لە نوێترین توێژینەوە دەركەوتووە، كە ڕاگەیاندن مەترسی گەورەی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی دروستكردوە، لە توێژینەوەیەكی نوێدا، وەك وەك نامەی ماستەر پێشكەش بەبەشی كۆمەڵناسی لە زانكۆی سەڵاحەددین كراوە و، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكەوتی (26/10/2020) لە هۆڵی فەرهادی كۆلێژی ئاداب لەلایەن لێژنەیەكی زانستی هەڵسەنگاندنی بۆ كرا و، بەپلەی (نایاب) پەسند کرا، باس لەو مەترسیانە دەكات كە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی دروست بوو.
لە توێژینەوەكەدا، كە بەناونیشانی (مەترسییەكانی ڕاگەیاندن لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی/ تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بەنموونە) لەلایەن خوێندكاری خوێندنی باڵا (هێمن ئەمین شوانی) ئامادەكراوە، لە سەرەتادا توێژەر ئاماژەی بەوەكردوە "كە لە سەردەمی ئەمڕۆدا، كه بهسهردهمی جیهانگیری و سهرههڵدانی شۆڕشی چوارهمی پیشهسازی دادهنرێ، كۆمهڵگهكان ڕووبهڕووی ئاڵنگاری گهوره بونهتهوه بۆ چۆنیهتی مامهڵهكردن لهگهڵ گۆڕانكارییه تازهكان، بەتایبەت ئەو گۆڕانكارییانەی لە بواری گەیاندن و پەیوەندیكردن هاتۆنەتە ئاراوە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە ناویاندا فەیسبووك وەك ئامرازێكی نوێی ڕاگەیاندن بۆتە یەكێك لە ئامرازە گرنگەكانی پەیوەندیكردن، كە ژمارەی بەكارهێنەرانی لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی كوردستان لە فراوانبووندایە، ئەم تۆڕە بەهۆی تایبەتمەندییەكانی بۆ زۆر مەبەست بەكار دەهێندرێت، بەڵام زۆر جار بە هۆی خراپ بەكارهێنانی گرفت و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی دروست دەكات".
توێژەر دوای دەستنیشانكردنی ئامانجەكان و پێناسەكردنی چەمكەكان، لە ڕوانگەیەكی زانستیەوە باسی لە ئەركەكانی ڕاگەیاندن بەشێوەیەكی گشتی كردوە، هەروەك ئاماژەی بەڕاگەیاندنی ئەمنیی (پۆلیس و ئاسایش) كردوە، بەتایبەت ئەركی ڕاگەیاندن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، دواتر باسی لە ڕەهەند و كۆڵەگەكانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی كردوە، لە بەشێكی دیكەی توێژینەوەكەدا توێژەر باسی لەو مەترسیانە كردوە، كە فەیسبووك وەك ئامرازێكی نوێ ڕاگەیاندن لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە كوردستان دروستیكردوە، بۆ ئەوەش نموونەی بەچەندین هەواڵ و بەدواداچوون هێناوەتەوە، كە لەلاپەڕەی كەناڵە ئاسمانیە كوردییەكان و دامەزراوە ئەمنیەكان لە فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە، لەگەڵ سەرجەم ئەو لاپەڕانەی كە بەناو و ناونیشانی جیا لە فەیسبووك ناویان هەیە.
لە بەشێكی دیكەی توێژینەوەكەدا، كە تەرخانكراوە بۆ لایەنی مەیدانی توێژینەوەكە، توێژەر بەپشت بەستن بەفۆرمێكی زانستی و سوود وەرگرتن لە ئامراوە ئامارییەكان بۆ شیكردنەوەی داتا و زانیارییەكان گەیشتۆتە چەندین ئەنجام و، دەركەوتووە ڕاگەیاندن مەترسی گەورەی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی دروستكردوە، ڕەگەزی نێر زیاتر لە ڕەگەزی مێ دركیان بەو مەترسیانە كردوە، لە ڕووی كۆمەڵایەتیەوە فەیسووك وەك ئامرازێكی نوێی ڕاگەیاندن كێشە و گرفتەكانی كۆمەڵایەتییەكانی وەك (جیابوونەوە، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، توندوتیژی خێزانی، خۆكوشتن، تاوان، لادان...هتد) زیادكردووە، لەهەمان كاتدا شارچێتی زیادكردوە و یەكانگیری كۆمەڵایەتی لاوازكردوە، هەروەك قەیرانی سیاسی و ناكۆكی سیاسی لە نێوان پارت و لایەنە سیاسیەكان قوڵتر و زیاتر كردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاگەیاندن بۆتە هۆكاری لاوازبوونی متمانەی هاوڵاتیان بەدامەزراوە حكومیەكان، لەهەمان كاتدا توێژینەوەكە لە ڕووی ئایینی و دەروونی و تەندروستی و ئابووری و سەرجەم لایەنەكانی دیكەی ژیان گەیشتۆتە چەندین دەرئەنجامی گرنگ...هاوكات لە كۆتایدا چەندین پێشنیازی بۆ پاڕلەمان و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرزكردۆتەوە بەئامانجی چارەسەركردنی گرفتەكان و دانانی میكانزمی نوێ بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە كوردستان.
ناوی سیانی وپلەی زانستی
لێژنە
1. پ.ی.د. نەژدەت صبری ئاكرێی, ئاسایشی نەتەوەیی وەزارەتی, خوێندنی باڵا سەرۆك
2. پ.ی.د. هیرش رهسول مراد, كۆمهڵناسی ڕاگهیاندن, زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئەندام
3.م.د.زانا ئەحمەد بیرداود, كۆمەڵناسی تاوان, زانكۆی سەڵاحەددین ئەندام
4. پ.د.طاهر حسۆ زێبار, كۆمەڵناسی سیاسی, زانكۆی سەڵاحەددین, ئەندام و سەرپەرشتیار