نوێنەرانی كورد لە لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور:رێگە نادەین دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان كەمبكرێتەوە
راپۆرتی، جێگر خدر
نزیكەی ساڵێكە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لیژنەیەكی لەسەر ئاستی سەرۆكی فراكسیۆنەكان بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور پێكهێناوە، كە تێیدا شەش كورد نوێنەرایەتی فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەن، ئەو نوێنەرانە تەئكیددەكەنەوە «رێگە نادەین دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان كەمبكرێنەوە».
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە مانگی 10ی ساڵی 2019 لە دانیشتنێكدا، بەپێی مادەی 142 متمانەی بەخشی بەو لیژنەیەی بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور پێكهێنرابوو، لە مانگی 11ی هەمان ساڵدا ئەو لیژنەیە كە لە 18 نوێنەر لەسەر ئاستی سەرۆكی فراكسیۆنەكان و سەرۆكی لیژنەی یاسایی پێكهاتبوو، دەستی بەكارەكانی كرد.
کارەکانی لیژنەکە
د.جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە هاوكات ئەندامی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستووریشە، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كاری ئەو لیژنەیە بەپێی ئەوكاتەی بۆی تەرخانكرابوو، دەبوو لە ماوەی چوار مانگدا تەواو بكرایە، بەڵام پێكهێنانی حكومەت و پەتای كۆرۆنا و كۆمەڵێك پرسی هەنووكەیی كارەكانی دواخست، ئەگەرچی لەسەرەتادا كاری باشی لەسەركرا، وتیشی: بەوپێیەی نەتوانرا لەماوەی ئەو چوارمانگەدا لیژنەكە كارەكانی رایی بكات، ئێستا بەردەوام بوونی كارەكانی لیژنەكە كەوتۆتە سەر ئەنجومەنی نوێنەران، لەوێ بڕیار دەدرێت بەردەوام بێت، یان بسپێردرێت بە لیژنەیەكی دیكە، راشیگەیاند: ئەگەر كارەكانی ئەو لیژنەیەش بوەستێنرێت، بۆ دروستبوونی هەر لیژنەیەكی دیكە، كورد بەشدار دەبێت و رێگە نادرێت دەسەڵاتەكانی هەرێم كەمبكرێنەوە.
یەكدەنگیی كورد گرنگە
د.عەبدولباری مودەریس سەرۆكی فراكسیۆنی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران و نوێنەری كورد لە لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە ئەگەری هەمواركردنەوەی دەستوور و بەپێی ئەو مادە دەستوورییانەی كە هەن، كورد هیچ زیانێكی پێناگات، راشیگەیاند: یەكدەنگیی كورد، زامنی دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانمان دەبێت.
دەكەوێتە خولی داهاتووی نوێنەرانەوە؟
لە پاش تەواوكردنی كارەكانی ئەو لیژنەیە، ئەنجامی كارەكانی بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكایەتیش لە دانیشتنێكدا دەیخاتە دەنگدانەوە و دوای ئەوە دەچێتە قۆناغی راپرسییەوە، بەڵام د.جوان ئیحسان بە پرۆسەیەكی زەحمەت ناویدەبات، د.عەبدولباریش «بە دوری دەزانێت لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا بچێتە قۆناغی راپرسییەوە».
-knwe