لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا و ناچاركردنی هاوڵاتییان بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بمێننەوە، بەشێكی زۆری كۆمپانیاكان ناچاربوون كارمەندەكانیان بنێرنەوە ماڵەوە و كارەكانیان بكەن بە ئۆنلاین، لەونێوەندەشدا ژنان بە زەرەرمەندی یەكەم لەو پرۆسەیە دەبیندران، چونكە تێكەڵبوونێك لەنێوان ئەركی ماڵەوە و كارەكانیان دروستبووە، وەك پێگەی ڕۆی باسی كردووە.
بەڵام ڕایەكی جیاواز دروستبووە و هەندێك ژن لە توێژینەوەیەكدا كە سەنتەری ژنانی خاوەنكار لە كۆلێژی بزنسی زانكۆی ڕۆجێرز لە كەنەدا ئەنجامیداوە، ئاشكرایان كردووە، ئێستا ئاسودەترن كە لە ماڵەوە كاردەكەن، بەراورد بە پێش كۆرۆنا كە لە ئۆفیس كاریان كردووە.
توێژینەوەكەی ئەو سەنتەرە ئەوەشی ئاشكراكردووە، ڕەزامەندی ئەو ژنانە لە كاركردن لە ماڵەوە دەگەڕێتەوە بۆ تەنها خاڵێك، ئەویش هاوكاریكردنی هاوسەرەكانیانە لە كاری ماڵەوە و چاودێریكردنی منداڵەكانە.
ئەوانەی هەستاون بە توێژینەوەكە ئاشكرایانكردووە، "بۆمان دەركەوتووە كە هاوكاریكردنی پیاوان بۆ ژنەكانیان لە ماڵەوە وای كردووە ژنان لەكارەكانیان ڕازی بن و بەرهەمیان باش بێت، باوكەكان ڕۆڵێكی گەورەیان هەیە لە چاودێریكردنی منداڵەكان و كاروباری ماڵەوە، ئەوەش بەرهەمی كاری زیاد كردووە".
لەو توێژینەوەیەدا كە لەڕێی ئینتەرنێتەوە سازكراوە، هەزار و 500 ژن بەشدارییان تێدا كردووە، یەكێكی دیكە لە دەرئەنجامەكانی توێژینەوەكە ئەوەبووە، كە پیاوان تێگەیشتوون لە شێواز و قورسی كاری ڕۆژانەی ژنان.
-esta.krd