لەسەر نوسین پێنج رۆژە ئەندامێكی سەندیكای رۆژنامەنوسان لە گرتوخانەیە




سەنتەری میترۆ داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق (بەرهەم ئەحمەد صالح) دەكات، لە رێی پارێزەرەكانی ئەو داوایەی لەسەر سەرۆكی ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنوسان بەهرۆز جەعفەر تۆماری كردوە، بكشێنێتەوە. بەهرۆز جەعفەر، سەرۆكی ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، لە 22ی ئەیلول لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئەزمڕ لە شاری سلێمانی، لەسەر داوایەكی پارێزەری سەرۆك كۆماری عێراق، راگیرا. ئەمە پێنجەمین رۆژە ئەو رۆژنامەنوسە لە گرتووخانەی تەسفیراتی سلێمانی لە هۆڵێكدا لەگەڵ دەیان راگیراوی ترە، پەیتا پەیتا راگیراوەكانی تر بە "كەفالەت" ئازاد دەكرێن، بەڵام بۆ بەهرۆز جەعفەر، تا هەنووكە وەك مافێكی یاسایی" كەفالەت"ی بۆ دەستبەرنەكراوە. ئەمە لە كتێكدایە كە دۆسییەی رۆژنامەنوسان و ئەوەی پێی دەوترێت "تاوانەكانی بڵاوكردنەوە" دەبێت بە پێیی یاسای ژمارە (35) ی ساڵی 2007، مامەڵی لەگەڵدا بكرێت نەك یاسای سزادانی عێراقی، كە رێوشوێنەكانی توندترن بۆ شكاتلێكرا. پەنابردن پەنا بۆ یاسای ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩، كە ماددەی(٤٣٣)ی یاساكە كە باس لەناو زڕاندن دەكات، رێگە خۆشدەكات بۆ "دادوەران" كە شكاتلێكراو، بۆ چەند رۆژێ یان هەفتەیەك یان زیاتر راگرن. سەرباری داواكردنمان بۆ گۆرینی دۆسییەی بەهرۆز جەعفەر لە یاسای سزادانی عێراقییەوە بۆ یاسای ژمارە 35ی رۆژنامەگەری، بەڵام ئەمرۆ یەك شەممە "كەفالەت" بۆ بەهرۆز جەعفەر رەتكرایەوە، برایەوە بۆ شوێنی راگیراون لە تەسفیراتی سلێمانی. سەنتەری میترۆ داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ئەحمەد صالح دەكات، وەك پارێزەری دەستوور، لە رێی پارێزەرەكانیەوە ئەو داوایەی لەسەر بەهرۆز جەعفەر، بە تەواوەتی بكشێنێتەوە. جەخت لەسەر لێدوانی پێشوومان دەكەینەوە كە مافی هەر كەسێكە لەكاتێكدا هەست دەكات هەر نوسەر، رۆژنامەنوس چالاكوانێك ، ناوی زڕاندووەو هەواڵی ناراستی دەربارەی كارەكانی بڵاوكردۆتەوە پەنا بۆ یاسا ببرێت، كە بەلای ئێمە ئەو یاسایە یاسای رۆژنامەگەرییە نەك یاسایەكی تر. بەڵام باشترە لەكاتی لادان و تاوان و خاپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن كارمەندی بواری گشتی، كە یاسا رێگەی داوە ئەو كارانەیان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت، بۆیە باشتر لە بری سانسۆرو هەرەشە رێوشوێنە یاساییەكان، ئەو كەسانە رێگەی وەڵامدانەوە و روونكردنەوە هەڵبژێرن، با بەرپرسانی حزبی و حكومی رەخنە قبوڵ بكەن و وەك فاكتەرێكی باشتركردنی كارەكانیان لێی بڕوانن. لەماوەی مانەوەی مانەوەی (بەهرۆز جەعفەر)، گرتوخانەی تەسفیراتی شاری سلێمانی، هەر یەك لە كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسانی ئەمریكی، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، رێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنور، سەنتەری میترۆ، لەبارەی شكاتەكەی سەرۆك كۆماری عێراق، بەیاننامەیان دەركردوەو داوایان كردوە ئەو نوسەرە ئازاد بكرێت.



PM:05:58:27/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 1216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌