رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور نامەی دەستخۆشی و رێزلێنان پێشکەش بە رووداو دەکات بەمەبەستی دەربڕینی سوپاس و پێزانینی کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگی رۆژی نیشتمانیی ئەو وڵات بەشێوەیەکی هاوبەش لەنێوان رووداو و کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر.
رۆژی پێنج شەممە 22ی ئۆکتۆبەر چۆی کوانجین، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەولێر سەردانی بنکەی سەرەکیی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و نامەیەکی دەستخۆشی و رێزلێنانی کۆنسوڵخانەکەیانی پێشکێش بە ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2020 تۆڕی میدیایی رووداو و کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور
بەشێوەیەکی هاوبەش و جیاواز لە ساڵانی پێشووتر مەراسیمی رۆژی نیشتمانیی کۆمارەکەیان بەڕێوەبرد. مەراسیمەکە لە پارکینگی ئۆتۆمبێل بەڕێوەچوو و میوانەکان بە ئۆتۆمبێلی خۆیانەوە چوونە ناو مەراسیمەکە و هەر لەناو ئۆتۆمبیلەکانی خۆیانەوە بەشداریی مەراسیمەکەیان کرد و تەماشای ستەیجی گوتارەکان و سکرینی بڕگە جوان و جیاوازەکانی مەراسیمەکەیان کرد، هاوکات لەڕێگەی فریکوێنسی رادیۆی رووداوەوە میوانەکان و گوێبیستانی رادیۆی رووداو راستەوخۆ گوێبیستی گوتارەکان و بڕگەکانی مەراسیمەکە دەبوون، هەروەها بینەری تەلەڤزیۆنی رووداویش لەڕێگەی فلای کام و تیمەکانی رووداوەوە بینەری رووماڵی راستەوخۆی مەراسیمەکە بوون.
لەکاتی سەردانەکەی بۆ بنکەی سەرەکیی تۆڕی میدیایی رووداو، چۆی کوانجین، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریا بە بەڕێوەبەری گشتیی رووداوی راگەیاند، لە زیاتر لە 200 نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی کۆریای باشوور لە وڵاتانی جیهان، تەنها مەراسیمی کۆنسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەیان لە هەولێر گوازراوەتەوە لەلایەن میدیای کۆریاوە، بەتایبەتی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (KBS)ی کۆری کە کەناڵێکی زۆر بەناوبانگە لە کۆریا، بینەرێکی زۆری هەیە و ناسراوە بە کەناڵی خزمەتی گشتی.
کەناڵی (KBS) لە ساڵی 1961 یەکەم پەخشی تەلەڤزیۆنیی خۆی دەسپێکرد و لە ساڵی 1973 کرا بە تەلەڤزیۆنی خزمەتی گشتی و لە ساڵی 1994 پەخشکردنی رێکلامی راگرت. کەناڵی (KBS) بە باوەڕپێکراوترین کەناڵی تەلەڤزیۆنیی کۆریا هەژمار دەکرێت و 11 نووسینگەی هەیە لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان، لەوانەش وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، چین و ژاپۆن.