یاری نێوان یانەی جیهادی قامشلۆ و فتوەی دێرزوور لەگەڵ باوكی لە یاریگەی قامشلۆ بووە، كە لایەنگرانی فتوە و پۆلیس هێرشیانكردە سەر كورد و لە ئەنجامدا كورد لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان لە دژی حكومەتی سووریا راپەڕین، لەوكاتدا حەزیكردووە ببێتە رۆژنامەڤان بۆ گواستنەوەی هەواڵەكان. هەروەها ئەوكاتەی باوكی لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی دانراوی داعش لە قامشلۆ گیانی لەدەستدا، خۆی هەواڵەكەی خوێندووەتەوە، دوای تەواوبوونی بوولتەنەكە زانیویەتی ئەو هاونیشتیمانییە سیڤیلەی كە ناوی لە هەواڵەكەدا نەنووسرابوو، باوكی بووە. ڤیڤیان فەتاح، ساڵی 2015 وەك كامێرامان لە تەلەڤزیۆنی رۆناهی كاری كردووە لە رۆژئاوای كوردستان، دواتر وەك بێژەری هەواڵ لە تەلەڤزیۆنی گەلی كوردستان و رادیۆی دواڕۆژ و تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی لە باشووری كوردستان كاری كردووە .سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.میترۆ بە پێی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە. بۆ ساڵی 2020 ژوار پرۆژە بە هاوكاری وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و Intenews جێبەجێدەكات.