دانییلا بێل: راپۆرتەكانی میترۆ بەناوبانگ و متمانە پێكراوک
PM:05:29:15/10/2020

سەرۆكی ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ لە یونامی و نوێنەرایتی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوەیەكگرتووەكان،رایگەیاند میترۆ لە رێگەی راپۆرتەكانییەوە خزمەت بە فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەگەری دەكات راپۆرتەكانیان بەناوبانگ و متمانە پێكراوە.
ئەمرۆ لە ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، دانییلا بیل سەرۆكی ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ لە یونامی، زیتۆ سیانی بەرپرسی مافەكانی مرۆڤی یونامی لە كوردستان، لەگەڵ سەنتەری میترۆ، محمد معروف نوێنەری رێكخراوی DHRD، رۆژنامەنوس رێبوار ئەورەحمان نوێنەری NRT, رۆژنامەنوس ژینۆ محمد، رۆژنامەنوس هێمن مامەند، رەوان سالم چالاكوانی مافی مرۆڤ، كۆبۆوە.
سەرەتا رێكخەری سەنتەری میترۆ خۆشحاڵی دەربری لە سەردانی دانییلا بێل وەك نوێنەرایتی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوەیەكگرتووەكان، پاشان باسی لە رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی و رادەربڕینی كرد لە هەرێمی كوردستان و راپۆرتەكانی سەنتەری میترۆ دەربارەی ئەو پرسانە.
سەرۆكی ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ لە یونامی لە سەرەتای كۆبونەوەكە ووتی" میترۆ لە رێگەی راپۆرتەكانییەوە خزمەت بە فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەگەری دەكات راپۆرتەكانیان بەناوبانگ و متمانە پێكراون" جەختیكردەوە " ئەو سەردانە گوزارشتە لە پابەندبوونمان بە پرنسیپەكانی مافەكانی مرڤ و پەرۆشیمان بۆ گوێگرتن لە كێشەكانتان"
هەروەها هەر یەك لە نوێنەری رێكخراوی DHRD پارێزەر محمد معروف، رۆژنامەنوس رێبوار ئەورەحمان نوێنەری NRT، رۆژنامەنوس ژینۆ محمد، رۆژنامەنوس هێمن مامەند، رەوان سالم چالاكوانی مافی مرۆڤ، باسیان لە پرسەكانی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و خۆپیشاندان كرد.