K24 - هەولێر
"كوردستان24 لە قۆناغی داهاتووی كاری میدیایی خۆیدا، بە چەندین بەرنامەی نوێ، بوڵتەنی هەواڵی جیاواز، ستایل و نێوەڕۆكێكی دەوڵەمەندتر، تەكنیكێكی تازەتر و ئامادەیی فراوانتری لە سەرتاسەری دونیا، پلانێكی هەمەلایەنە پەیڕەو دەكات و هەوڵدەدات وێنەی میدیای كوردستان بگەینێتە ئاستێكی سەنگینتر و باڵاتر"، ئەمە گوتەی سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی کوردستان24ـە لە پێنجەمین ساڵیادی پەخشی تەلەڤزیۆنی کوردستان24.
ئەمڕۆ شەممە (31-10-2020) پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24 کە لە 31-10-2015 وەك کەناڵێکی ئاسمانیی پێشەنگ لە میدیای کوردستاندا دەستبەکار بوو.
محەمەد حاجی کەریم، سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی کوردستان24 رایگەیاند "بەر لە هەر شتێك ئەوەی لای كوردستان24 لە كاری رۆژانەی خۆیدا، لە سەرووی هەموو شتێكە، پابەندبوونیەتی بە بنەما پیشەییەكان، هاوسەنگی، بابەتیبوون و كاركردن لە چوارچێوەی پرەنسیپی بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتی".
كوردستان24 متمانەی بینەر و بیسەر و خوێنەرەكانی بەلاوە زۆر گرنگە و میدیاكارەكانی بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە مامەڵە دەكەن. هەر بۆیەشە وەك دامەزراوەیەكی نیشتمانی ناسراوە و رۆڵ و كاریگەریەكەشی بەرچاو بووە.
سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی کوردستان24 هەروەها دەڵێ "ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە كوردستان24 لە ماوەی پێنج ساڵی كاركردنیدا، توانیویەتی لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێرانی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیا و رۆژئاوای كوردستان و ئێران و رووسیا و وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئامادەییەكی بەرچاوی هەبێت، نەك تەنها لە هەواڵەكانی پەیوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵكو زۆر جار لە گواستنەوەی هەواڵی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكەش لە پێش كەناڵەكانی خودی ئەو وڵاتانە بووە و بووەتە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو. بۆیە زۆر جار ئاژانسە بەناوبانگەكانی تایبەتمەند بە هەواڵ، پشت بە وێنە و ڤیدیۆكانی كوردستان24 دەبەستن و لای خۆیان پەخشیان دەكەنەوە. بۆ نموونە ئێستا كە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاین، لە رێگەی دوو بوڵتەنی تایبەتی رۆژانە و بەرنامەی ئەمەریكا بڕیار دەدات، توانراوە نوێترین زانیاری لە بارەی ئەو رووداوە گرنگە، بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەرانی كەناڵەكانمان بگوازینەوە و گرنگترین كەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسیەكانی ئەو وڵاتەش بدوێنین".
کوردستان24 لە دۆخێکی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی سەختی کوردستان دەستی بە کارکرد، بە گوتەی شارەزایانی بواری راگەیاندن، لەوانەش تۆڕی میدیایی فرانس24، کە راهێنانیان بە ستافی تەلەڤیزیۆنی کوردستان24 کردووە، کوردستان24 توانیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات و هەم لەناوخۆی کوردستان و هەم لەدەرەوەدا ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی هەواڵ.
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 بەگوتەی خەڵک لەماوەیەکی کورتدا توانیی ببێتە یەکێک لە سەرەکیترین کەناڵە ئاسمانییەکانی کوردستان و سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری راست و دروست لەسەر رووداوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و زۆرجاریش بووهتە سەرچاوەیەك بۆ میدیای جیھانی.