راپۆرتێکی نێودەوڵەتی زیانەکانی کۆرۆنا بۆ عێراق ئاشکرا دەکات
AM:10:36:13/06/2020


رووداو - هەولێر 

راپۆرتێکی "رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران" روونی دەکاتەوە کە کۆرۆنا و رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کاریگەریی گەورەیان لەسەر عێراق هەبووە و زیانیان پێگەیاندووە.
 
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، حکومەتی عێراق ژمارەیەک رێکاری بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووەتەبەر، لەوانەش" هەندێک جار قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاندووە، داخستنی قوتابخانەکان، سنوورداکردنی گەشتەکان بۆ ناو عێراق و دەرەوەی عێراق.
 
لە ئاداری رابردوودا حکومەتی عێراق قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند، ئەوەیش کاتێک ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە نزمبوو و تەنیا رێگە بە هەندێک دەرمانخانە و سوپەرمارکێت درا بکرێنەوە. لە کۆتایی نیساندا حکومەت رێکارە تووندەکانی کەمکردنەوە، بەڵام لە کۆتایی مانگی رابردوودا جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرایەوە.
 
راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر مانگی نیسان و سەرنجی لەسەر کەرتە جیاوازەکانە و دەڵێت،  بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە بارودۆخی ئابووریی خراپتر کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنایش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و چەقبەستوویی سیاسییەوە باری ئابووری باش نەبوو؛ دەکرێت ئەم بارودۆخە ئابوورییەش لە داهاتوودا خراپتر ببێت، ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامبوونی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتدا. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ڤایرۆسەکە بووەتە هۆی ئەوەی تێکڕای بەرهەمهێنان لە نیسانی 2020ـدا 52٪ و تێکڕای فرۆشتن 71٪، تێکڕای هەلی کار 40٪، تێکڕای مووچەی کارمەندان 36٪ کەمبێتەوە و تێکڕای داهاتی لەدەستچوویش تاوەکو مانگی حوزەیران بە 18 هەزار و 540 دۆلار بخەمڵیندرێت. 
 
ئەوەی کە پەیوەندیی بە کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانەوە هەیە، تێکڕای کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان 68٪، تێکڕای کەمبوونەوەی فرۆش 75٪، تێکڕای هەلی کار 52٪، تێکڕای کەمکردنەوەی مووچە 25٪ و لەدەستدانی داهاتیش تاوەکو مانگی حوزەیران بە نۆ هەزار و 499 دۆلار بخەمڵێنرێت. 
 
پەیوەندیدار بە کەرتی خۆراک و کشتوکاڵەوە، لە نیساندا 61٪ بەرهەم کەمبووەتەوە، 75٪ فرۆش، 45٪ دەرفەتی کار و 45٪ مووچە کەمبووەتەوە و داهاتی لەدەستچوویش لەو کەرتەدا تاوەکو مانگی حوزەیران بە 33 هەزار و 58 دۆلار دادەنرێت. 
 
لە کەرتی خزمەتگوزاریدا تێکڕای کەمبوونەوەی بەرهەم بە 57٪، تێکڕای کەمبوونەوەی فرۆش بە 78٪، تێکڕای کەمبوونەوەی هەلی کار بە 39٪، تێکڕای کەمبوونەوەی مووچە بە 40٪ دانراوە و داهاتی لەدەستچوویش تاوەکو مانگی حوزەیران بە پێنج هەزار و 413 دۆلار خەمڵێنراوە. 
 
پەیوەندیدار بە کەرتی فرۆشتنەوە، رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ئاماژە بەوە دەکات، تێکڕای کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەو کەرتە لە مانگی نیساندا 18٪ بووە، تێکڕای کەمبوونەوەی فرۆش 56٪، تێکڕای کەمبوونەوەی هەلی کار 21٪، تێکڕای کەمبوونەوەی مووچە 41٪ بووە و داهاتی لەدەستچوویش بە 22 هەزار و 879 دۆلار تاوەکو مانگی حوزەیران دانراوە.