عیراق.. 40 رۆژنامه‌نووس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون
PM:01:17:28/06/2020


موئەید لامی، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق، رایگەیاند کە تا ئێستا، 40 رۆژنامەنووس لە عیراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بوون.

لامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرای کردووە، بەپێی ئەو ئامارانەی کە دەستیان گەیشتووە، تا ئێستا 40 رۆژنامەنووس لە عیراق تووشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئەو رۆژنامەنووسانە بەهۆی ئەوەی لە میانی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا لەگەڵ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرکەوتنیان هەبووە، تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

موئەید لامی، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق باسی لەوەشکردووه‌، کە رەوشی زۆربەی ئەو رۆژنامەنووسانەی تووشی کۆرۆنا بوون، جێگیرە و وتیشی:"ئەگەر پێویست بکات، ئەوە ئامادەین لە داهاتوودا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەو رۆژنامەنووسانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بکەینەوە".

بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا، 41 هەزار و 193 كەس لە عیراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەیش هەزار و 559 کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 هەزار و 859ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.

-westganews