بەهۆی تەلەفۆنێكەوە ژیانی ڕۆژنامەنووسانی عێراق دەكەوێتە مەترسییەوە




 پێنجشەممە ڕوانگەی عێراق بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانی هۆشداری دا لەوەی ژیانی ژمارەیەك ڕۆژنامەنووسی وڵاتەكە كەوتووەتە مەترسییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی تۆماركراوی هیشام هاشمی ڕۆژنامەنووس و نووسەری كوژراوی عێراقیدا ناویان هێندرابوو.


ڕوانگە عێراقییەكە كە سەر بە سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراقە، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە نیگەرانییەكی گەورە و قووڵیان هەیە لەوەی بە بڵاوكردنەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنیە تۆماركراوەكەی هیشام هاشمی و كەسێكی نەناسراو، ژیانی ژمارەیەكی تری رۆژنامەنووسانی عێراق بكەوێتە مەترسییەوە.


ئاماژەشی بەوە داوە كە لەم پەیوەندییە تەلەفۆنیەی بڕیارە هەریەك لە كەناڵەكانی "ئەلحورە" و ئەلعەرەبیە" بڵاوی بكەنەوە، ناوی ژمارەیەك رۆژنامەنووسی دیاری عێراق دەهێندرێت.


بەم هۆیەوە سەندیكا عێراقیەكە داوای لە هەردوو كەناڵی ئەلحورە و ئەلعەرەبیە كردووە تۆمارە دەنگییەكە بڵاو نەكەنەوە، دەنا دەبێتە هۆی هاندانی كوشتنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ناویان تێدا دەهێندرێ.


جێی باسە هیشام هاشمی بەر لە چەند هەفتەیەك لە ناوەڕاستی بەغدا لەبەردەم ماڵەكەیدا كوژرا، سەرەڕای هەبوونی تۆماری ڤیدیۆیی كوشتنەكە، تا ئێستا حكوومەتی بەغدا نەیتوانیوە بكەرانی تاوانەكە و هۆكارەكەی ئاشكرا بكات.

-basnews


PM:07:46:23/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌