دادگا بڕیاری ئازاد كردنی به‌ده‌ل به‌رواری داوه‌ به‌ڵام ئازاد ناكرێت
PM:02:46:08/10/2020

سنور ميديا 

لەگەڵ ئەوەی بە نوسراوێک ماوەی چوار رۆژە دادگای تاوانەکانی دهۆک بڕیاری ئازادکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری داوە، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە.

 

بەپێی نوسراوەکە، رۆژی 4ی ئەم مانگە دادگا بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دهۆک، کە بڕیاری دابوو بە رەوانەکردنی بەدەل بەرواری بۆ دادگای تایبەتمەند لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.

 

لە بڕیارەکەی دادگادا ئەوەش هاتووە، ئەوەی مامۆستا بەدەل بەرواری کردوویەتی دەربارەی داواکردنی مووچەیەی مامۆستایانە و ناچێتە چوارچێوەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، بەڵکو دەچێتە چوارچێوەی رەخنەگرتن و ئازادی بیروباوەڕەوە.

 

دادوەر لەتیف مستەفا (حاكم شێخ له‌تیف)، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، کە سەرەڕای بڕیاری ئازادکردنی، بەڵام تا ئێستا مامۆستا بەدەل بەرواریی ئازاد نەکراوە و لە زیندان هێڵدراوەتەوە و بەپێی زانیارییەکانیش دۆسیەی دیکەیی بۆ کراوەتەوە.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو رۆژی 22ی مانگی رابردوو دادگایکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری بەرێوەبچێت، بەڵام پارێزەراکانی رایانگەیاند، کە ئەوان بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەیان تەمیزکردووە و داوای داخستنی دۆسیەکەیان کردووە.

 

ماوەی 53 رۆژە مامۆستا بەدەل بەرواری چالاکوان و سەرۆکی گروپی کوا پاشەکەوتی من، لە دهۆک بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و هاندان بۆ خۆپیشاندان دەستگیرکراوە، پێشتریش لەسەر دۆسیەیەکی دیکە دادگایی کرا و بە کەفالەت بڕیاری ئازادکردنی درا، بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆسیەی دووەمی بۆ کرایەوە دادگا بڕیاریدا لە زیندان بمێنێتەوە و تا ئێستاش لە زیندانە.