ڕێکخراوی CPJ : دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕەت بکاتەوە





ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان( CPJ ) دەڵێت دەبێت کاربەدەستانی کوردستانی عێراق ڕێگە بدەن کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئازادانە ڕووماڵی هەواڵەکان بکات بەبێ ئەوەی فشاری فەڕمی بخرێتەسەر.

ڕێکخراوی CPJ وتی بەپێی هەواڵێکی ئێن ئاڕ تی و بەڕێوبەری گشتی کەناڵەکە ئاوات عەلی، داواکاری گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق ناردووە و تیایدا داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕتی دەکات بە هەردوو بەشی کوردی و عەرەبییەکەیەوە.

لە نامەکەی داواکاری گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە دەڵێت ڕووماڵی کەناڵی ئێن ئاڕتی بۆ خۆپیشاندانەکان " هانی خەڵکی داوە ڕێکارە تەندروستیەکانی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا پێشێل بکەن." هەروەها دەشڵێت " لەم دۆخە مەترسیدار و هەستیارەدا کەناڵەکە کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر باری دەروونی خەڵک."

بەڕێوبەری گشتی کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئاوات عەلی بە ڕێکخراوی CPJ وت ئێن ئاڕ تی لەڕێی هەواڵی میدیاکانەوە بە نامەکەی زانیوە و هیچ ڕێوشوێنێکی فەڕمی دژی کەناڵەکە نەگیردراوەتەبەر.

نوێنەری ڕێکخراوی CPJ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ وتی " دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕەت بکاتەوە، هەروەها ڕێگە بدات کەناڵەکە ئازادانە بەردەوام بێت لە ڕووماڵکردنی پەتای کۆرۆنا و ئەو هەواڵانەی دیکە کە شایستەی ڕووماڵکردنن، لەوانەش خۆپیشاندانەکان."وتیشی " دەبێت کاربەدەستانی کوردستانی عێراق ڕاگەیاندنە خۆجێییەکان هەراسان نەکەن و نەیانترسێنن لە هەوڵیاندا بۆ گۆڕینی ڕووماڵکردنی بابەتە گرنگەکان."

ئێن ئاڕ تی لە هەواڵەکەیدا وتی کەناڵەکە لە مانگی 10 ی 2019 ەوە هیچ بەرنامە و پڕۆگرامێکیان بە زمانی عەرەبی لە ئۆفیسەکانیان لە بەغداد تۆمار نەکردووە.

ئاوات عەلی بە ڕێکخراوی CPJ وت باوەڕی وایە " نامەکە هەوڵێک بووە بۆ ترساندنی ئێن ئاڕ تی تاوەکو ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت ڕابگرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بڕیاری بڕینی موچەی کارمەندانی گشتی درا."

بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ بۆ مافەکانی پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان ڕەحمان غەریب بە CPJ وت داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی زیان بە ناوبانگی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

ڕەحمان غەریب وتی " میدیا پایەیەکی گرنگی دیموکراسیە، ئەگەر کەناڵێک دابخەیت کەواتە چۆن بە خۆت دەڵێیت دیموکراسی؟ "

لە مانگی چواردا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاڕاستەی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان کرد و تیایدا داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی کەناڵەکە هەواڵێکی بڵاوکردەوە تیایدا ئاماژەی بەوەدابوو کە گوایە کاربەدەستانی هەرێم ژمارەیەکی زیاتر لە ژمارە ڕاستەقینەکەی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ڕادەگەیەنن تاوەکو وا لە خەڵک بکەن خۆپیشاندان نەکەن.

-dengiamerika


PM:12:46:24/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 32 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌