پارێزگاری سلێمانی گوزارشته‌كانی لۆگۆی په‌سه‌ندكراوی سلێمانی، وه‌ك شاری ئه‌ده‌بیی یونسكۆ رونده‌كاته‌وه
شارپرێس:
پارێزگاری سلێمانی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوركده‌وه و تیایدا گوزارشته‌كانی لۆگۆی په‌سه‌ندكراوی سلێمانی، وه‌ك شاری ئه‌ده‌بیی یونسكۆ رونكردووه‌ته‌وه.
لۆگۆی په‌سه‌ندكراوی سلێمانی، وه‌ك شاری ئه‌ده‌بیی یونسكۆ، گوزارشت له‌م مه‌به‌ست و بیر‌و ناو‌و واتا‌و ناوه‌ڕۆكانه ده‌كات:
۱. شێوه‌ی گشتیی؛ شێوه‌ی بازنه‌ییه، بۆ گوزارشت له جوڵه‌ی سروشتیی و گه‌ردونیی و مرۆیی و به‌رده‌وامیی ڕه‌وتی ئه‌ده‌بیی و ڕۆشنبیریی و كه‌لتوریی و هونه‌ریی و زانستیی و سیاسیی و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌وڵه‌تداریی.
۲. شه‌شڕیانێكی هاوبه‌ش و شه‌ش ڕێگای سه‌ره‌كیی، كه گوزارشتێكی ئه‌ندازه‌یی له سه‌نته‌ری شار‌و به‌تایبه‌تیی به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی ده‌كات وه‌ك خاڵی هاوبه‌شی كۆكردنه‌وه‌ی شارنشینان و چه‌قی چالاكییه ئه‌ده‌بیی و فیكریی و سیاسیی و جه‌ماوه‌ریی و حوكمڕانییه‌كان و شوێنی به‌یه‌ككگه‌یشتن و جیابوونه‌وه‌و مه‌كۆی هه‌ڵوێست و ناڕه‌زایه‌تیی و شین و شادیی و گۆڕانكارییه‌كان؛ هه‌ر له‌سه‌ر ده‌می میرنشینی بابانییه‌كانه‌وه تا به ئێستا ده‌گات، ده‌بێته هێمایه‌كی لۆژیكیی بۆ شه‌ش سه‌رده‌م و ڕه‌هه‌ندو به‌رهه‌م و داهێنانی ئه‌ده‌بیاتی كوردیی (ئه‌ده‌بیاتی فۆلكلۆریی، ئه‌ده‌بیاتی میللیی، ئه‌ده‌بیاتی كۆن، ئه‌ده‌بیاتی ڕۆمانتیكیی، ئه‌ده‌بیاتی ڕیالیزمیی، ئه‌ده‌بیاتی نوێ)، سلێمانی وه‌ك چه‌قێك بۆ سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبونه‌وه‌و گه‌شه‌كردنی ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی و هونه‌ر؛ پیشانده‌دات.
۳. ڕه‌نگه‌كان، گوزارشتن له ته‌ون و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و جیاوازیی و جیاكاریی ته‌واوكارییانه‌ی مێژوو ڕاو بڕوا‌و باوه‌ڕو ڕه‌هه‌ندو ڕامان و ڕه‌وته ئاینیی و ئه‌فسانه‌یی و ئه‌ده‌بیی و ئه‌ندێشه‌گه‌ریی و ئایدۆلۆژیی و خودبینیی و دنیابینیی و كه‌لتورو هونه‌رو شوێنه‌وارو شار‌و شاره‌وانیی و شارستانێتیی هاوسه‌نگی هه‌مه‌ڕه‌نگی هه‌مه‌جۆری سلێمانی.
٤. دابه‌شبوون و ڕوبه‌رو شێواز‌ی ڕه‌نگه‌كان؛ گوزارشتن له جیاوازیی قه‌باره‌و شێوه‌و ئاراسته‌و گۆشه‌ی پێكهاته‌كانی شار، كه به‌هه‌موویان شێوه‌یه‌كی بازنه‌ییان نه‌خشاندووه‌و هێزو تین و تاو‌و وزه‌و جوڵه‌و ڕه‌وت و له‌ره‌و شه‌پۆل و ژیان و به‌رده‌وامیی به شار ده‌به‌خشن.
٥. شێوه‌و نه‌خشی پێكهاته گۆشه‌یی و ئه‌ندازه‌ییه‌كان؛ گوزارشتن له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی سلێمانی كه بوونه‌ته ناو‌و ناوك و ماكی گه‌شه‌كردنی شار.
٦. نه‌خشی ناو پێكهاته‌كان؛ گوزارشتن له قوڵایی مێژوویی و ڕه‌سه‌نایه‌تیی و ئاسه‌وارو كه‌له‌پوورو هونه‌رو كاری ده‌ستیی خۆماڵیی؛ له نه‌خش و نه‌خشه‌و ته‌خت و ڕه‌نگی ده‌ستچنی به‌ڕه‌و قاڵیی و ڕاخه‌رو جاجم و چنراوه كورده‌وارییه‌كانی تره‌وه وه‌رگیراون و ده‌لاله‌تن بۆ شه‌قام و گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و ماڵ و هه‌یوان و تاق و ژوور‌و شوێنی نیشته‌جێبوونی خه‌ڵك و ئه‌دیبان و منه‌وه‌رانی شاره‌كه‌و په‌رستگاو كڵێسا‌و مزگه‌وت و خانه‌قاو ته‌كیه‌و هۆڵ و سه‌كۆو مه‌كۆو شانۆ‌و گه‌له‌ریی و سینه‌ماو خوێندنگا‌و كتێبخانه‌و كۆڕ‌و ئه‌نجومه‌نه ئه‌ده‌بییه‌كان و زانكۆ‌و په‌یمانگاو ناوه‌نده زانستییه‌كان.
له ته‌ختی نه‌خشه‌كاندا؛ تیپ و هێمای ده‌نگیی فۆنێمه تایبه‌ته‌كانی زمان وئه‌ده‌بیاتی كوردیی: /پ، چ، ژ، ڤ، گ/؛ وه‌ك هێمای ڕه‌سه‌نایه‌تیی زمان و زار‌و نوسین و ڕێنووس و ئۆرسۆگرافیی؛ وێناكراون.
له به‌شی خواره‌وه‌یاندا، نیگاری ئاسكێك كێشراوه؛ وه‌ك هێمای شار‌و شاره‌وانیی كه‌له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌ن و سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانییه‌وه، له سه‌ر ڕاسپارده‌و پێشنیازی ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا له ساڵی(۲٠٠٠)ە‌وه، وه‌ك لۆگۆی فه‌رمیی شاره‌وانیی سلێمانی په‌سه‌ندكراوه‌و گوزارشت له بوون و ژیان و هونه‌رو ژینگه‌و سروشت و زیندوێتیی و جوانیی و ژیاندۆستیی و خاك و ئاو‌و ناوازه‌یی و شوێنه‌وارو نوێبوونه‌وه‌و تایبه‌تمه‌ندیی مێژوویی و ڕه‌سه‌نایه‌تیی گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی سلێمانی ده‌كات.
هه‌موو ئه‌مانه وه‌كو كۆڕی ئه‌ده‌بیی و په‌ڕه‌و ده‌ستنووس و په‌یام وپه‌یكی ئه‌ده‌بیی و ڕۆشنبیریی سه‌رده‌مه جیاجیاكانی سلێمانی به ئاراسته‌گه‌لی جیاجیا خۆیان نمایشده‌كه‌ن.
پارچه‌و ڕه‌نگ و نه‌خشی تانوپۆی پارچه‌كان؛ هێمان بۆ په‌ڕه‌و لاپه‌ڕه‌و پارو پارچه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتورو ده‌ق و ده‌ستنووس و دیوان و كه‌شكۆڵ و ژیاننامه‌و به‌رهه‌م و بابه‌تی ئه‌دیبانی كورد.
ده‌نگه‌كان، ڕه‌نگه‌كان، زایه‌ڵه‌و زه‌نگه‌كان، وشه‌كان، هێماو وێنه‌و نیگار‌و دیمه‌ن و ئاراسته‌و ڕه‌هه‌ندو ڕه‌وته‌كان؛ به هه‌موو ته‌بایی و كۆكیی و جیاوازیی و ناكۆكیانه‌وه؛ یه‌كتری ته‌واوده‌كه‌ن و به‌رده‌وامیی به‌ڕه‌وتی ئه‌ده‌بیی سلێمانی ده‌ده‌ن، پارچه‌كان چه‌ند لێك دوربن؛ ته‌واوكه‌ری نه‌خشی یه‌كترین و نه‌خشی ڕاسته‌قینه‌ی به‌هاداری سه‌رده‌مه‌كه ته‌واوده‌كه‌ن.
د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر
پارێزگاری سلێمانی
۲۱‌ی حوزه‌یرانی ۲٠۲٠
PM:12:48:22/06/2020
ئه‌م بابه‌ته 216
جار خوێنراوه‌ته‌وه