كۆرۆنا.. پاساوێكی تر بۆ بەرتەسككردنی ئازادی رۆژنامەنوسی
PM:06:29:04/07/2020


ئامارەكانی شەش مانگی پێشێلكاری بەرامبەر ئازادیی رۆژنامەنوسی
هەولێر 4ی تەموزی 2020: لە شەش مانگی رابردوودا لە 1ی كانوونی دووهەم بۆ 30 حوزەیرانی 2020 سەنتەری میترۆ (98) جۆری پێشێلكاری بەرامبەر (72) رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆمار كردوە، لە ناویاندا (5) رۆژنامەنوسی ژن بوون. بەم شێوەیە:
(53) حاڵەتی رێگری لە رووماڵكردن
(5) حاڵەتی هەرەشە
(7) حاڵەتی دەستبەسەركردن لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەری
(8) هێرش و لێدان
(9) حاڵەتی دەستبەسەركردن بە بێ فەرمانی دادگا
(11) حاڵەتی دەستبەسەركردنی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسان
(3) هێرشی ئەلیكترۆنی
(2) كەیسی هەراسانکردنی كچان و ژنانی لەناو دەزگاكانی میدیا.

سەنتەری میترۆ لە كۆتایی مانگی شوبات لەگەڵ دەسپێكردنی پلانی حكومەت بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا داوای لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان كرد لە قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشی "كۆرۆنا" پاڵپشتی هەڵمەتی نیشتیمانی بكەن بۆ خۆپارێزی لەم پەتایە و بڵاوكردنەوەی رێنمایی وهۆشیاری خۆپارێزی تەندروستی، نەبنە سەكۆیەك بۆ بەرهەمهێنانی ترس و پروپاگەندە، پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستن.

میدیاكانی كوردستان، لەماوەی 4 مانگی رابردوو كە ماوەی قۆناغی رێوشوێنەكانی خۆپارێزییە لە هەرێمی كوردستان، لە بری ئاسانكاری زیاتر بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و پەیامنێرەكانی، دامەزراوە جۆراجۆرەكانی حكومەت لە هێزی چەكدارو مەدەنییان فشاری زیاتریان خستە سەر رۆژنامەنوسان، تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا ئۆباڵی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوانی خستە سەر شانی هەندێ دەزگای میدیا دیارترینیان كەناڵەكانی سەر بە ئۆپۆزیۆنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان.

ئەم رێگری و فشارانە لە كاتێكدایە كە لەم قۆناغەدا زۆرینەی میدیای بینراو، بیستراو، ئەلیكترۆنی، رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی، بە زانیاری دروست بەشداربوون لە هەڵمەتی خۆپارێزی ئەركی پیشەیی خۆیان جیبەجێكردوە، دویان رۆژنامەنوس خۆیان خێزانەكانیان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون. ئەمەش جێگەی ستایشە نەك سەرزەنشت و پەلاماردانی مافەكانیان.

لەناو ئەم بارودۆخەدا جیاكاری و هەراسنكردنی ژنانی و كچانی رۆژنامەنوس بەردەوام بوو، میترۆ هەندێ كەیسی هەستیاری وەرگرتتوە كە پەیوەندی بە هەراسانكردنی كچان و ژنانی رۆژنامەنوسەوە هەبووە لە ناو دەزگانی میدیای كوردستانی.

هەروەها سەرنجی داوە كە ناهاوسەنگییەكی تەواو هەیە لە بەشداری ژنان لەناو هەواڵ و راپۆرت و بەرنامەكانیادا، داوا دەكەین هەنگاو بنێن بەرەو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ پرسەكانی جێندەر، بەشدارییەكی هاوسەنگ هەبێت چونكە ژنان و كچان لە هەموو بوارەكانی قۆناغی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنادا رۆڵی گرنگیان هەبووە.

میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات:
• گرەنتی ئازادی رۆژنامەگەری بكەن كە بەپێی یاسای كاری رۆژنامەوانی رێكخراوە لەپاڵ یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری و بەهیچ شێوەیەك بەربەست نەخەنە بەردەم ئازادی كاری رۆژنامەنوسان.

• ئازادی بیروڕا و رادەربڕین بەشێوەیەكی مەدەنییانە مافێكی سروشتی و یاساییە ناكرێت بەهیچ پاساوێك پێشێلبكرێت.
• دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی پێویستە رۆڵی خۆیان بگێڕن لە پاراستنی سەروەری یاسا و دادگاییكردنی سەرپێچیكەران بەرامبەر رۆژنامەنوسان.

• كۆسپەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنوس لەگەیشتن بەسەرچاوەی زانیاری لاببرێت.
•جیاكاری لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا نەكرێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، بەڵكو رێگە بەهەموو میدیاكان بدرێت بەبێ‌ بەربەست روماڵی ئەو هەواڵ و روداوانە بكەن كە جێی بایەخی خەڵكن.

• پێویستە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوەو ئازادی بیروڕا نەمێنن.
• جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت.
لە بارەی میترۆوە:

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.

میترۆ بە پێی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2011 دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.

لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی كردوە. بۆ ساڵی 2020 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزراەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و Intenews ، جێبەجێدەكات.

بۆ پەیوەندی:
07701528887 بۆ عەربی
07700004147 بۆ كوردی