روونكردنەوەیك بۆ رای گشتی




لە رۆژانی رابردوو، لەگەڵ دەسپێكردنی نارەزایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان ولە چەند بۆنەیەكی هاوشێوەی تریش، چەندین بەرپرسی حكومی وحزبی پەیوەندی بە سەنتەری میترۆوە دەكەن، وەك رەخنە گرتن پێمان دەڵێن: ئێوە جیاوازی لە نێوان رۆژنامەنوس وچالاكوانی مەدنی ناكەن. دەڵێن: ئەو رۆژنامەنوسانەی ئێوە بەرگرییان لێدەكەن وەك بەشداربووی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت دەستبەسەر كراون نەك وەك رۆژنامەنوس.
سەنتەری میترۆ رایدەگەینێت:
زۆینەی رەهای ئەو رۆژنامەنوسانەی کە دەستبەسەر كراون بەشداربووی خۆپیشاندان نەبوون وبەئەرکی رووماڵكردنی خۆپیشاندان هەستاون.
بەڵام وەک مافێکی بنەڕەتی، کە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان زامنیان کردووە، رۆژنامەنوس وەك هەر چین وتوێژێكی كۆمەڵگا بۆی هەیە ئازادانە بەشداری خۆپیشاندانی ئاشتییانە بكات. هەروەها یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانی هەرێم هیچ مادەیەكی تیا نییە ئەو مافە لە رۆژنامەنوس زەوت بكات. جا ئەو خۆپیشاندانە بۆ مافە پیشەییەكانی خۆی بێت، یان دژ بەبەزاندنی سنوری هەرێمی كوردستان بێت، یان بۆ پاراستنی ژینگە... هتد.
رێگری لەو مافە پێشێلكردنی مافی مرۆڤە. ئێمە بەرگری لەمافی مرۆڤ لە رادەربڕینی ئازادانە ومافی خۆپیشاندانی هێمنانە دەکەین.
كە رۆژنامەنوسێك لە خۆپیشاندانێكی مەدەنی ئاشتیخوازانەی مۆڵەت پێدراو یان مۆڵەت پێنەدراو دەستگیردەكرێت، وەك هەر هاوڵاتییەكە كە مافی خۆپیشاندانی لێ زەوتدەكرێت. وەك چۆن دەستگیركردنی مامۆستایەك، كرێكارێك یان فەرمانبەرێک زەوتكردنی مافیانە لە خۆپیشاندن وگردبوونەوەی ئاشتیخوازانە.
ئێمەپێمانوایە دەبێت لێپرسینەوە لە خاوەن بریارەكانی هێزی ئاسایشی ناوخۆ بكرێت كە لەبری ئەوەی فەراهەمهێنەرو پارێزەری مافی خۆپیشاندانی هێمنانەبن فەرمان دەدەن، بە زەبروزەنگ مامەڵە لەگەڵ گردبوونەوەی مەدەنی و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە بكرێت.
سەنتەری میترۆ
سلێمانی
22ی ئابی 2020



PM:12:24:22/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌