رۆژی جیهانی پەنابەران لە سەردەمی کۆرۆنادا





ئەمساڵ ، یادی رۆژی جیهانی پەنابەران لە کاتیکدا دەکەینەوە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوی مرۆڤایەتیدا ژمارەی پەنابەران رێژەی ١% دانیشتوانی جیهان تێدەپەرێنێت و لە سەردەمانێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەهەموو جیهاندا بلاوبۆتەوە و کاریگەریە نەرێنیەکانی لەسەر ژیانی هەموان و قورستریش لەسەر ژیانی پانەباران، دروستکردوە. نەتەوەیەکگرتوەکان وەک لایەنی سەرەکی بەرپرسیار لە پاراستن و دابینکردنی ژیان وگوزەرانی شایستە بۆ پەنابەران داواکراوە کە هەوڵەکانی زیاتر بکات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزە. لەم سەردەمەدا کە پەنابەران لەبەردەم مەترسی توشبون بە کۆرۆنا و لەدەستدانی کارەکانیاندان ، ناکرێت نەتەوەیەکگرتوەکان خەمی یەکەمی پاراستنی ستافەکانی بێت لە کۆرۆنا لەرێگەی زیادکردنی رۆتیناتی کارکردن، تێکەڵنەبون لەگەڵ پەنابەران و تێگەیشتین لە قولبونەوەی کێشەکانیان بەهۆی بلاوبونەوەی ئەم پەتایە. پەنابەران رۆژانە روبەروی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە ، مۆڵەتی مانەوەیان بەهۆی کەرەنتین و کارنەکردنی ستافی نەتەوەیەکگرتوەکان نوێناکرێتەوە ئەمەش دەیانخاتە بەر مەترسی لەدەستدانی کارەکانیان بەهۆی نەبونی مۆلەتێ مانەوە ، زانیاری پێوستیان نیە لەسەر چونیەتی کارکردنی ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەردەمی کۆرۆنادا ، هیچ ئالیەتێکی رون نیە بۆ چۆنیەتی پەیوەندیکردن ئەمەش سەرلێشێوانێکی گەورەی بۆ پەنابەران دروستکردوە. جیاوازی لە نێوان پەنابەرانی هەلهاتوو لە ولاتی سوریا لەگەڵ پەنابەرانی هەلهاتوو لە ئێران و تورکیا بەردەوامی هەیە و هەموشیان بێبەشن لە دابینکردنی ژیانێک کە شایستەی پەنابەران بێت. وەک دەزانرێت زیاتر ٨٠% ی پانەبەران لە هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین ، ئەم رێژە زۆرەی پەنابەرانی دەرەوەی کەمپ لە زۆربەی خزمەتگوزاریەکانی ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بێبەشن و تا ئەمرۆش زۆربەیان تەنانەت ناوی ئاو ئاژانسانەش نازانن چ جای کارو خزمەتگوزاریەکانیان. رێکخراوی CDO لەم رۆژەدا سوپاسی هەموو ئەو سەرمایەدار ، خۆبەخش و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانە دەکات کە لەماوەی (٤) مانگی بلاوبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆڵی سەرەکیان بینی لە بەهاناوەچونی خەلکی کەمدەرامەتی پەنابەران ، ئاوارەکان و خەلکی خانەخوێ بێجیاوازی وە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە داوای رونکردنەوە لە ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بکات لەسەر سستی کار و خزمەتگوزارییەکانیان لەماوەی ناوبراودا. رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO



PM:05:49:20/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌